close-icon

چوونەژوورەوە

بێدەنگی وەک ڕەوانبێژی جەستە

987 جار بینراوە

کوردسینەما- دەرهێنەری ئیسپانی، پیدرۆ ئەلمۆدۆڤار، یەكێكە لە گرنگترین ناوەكانی سینەمای ئیسپانی و هاوكات سینەمای هاوچەرخی ئەورووپا. فیلمەكانی سەرنجی بینەرێكی زۆر ڕادەكێشن و خەڵاتەكانی فێستیڤاڵەكان دەماشنەوە. فیلمی (قسەی بۆ بكە - Talk To her) بەرهەمی ئیسپانیا- ساڵی 2002، بۆ چەندین خەڵاتی ئۆسكار پاڵێورا، بەڵام تەنها خەڵاتی باشترین سیناریۆی بردەوە كە ئەلمۆدۆڤار وەك نووسەری سیناریۆی فیلمەكە وەری گرت. ئەم فیلمە كە چواردەیەمین فیلمی ئەلمۆدۆڤارە و سێ ساڵ كاری تێدا كردووە، لە دوای فیلمی (هەموو شتێك دەربارەی دایكم) دروست كراوە كە ئەمەی دواییان ساڵی 1999 دروست كراوە و لە فێستیڤاڵی ئۆسكار خەڵاتی باشترین فیلمی بیانیی برده‌وە. فیلمی (قسەی بۆ بكە) فیلمێكی جوان و سەرنجڕاكێشە، هەستی بینەر دەجووڵێنێت و لێهاتوویی دەرهێنەر پیشان دەدات لە پێشكەشكردنی چیرۆكێكی ئاڵۆز لە چوارچێوەیەكی سادەدا، كە پشت بە پیشاندانی هەستەكان و مرۆڤ و كەشفكردنی ناخی مرۆڤ دەبەستێت، لە شێوازدا لە سوریالیزم نزیك دەبێتەوە كە بە گاڵتەجاڕی دەناسرێتەوە، بەڵام لە چوارچێوەی بونیادێكی تۆكمەی گێڕانەوەدا. فیلمەكە لە نزیكەوە باس لە دەركەوتە زۆرەكانی سۆز دەكات، بە تایبەتی هەستی ئارەزوو و شەیدایی كە لە بارودۆخێكی كۆنترۆڵنەكراودان. ئەم دەركەوتنانەش لە ڕێگه‌ی هاوڕێیەتیی بەهێز و گەرموگوڕی نێوان دوو پیاوەوە گوزارشتیان لێ دەكرێت، كە بە شێوەیەكی ڕۆمانسییانە هەستەكانی خۆیان دەربارەی سۆز و هاوڕێیەتی و خۆشەویستی دەردەبڕن، دەربڕینێكی سادە و ئازادانە و نەرم، بەبێ هیچ ئاڵۆزی و خۆپارێزی و ترسێك. لە سەرەتادا كامێرا سەرنج دەخاتە سەر دوو پیاو كە سەیری نمایشێكی سەما دەكەن، ئەم دوو پیاوە یەكدی ناناسن. پیاوی یەكەمیان (ماركۆ) دەكەوێتە ژێر كاریگەریی سەماكە و نمایشه‌ درامییەكەی، زۆر ڕاستگۆیانە و بەبێ شەرمكردن فرمێسك هەڵدەڕێژێت (دواتر بۆمان دەردەكەوێت بە ئەزموونێكی خۆشەویستیی شكستخواردووودا تێ پەڕیوە). پیاوی دووەمیان (بینینۆ) تیبینیی هەڵچوونی ئەم كاریگەرییە دەكات و هەستەكانی لەگەڵ ئەم سۆزە هەژاوەدا دەجووڵێن. ڕۆژی دواتر ماركۆ كە ڕۆژنامەنووس و نووسەر و گەشتیارێكی ئەرجەنتینییە، دەكەوێتە داوی خۆشەویستیی ژنە گابازێكەوە (مصارعة ثیران) بە ناوی لیدیاوە و بە بیانووی ئاماده‌كردنی ڕاپۆرتێكی ڕۆژنامەوانییەوە