close-icon

چوونەژوورەوە

لویس بونوێڵ: سینەما دژی دەسەڵات و دین

1606 جار بینراوە

کوردسینەما- لویس بونوێڵ هەر لە یەكەمین فیلمیەوە (سەگی ئەندەلوسی) زمانی سینەمایی بەكار دەهێنێت بۆ گاڵتەكردن بە ئایین و قەشمەریكردن بە سیاسەت و چینی بۆرجوازی. سینەما بۆ ئەم دەرهێنەرە لە چەكێكی كوشندە دەچێت كە دەتوانێت ساختەیی و ترسناكیی چینی بۆرجوازی و سیستەمە دیكتاتۆرییەكان و ئایین وێران بكات كە بوون بە هۆكارێك بۆ بێهۆشكردنی میللەتان و زیادكردنی دەسەڵاتگەری و كۆنترۆڵكردنی سەرجەم توێژە هەژارەكانی كۆمەڵگه‌. فیلمی ڤیردیانا كە لە سەردەمی فرانكۆدا دروستی كرد، ساڵی 1961 خەڵاتی چڵەخورمای ئاڵتوونیی فێستیڤاڵی كانی برد و هەتا كۆتایی دەسەڵاتی فرانكۆ لە ساڵی 1977 نمایشكردنی قەدەغە بوو. ئەم فیلمە جوانە كە بە وێنە بەهێزەكانیەوە لە یادەوه‌ریی بینەردا دەمێنێتەوە، زۆر فكر و بابەتی ئاڵۆز لە خۆی دەگرێت، گرنگترینیان وێنەی ئاییندار، دڵڕەقی، مەرگ، ململانێی كۆمەڵایەتی، خۆشەویستی و سێكس. ڤیردیانا كچێكی گەنجی جوانە و لە یەكێك لە كەنیسەكاندا دەژی، خۆی نەزر كردووە بۆ عیبادەت و ئیمان. ڤیردیانا بانگهێشتێكی پێ دەگات لە لایەن مامیەوە كە لە گوندێك دەژی. ڤیردیانا دەڕوات بۆ كۆشكی مامەكەی كە پیاوێكی بۆرجوازی و خۆپەرستە. مامی دەكەوێتە خۆشەویستیی ڤیردیاناوە و هەوڵ دەدات سێكسی لەگەڵ بكات. ئەم پیاوە لە شەوی بووكێنیدا ژنەكەی دەمرێت و لە ڤیردیانادا وێنەی ژنەكەی خۆی دەبینێتەوە. كابرا هەوڵ دەدات بە هۆی خزمەتكارەكەیەوە ڤیردیانا فریو بدات. لە كۆتاییدا ڤیردیانا ڕازی دەبێت جل و بەرگی شەوی بووكێنیی ئامۆژنەكەی لە بەر بكات. بەڵام مامی بێهۆشی دەكات و لاقەی دەكات. وێنەی ڤیردیانای گەنج ڤیردیانا، سەرەڕای جوانی و سەرنجڕاكێشییە سێكسییەكەی، هیچ ئەزموونێكی سێكسیی نییە و هەست بە مێینەبوونی خۆی و ئارەزووی سێكسی ناكات، لە دەرەوەی جیهان و واقیع دەژی و پەیوەستە بە سرووتە ئایینییەكانەوە، حەقیقەتی واقیع نابینێ و دەرك بە دڵڕەقیی ئەم جیهانە ناكات. پێی وایە ئایین دەتوانێت خۆی و خەڵكیش بەختەوەر بكات. بونوێڵ لە دیمەنەكانی یەكەمدا لە ڕێگه‌ی زمانێكی سینەماییەوە حەقیقەتی ئەم مەخلوقە دەخاتە ڕوو. لە پشتیرەكەدا جووتیارێك دەبینێت كە مانگا دەدۆشێت، هەوڵ دەدات لاسایی بكاتەوە، بەڵام شكست دەهێنێت. دەرهێنەر لە سەرەتای فیلمەكەدا لە ڕێگه‌ی چەند ئامرازێكەوە سەرنج دەخاتە سەر سێكس، بۆ نموونە، یاریی په‌تپه‌تێن كە ڕیتای كچە چكۆله‌ی خزمەتگوزارەكە دەیكات. ڕیتای كچۆڵە وێنەی كچێكە كە لە قۆناغی گۆڕاندایە لە كچێكی