close-icon

چوونەژوورەوە

ئێندگەیم ئێستا تەنها ٧ ملیۆن دۆلار لە داگیرکردنی تەختی بۆکس ئۆفیس دوورە

827 جار بینراوە

کوردسینەما - جەنگە بەردەوامەکە بۆ تەختی پڕداهاترینی بۆکس ئۆفیس لەنێوان فیلمی ئەڤاتاری جەیمس کامیڕۆن و ئەڤێنجەرز: ئێندگەیمی گەردوونی سینەمایی ماڕڤڵ خەریکە بەکۆتا دێت، ئەمەش لەکاتێکدایە کەوا ئێندگەیم ئێستا تەنها ٧ ملیۆن دۆلار لە پەڕاندنی ڕیکۆردە دە ساڵیەکەی ئەڤاتارەوە دوورە وەک پڕداهاترینی مێژووی سینەما.
هەرچەندە بە پێشبینی شارەزایانی بۆکس ئۆفیس بوایە، دەبوو فیلمەکە تاکو ئێستا داهاتەکەی ئەڤاتاری ڕەتدابایا، بەڵام شتەکان وردە وردە هێواشتر بوونەوە بۆ ئێندگەیم. سەرەڕای ئەوەی لە هاوینی ئەمساڵ، فیلمەکە لەسەر ئاستی ناوخۆی ئەمەریکا ئەڤاتاری تێپەڕاند، هێشتا لەسەر ئاستی جیهان نەیتوانیوە ئەم کارە بکاتەوە.
بە پێی ماڵپەڕی Variety، ئێندگەیم لەم هەفتەیەی بۆکس ئۆفیس داهاتی ٢.٨ ملیۆنژ دۆلار بووە و داهاتە گشتیەکەی گەشتۆتە ٢.٧٨ ملیار دۆلار و تەنها ٧.٢ ملیۆن دۆلار دوورە لە شکاندنی ڕیکۆردەکەی ئەڤاتار، هۆکاری سەرەکی چوونەوەی بینەران بۆ بینینەوەی فیلمەکە دەگەڕێتەوە بۆ ئەو پەیوەندیە بەهێزەی فیلمی سپایدەرمان:هۆمکەمین بە ئێندگەیمی هەیە.
سەرەڕای ئەوەی ئەم ڕیکۆردەی ئەڤاتار خۆرەکەی بەرەو ئاوابوونە، بەڵام دەبێ ئەوەش بگوترێ کە ئەستەمە هیچ فیلمێک هاوشێوەی ئەڤاتار ڕیکۆردی پڕداهاترینی مێژوو بۆ ئەم ماوە درێژە بگرێتەوە دەست، ئەمەش بەهۆی زۆربوونی زنجیرە فیلمەکانی ماڕڤڵ، ستار وۆرس، فاست ئاند فوریەس و چەندانی تر کە لە ئێستادا زۆربەی فیلمە پڕ هەواداراکان داهاتیان سەروو دوو ملیار، بە پێچەوانەی ساڵانی ٢٠٠٠ەکان، کە ڕوودانی شتێکی لەم شێوەیە موعجیزەیەک بوو.

 

نوسەری بابەت : ڕێبین کامەران