لەگەڵیدا خۆیی پێ دەناسێنێت. بینینۆ ئیسپانییە و وەك پەرستار كار دەكات، هەموو كاتی خۆی تەرخان دەكات بۆ چاودێریكردنی كچێكی جوان بە ناوی ئەلیسا، كە له‌ هۆش چووه‌، لەگەڵ ئەوەشدا وا قسەی لەگەڵ دەكات وەك ئەوەی ئەلیسا گوێی لە دەنگی بێت. دواتر لە ڕێگه‌ی فلاشباكەوە حەقیقەتی پەیوەندیی نێوان بینینۆ و ئەلیسامان بۆ دەردەكەوێت. بینینۆ (كە بۆ ماوەی چەند ساڵێك چاودێریی دایكە نەخۆشەكەی دەكات پێش ئەوەی بمرێت)، لە شوقەكەیەوە سەیری وانەی سەما دەكات، بە تایبەتییش سەیری ئەلیسا دەكات كە پرۆڤەی سەما دەكات. بەڵام ڕۆژێك سەیارە لە ئەلیسا دەدات و تووشی بێهۆشییەكی درێژماوەی دەكات، ئەلیسا هۆش و هەست و ئیرادەی خۆی لە دەست دەدات. لە بووكەشووشەیەك دەچێت و بینینۆ چاودێریی دەكات، بەردەوام قسەی لەگەڵ دەكات و لەسەر هەموو شتێكی تایبەت و گشتی لەگەڵی دەدوێت. پەیوەندییەكە پەیوەندییە لە دەرەوەی واقیع، لە دەرەوەی حەواس و لە دەرەوەی بەشداریكردن، پەیوەندییەكە لەسەر ئاستی وەهم و خەیاڵكردن. بینینۆ گوێ بەوە نادات كە كچە دەنگی نابیستێت و وەڵامی ناداتەوە و هەستی پێ ناكات. لەو سەروبەندەدا لیدیا، پاش ئەوەی گایەك بە شاخەكانی لێی دەدات، لە ناو گۆڕەپانەكەدا تووشی پێكان دەبێت. بە پەلە دەیگەیەننە هەمان نەخۆشخانە. لەوێدا جارێكی دیكە بینینۆ چاوی بە ماركۆ دەكەوێت و پەیوەندییەكی قووڵ لە نێوانیاندا دروست دەبێت. بینینۆ هەوڵ دەدات ماركۆ ڕازی بكات لەسەر ئەوەی بە هەمان شێوەی خۆی قسە لەگەڵ خۆشەویستەكەیدا بكات. بەڵام ماركۆ ناتوانێت وا بكات. بەڵكو هەست دەكات لیدیا كەسێكی نامۆ و نەناسراوە. ئەلیسا و لیدیا لە نێوان ژیان و مردندا و لە حاڵەتێكی تەواو خراپدا لە پانتایی نائامادەبوونێكی تەواودا دەمێننەوە، كە تەنانەت ئامادەبوونیش لە ڕاستیدا هیچ نییە جگە لە نائامادەبوون. ئێستا ئیتر دەبێت هەردوو پیاوەكە مەودای ئیمكانیەتی پەیوەندی و گونجان لەگەڵ بارودۆخە نامۆ و ئازاردەركەدا ببینن. ئەم حاڵەتەش بەرجەستەكردنێكی ڕاسته‌وخۆی ئەو نمایشە شانۆییەیە كە لە سەرەتای فیلمەكەدا بینیمان: دوو كچی سەماكەر كە پێیان لە شتەكانی سەر تەختەی شانۆكە هەڵدەكەوێت و بە ئێكسسوارەكاندا دەكێشن و دەكەونە سەر زەوی بەبێ ئەوەی ئاگایان لە دەوروبەری خۆیان بێت لە كاتێكدا دوو پیاو هەوڵ دەدەن بیانپارێزن و شتەكانی سەر ڕێگه‌یان لاببەن. دواتر بینینۆ لەگەڵ ئەلیسادا سێكس دەكات ئەگەرچی هێشتا بێهۆش و بێبەرگری