بچووكەوە بۆ كچێكی گەنج و وەك مێینەیەك دەرك بە هەندێك شت دەكات. سەیری ژوورەكەی ڤیردیانا دەكات و دیمەنی لاقەكردنەكە دەبینێت. جووڵەی ڕیتا چالاكانە و دینامیكییانەیە. ڕیتا چەند پرسیارێك لە دایكی دەكات سەبارەت بەوەی بینویەتی، بەڵام دایكی بە ڕوانینی پیرێكی بۆرجوازییەوە، كە پڕە لە مەیلی سێكسی، لێی تووڕە دەبێت. دەتوانین فیلمەكە بكەین بە سێ بەشەوە. بەشی یەكەم: هاتنی ڤیردیانا و گواستنەوەی لە فەزایەكی ئایینییەوە بۆ فەزایەكی دنیایی و ڕۆچوونە ناو ئەزموونێكی ئازاردەر و دڵڕەقەوە. بەشی دووەم: گەڕانەوە بۆ كەنیسە، بەڵام دایكە ڕەهبانەكە گەڕانەوەكەی ڕەت دەكاتەوە، لەبەر ئەوەی گوناهبار و پیسە. لە خۆشبەختیی ڤیردیانا، مامی دەمرێت، ئەویش بڕیار دەدات گرنگی بە هەژاران بدات و بانگیان بكات بۆ كۆشكەكەی مامی، بۆ ئەوەی خواردنیان بداتێ و چاودێرییان بكات. بەڵام ئەوان بە خراپە و توندوتیژی وەڵامی ئەم چاكەیەی دەدەنەوە، تا ئەو ڕادەیەی یەكێكیان لاقەی دەكات. لە بەشی سێیەمدا هەڵگەڕانەوەیەكی گرنگ ڕوو دەدات: ڤیردیانا واز لە جلوبەرگە ئایینییەكەی دەهێنێت و هەوڵ دەدات بەبێ ئایین تێكەڵی ژیانی دنیا ببێت. بونوێڵ و كۆكردنەوەی پارادۆكسەكان بونوێڵ لەم فیمەدا گاڵتە بە بەزەیی و هاوسۆزیی ڤیردیانا دەكات كە كۆمەڵێك خەڵكی سەرگەردان كۆ دەكاتەوە و بە باشی مامەڵەیان لەگەڵ دەكات، چارەسەری نەخۆشەكانیان دەكات، خواردنیان پێ دەدات، شوێنی نیشتەجێبوونیان بۆ دابین دەكات. لە بەرامبەر هەموو ئەمانەشدا، تەنها داوای ئەوەیان لێ دەكات نوێژ بۆ خودا بكەن. وەڵامی ئەم داوایەی ڤیردیانا توندوتیژ دەبێت و بە خراپە پاداشتی دەدەنەوە. بونوێڵ پارادۆكسەكان كۆ دەكاتەوە. ئەم گرووپە سەرگەردانە كە ئەخلاقێكی بازاڕییانە و سووكیان هەیە، خۆیان لە كۆشكێكی گەورەدا دەبیننەوە، لەم نیشتەجێبوون و گواستنەوەیە لە برسێتی و شەقامەوە بۆ ماڵێكی گەورەی بۆرجوازی، خواردن و خواردنەوە و ئامرازی خۆشگوزەرانییان لە بەردەستدایە، واتە دەرهێنەر ئەم چینە ڕسوا و هەژارەی خستووه‌تە جیهانێكەوە كە تەواو جیاوازە لە جیهانی خۆیان. دەرهێنەر چاودێریی ئەم كاردانەوەیە دەكات و بەكاری دەهێنێت بۆ داڕشتنەوەی هەندێك تێكست و ڕووداوی ئایینی و ئەفسانەیی بە شێوازی تایبەتیی خۆی، هەموو ئەمانەش دەقۆزێتەوە بۆ گاڵتەكردن و قەشمەریكردن بە ئایینی مەسیحی. بونوێڵ لە ڕێگه‌ی هەندێك دیمەنەوە زاڵبوونی دڵڕەقی و زەبروزەنگ و ئاژاوە و توندوتیژیی سێكسیمان پیشان دەدات، بە جۆرێك، كە زۆربەی ژنانی ئەم كۆمەڵەیە لە لایەن پیاوانەوە ڕووبەڕووی لاقەكردن و هەراسانكردنی سێكسی دەبنەوە. توندوتیژی لە ناو چینە هەژارەكەدا دەرەنجامی توندوتیژیی سیاسی و توندوتیژیی چینی بۆرجوازییە. لە سایەی هەر سیستەمێكی دیكتاتۆری و كۆمەڵگه‌یەكی بۆرجوازیدا ژیان دەبێت بە جەنگەڵێك و بەهێز لاواز دەكوژێت، ژیان دەبێت بە دۆزەخێك و ئایین دەبێت بە میكانیزمێك بۆ سڕكردنی ئازار. كەنیسە، لە ڕوانگەی دەرهێنەرەوە، ناتوانێت هەست بە حەقیقەت و ژانی مرۆڤ بكات، ئایین چارەسەری كێشە هاوچەرخەكانی مرۆڤی پێ نییە و بە دەستی دەسەڵاتی دیكتاتۆریی پۆلیس و بۆرجوازییەوە بووە بە یەكێك لە میكانیزمەكانی دەسەڵاتگەری. بونوێڵ بەبێ ئەوەی پشت بە گوتارێكی ئەدەبی و سیاسیی ڕاستەخۆ ببەسێت، دەسەڵاتگەری دەخاتە ڕوو و ئابڕووی دەبات. فیلم سەركێشییەكی شیعرییانەیە بونوێڵ دەرهێنەرێكی سینەمایی بلیمەتە و ئامراز و زمانێكی سینەمایی شیعرییانەی هەیە. بە سادەیی و بەبێ پشتبەستن بە بەرهەمهێنانێكی زەبەلاح و تێچوونی زۆر، بەبێ پشتبەستن بە فێڵە سینەماییەكان و كاریگەرییە وێنەییەكان، هەموو گرتەیەك دەگۆڕێت بۆ هاوارێكی تۆقێنەر و كاریگەرییە دەروونییەكەی لەسەر بینەر بەهێز دەبێت. فیلم دەتوانێت هەستە ناوەكییەكانمان بلەرزێنێت. بونوێڵ پشت بە شێوازی شۆك و هەژاندنی بینەر و ورووژاندنی ناوەوە دەبەسێت. ئێمە لە بەردەم سینەمای داستانی یان گێڕانەوەیەكی باشی ڕووداوە درامییە كاریگەرەكاندا نین، فیلم بۆ بونوێڵ سەركێشییەكی شیعرییانەیە بۆ وێرانكردنی بەها ئیستاتیكییە كلاسیكییەكانی سینەما و هونەر. چ ئەوسا و چ ئێستاش، فیلمەكانی بونوێڵ بەشێكی گرنگن لە میراتە هونەری و ئیستاتیكییەكەی سوریالیزم. سوریالیزمیش بزووتنەوەیەكە ئەوە ڕەت دەكاتەوە تیۆر و ڕێسای جێگیری هەبێت. هونەر میكانیزمێكە بۆ گفتوگۆ و هەموو هونەرمەندێك ئازادیی تەعبیركردن لە هزرە جنونییەكانی خۆیی هەیە و دەشێت هەر شتێك بەكار بهێنێت. نە پیرۆزیی ئایین، نە هێڵە سوورەكان و نە كۆتوبەندی فۆرم، لە بەردەم داهێناندا ناوەستن. دەشێت هونەرمەند شێوازێك بەكار بهێنێت، پاشان لە كارێكی دیكەدا دژی ئەم شێوازە ببێتەوە و بیڕووخێنێت. دەگەڕێینەوە بۆ باسی فیلمی ڤیردیانا وەك فیلمێكی گرنگ. ئێمە لە بەردەم حیكایەتێك یان دۆكیۆمێنتكردنێكی مێژوویی سەردەمێك یاخود خوێندنەوەیەك بۆ واقیعدا نین، ئێمە لە بەردەم چەند تایپێكی مرۆڤداین كە لە واقیعێكی نەناسراودا ئەزموونی نوێ دەكەن. ڤیردیانا گیرۆدەی بەها و ئایینێك بوو كە بە نموونەیی دەزانین. بەڵام لە یەكەمین بەركەوتنی ڤیردیانا لەگەڵ واقیعدا ئەم بەهایانە هەرەس دەهێنن. ئەم واقیعە ڕێگه‌ نادات بەهاكانی ئایین تێیدا پراكتیزە