و بێجەستەیە. پاشان، كاتێك ڕوون دەبێتەوە ئەلیسا سكپڕه‌، تۆمەتی لاقه‌كردن ئەلیسا دەدرێتە پاڵ بینینۆ و زیندانی دەكرێت. بینینۆ خۆی دەسووتێنێت، بەڵام ئەلیسا، بە هۆی شۆكی سكپڕبوونەكەیەوە بە شێوەیەكی چاوەڕواننەكراو چاك دەبێتەوە. لێرەدا كردەی سێكسكردن كردەیەكی نائەخلاقی و تۆقینەر و دڕندانەیە، چونكە ئەم سێكسكردنە تاكلایەنەیە و بەبێ ئاگاداریی ئەلیسایە. دەرهێنەر كردەی سێكسكردنەكە بەو شێوەیە پیشان نادات، چونكە وێنەی كردەكە ناگرێت، بەڵكو ئێمە پێی دەزانین. هەروەها وەك كردەیەكی توندوتیژانە پیشانی نادات، بەڵكو وەك نیشانەیەكی ڕۆمانسی و ڕووداوێكی پەرجووئاسا پیشانی دەدات كە دەبێت بە هۆی چاكبوونەوەی قوربانییەكە. خواستی سێكسكردن پاڵ بە بینینۆوە دەنێت سێكس بكات و بە ژیانی خۆی باجی ئەم سێكسە دەدات بەبێ ئەوەی بزانێت بە مەرگی خۆی ژیان دەكاتەوە بە بەری ئەلیسادا. بە مانایەكی دیكە، دەرهێنەر نە ئیدانەی دەكات و نە تەبرییەی دەكات، وەك ئەوەی نەیەوێت هەڵویست لە دژی وەربگرین و هاوسۆزیی بكەین. بەمەش وامان لێ دەكات لە هەستیاری و هەستناسكییەكەی بەرامبەر خۆشەویستەكەی تێ بگەین. لەبەر ئەمەشە كە وەك كەسێكی شەهوەتباز یان توندوتیژ پیشانی نادات، بەڵكو وەك كەسێكی هاوسەنگ پیشانی دەدات، كە بە دڵسۆزی و لە خۆبوردووییەوە ژیانی خۆی بۆ ئەوانی دیكە تەرخان كردووە. دوو كەسێتییە سەرەكییەكە لە زۆر لایەنی دیاردا لە یەكدی جیاوازن. ماركۆ كەسێكی شارەزا و بەئەزموونە لە ژیان و پەیوەندیی خۆشەویستیدا و كەسێتییەكی بەهێزی هەیە، بەڵام ئەوەندە هەستناسكە، كە به‌بێ ئه‌وه‌ی شەرم بكات، فرمێسك هەڵدەڕێژێت، بەو مانایەی بە جەستە نێرە و بە سۆز مێیە. بە مانایەكی ڕاستتر، لە یەك كاتدا هەردوو لایەنی نێرینە و مێینەی تێدایە بەبێ ئەوەی ببنە مایەی سەرئێشە. بەڵام بینینۆ كەسێكی كەمئەزموونە، سیما و هەڵسوكەوتەكانی لە منداڵ دەچن، تەنها لە ڕێگه‌ی خەیاڵەوە دەتوانێت پەیوەندی دروست بكات. سەرەڕای ئەوەش، پەیوەندییەكی هاوڕێیەتیی قووڵ و جوان و زۆر ناسك لە نێوانیاندا دروست دەبێت. لە كۆتاییدا (پاش ئەوەی بینینۆ خۆی دەكوژێت) ماركۆ دەگوێزێتەوە بۆ شوقەكەی بینینۆ و بە هەمان شێوەی هاوڕێكەی سەیری ئەلیسا دەكات لەو كاتەدا كە پرۆڤه‌ی سەما دەكات، بەڵام كاتێك لە كۆتاییدا یەكدی دەناسن، بوێرترە و پەیوەندیی خۆشەویستیی لەگەڵدا دروست دەكات. كەسێتییەكان بە شێوەیەكی جوان و ناسك گوزارشت لە تەنیایی خۆیان و تامەزرۆییان بۆ پەیوەندی دەكەن. ئەوان بە شێوەیەكی ڕاشكاو و ئاشكرا و بە ڕیتمی نەرم و ئاماژەی ناسك گوزارشت لە هەستە ناسكەكانیان دەكەن. خودی فیلمەكە هەستەكانمان ختووكە نادات، یاری بە هەستەكانمان ناكات، بەڵكو بە ڕوونی و بەبێ سەپاندنی ڕوانگەیەكی تایبەت، كەسێتییەكان و پەیوەندییەكانی ئەو كەسیتییانەمان پیشان دەدات. لێرەدا چڕیی سۆز بەستراوەتەوە بە ڕوونیی شێوازەوە، بە جۆرێك كە كامێرا بە هێواشی و نەرمی دەجووڵێت، ڕەگەزە میلۆدرامییەكانیش لەگەڵ دەستلێدانەكاندا تێكەڵ دەبن. بەڵام ئەوەی كە لە ڕووكەشدا وا دەردەكەوێت سادە و ڕاستەوخۆ بێت، ڕوون دەبێتەوە كە ئاڵۆزە. گێڕانەوەكە تەحەدای هەر خوێندنەوەیەكی سادە دەكات، لەبەر ئەوەش كە فیلمەكە زیاتر گرنگی بە هەستەكان دەدات، بینەر ناچاری تێڕامان و ڕاڤەكردن دەكات. گرێكە زنجیرەیەك دوالیزمی ئاڵۆز و زۆر دەخاتە ڕوو، نەك تەنیا لە میانەی كەسێتییەكانەوە، بەڵكو هاوكات لە میانەی ڕووداوەكانیشەوە. بۆ نموونە، دەشێت پیشاندانی سەماكەرەكە لە سەرەتای فیلمەكەدا وەك جیهانێكی بچووك، كە دواتر دەیبینین، سەیر بكرێت. فیلمەكە لە ناوەڕۆكدا باس لە دابڕان و خواست و هاوڕێیەتی دەكات لە گۆشەنیگای پیاوێكەوە، لە تێڕوانینی ئەوەوە ئەوە خۆیەتی كە ئارەزوو دەكات و تامەزرۆیە، ئەوە كە بە هۆی ئەم تامەزرۆییەوە ئازار دەچێژێت، لە ئەنجامی نەبوونی ئافرەتێكدا دەبینین هەردوو پیاوەكە ئازادانە باسی هەستەكانی خۆیان دەكەن و ناخی خۆیان پیشانی یەكدی دەدەن. لە بەردەم ئەو جۆرە كەسانەدا كە بە هەڵە لە حەقیقەتی مرۆڤ تێ دەگەن، كارێكی لەم جۆرە سەختە. هەر لەبەر ئەمەشە هەردوو پیاوەكە پەنا دەبەنە بەر چەپاندن. بەڵام لە نێوان خۆیاندا مەسەلەكە هەر زۆر ئاسانە. لێرەدا هاوڕێیەتیی نێوان دوو نێر لە ئاگرداندایە... ئەلمۆدۆڤار دەڵێت: "فیلمەكە دەربارەی چیرۆكی هاوڕێیەتیی نێوان دوو پیاوە، دەربارەی گۆشەگیری و دابڕان و دەربارەی چاكبوونەوەی درێژخایەنی ئەو برینانەیە كە هۆكارەكەیان هۆگری یان شەیداییە. فیلمێكە دەربارەی نەمانی پەیوەندی لە نێوان ژن و پیاودا، دەربارەی ئەوەی كە چۆن دەشێت مۆنۆلۆگ لە بەردەم كەسێكی بێدەنگدا جۆرێك دیالۆگی كارا و كاریگەر بێت، دەربارەی بێدەنگییە وەك ڕەوانبێژیی جەستە، دەربارەی سینەمایە وەك ئامرازێكی ئایدیاڵی بۆ پەیوەندییە كەسییەكان، دەربارەی ئەوەی چۆن سینەما كات ناهێڵێت و لە دەروونی قسەكەر و بیسەردا جێگیر دەبێت."