بكرێن. لە ڕوانگەی دەرهێنەرەوە، كۆمەڵگه‌ پێویستی بە شۆڕشێكی توندوتیژ و بەهێز هەیە بۆ ئەوەی هەموو شتێك بڕووخێنێت و سەرلەنوێ بونیادی بنێتەوە. بونوێڵ لە منداڵیدا چەوسێنراوەتەوە. ئەو كوڕی قەشەیەك بووە، باپیری ناچاری كردووە بڕوات بۆ كەنیسە. تێڕوانینە نێگەتیڤەكەی ڕەگەزە بنچینەییەكە نییە، بەڵكو لەوە گرنگتر، ئابڕووبردن و داماڵینی دەسەڵات و چینی بۆرجوازییە، بەو پێیەی كە ئایین تەنها ڕووپۆشێكە و هەوڵ دەدات ناشرینیی دەسەڵاتگەری و دیكتاتۆری بشارێتەوە. لەبەر ئەوە، بونوێڵ چەند وێنەیەك بەكار دەهێنێت كە لە فۆرمدا سادەن، بەڵام لە ناوەڕۆك و مانا فرەكانیاندا تۆقێنەرن. سینەمای قەدەغە لە بەشی دووەمدا گرووپێكی سەرگەردان دەبینین كە دەخۆن و دەخۆنەوە، سەما دەكەن و بە شێوەیەكی توندوتیژ سێكس دەكەن، لەگەڵ یەك شەڕ دەكەن. پیاوێكی ناشرین و كوێر لە ناوەڕاستی خوانەكەدایە. ئەم دیمەنە تێكستێكی ئینجیل وێنه‌ دەگرێتەوە: دواهەمین خوانی مەسیح و حەوارییەكان. لێرەدا هەموو كردەیەك دژی وێنە ئایدیاڵییەكەی تێكستەكەی ئینجیلە. بونوێڵ چێژ لە پێشكەشكردنی وێنەیەكی گاڵتەجاڕانه‌ و گڵاوكردنی پیرۆز و پیرۆزكردنی گڵاو وەردەگرێت. دواجار ڤیردیانا، كاتێك بۆ دووەم جار لاقە دەكرێت، حەقیقەتی واقیعی بۆ دەردەكەوێت. كەسێكیش لاقەی دەكات كە ڤیردیانا چاكەی لەگەڵ كردووە. كوڕی مامەكەی داوای لێ دەكات لەگەڵ واقیعدا بژی. دواجار ڤیردیانا هەست بە مێینەبوونی خۆی دەكات، سەردانی كوڕە مامەكەی دەكات و یاریی كاغەزی لەگەڵ دەكات. كامێرا بە جووڵەی تراڤڵینگ دەكشێتەوە بۆ دواوە. ئەوەی پێویست بوو، دەرهێنەر وتی. پاشان كامێراكەی دەكشێنێتەوە بۆ ئەوەی بڵێ: پێویستمان بە شۆڕشێكی كۆمەڵایەتی و سیاسی و تێگەیشتنەوە لە ئایین و بەهاكان و مرۆڤ هەیە. سینەما لای بونوێڵ میكانیزمێكە بۆ تەعبیركردن لە بیر و بۆچوون. دەتوانین بڵێین سینەمای بونوێڵ هەژارە و زۆر لە فیلمەكانی بۆ ماوەیەكی زۆر نمایشكردنیان قەدەغە بوو. تا ئەمڕۆش، نمایشكردنی هەندێك لە فیلمەكانی لە چەندین وڵاتدا قەدەغەیە. چونكە سینەمای بونوێڵ سینەمای بیر و گفتوگۆیە و واقیعێكی ڕووكەش بە دیدێكی بابەتییەوە پێشكەش ناكات. بونوێڵ لەمە زیاتر دەكات، هەوڵ دەدات بە شوێن حەقیقەتە ڕەهاكاندا بگەڕێت و هەموو هێڵە سوورەكان دەبەزێنێت. ئەو نیۆرالیزمی ئیتالیی ڕەت كردەوە و گاڵـتەی پێ كرد. بونوێڵ لە هەموو گۆشەكانەوە سەیری واقیع دەكات. دیمەنە نێگەتیڤەكان ڕەت دەكاتەوە و بانگهێشتمان دەكات چێژ لە هەر گرتە و وێنەیەك ببینین. ئێمە پێوستمان بە بونوێڵ و بەركەوتنی شۆكەكانی هەیە.