close-icon

چوونەژوورەوە

شەنوکەوێک دەربارەی چییەتی سینەما

871 جار بینراوە

کوردسینەما- لە ھەر ناوەندێکی ڕۆشنبیری و ژیاریدا ئەگەر پرسیاری ئەوە وروژێنرا کەوا سینەما چییە، ئیدی لەم ناوەندەدا ئەو قۆناغە کلاسیکی و سەرەتاییە تێپەڕێندراوە کە سینەما لە «وێنەگرتنی واقع» و «بەرجەستەکردنی ژیانی ڕۆژانە»دا کورت دەکاتەوە، و کایەی سینەما لە خودی بەرھەمە سینەماییەکاندا قەتیس دەکات. قۆناغێکی زەمەنی مانای سینەما لە وێنەگرتنی واقع و بەرجەستەکردنەوەی جیانەدەکرایەوە و سینەما بریتییبووە لەو کایەیەی کە سەرلەنوێ واقعی ژیانی بەرھەم ھێناوەتەوە. بەڵام لە ڕۆژگاری ئەمڕۆدا ھەر کە گوێمان لە پرسیاری ئەوەبوو، سینەما چییە؟ دەبێت ئاشکرابێت لامان کە چیتر سینەما لەوە ترازاوە واقع بەرھەم بێنێتەوە و کایەیەکی فیکری زۆر زیاترە لەوە. سینەما بووە بە فەزایەکی فیکری ئاڵۆز و پێچاوپێچ و دەشێت وێنەگرتنی واقع بەشێک بێت لە کاری سینەمایی، بەڵام ھەرگیز ھەموو سینەما نییە و یەکسان نین بەیەکتری. ئەم پێناسکردنە بۆ سینەما بەو ئاکامەمان دەگەیەنێت کە نەتوانین چۆرچێوەیەک و سنورێکی دیاریکراو بۆ کاری سینەمایی بکێشین و لە مانا و پێناسێکی دیاریکراودا گوزارشتێکی پێرفێکت و ئەبەدی بۆ بکەین. بۆ نموونە؛ وای دابنێین ئەوەی لە سەرەتاکانی دەرکەوتنی سینەمادا وەک ھونەرێک، سینەما بەرھەمی دەھێنا ھەمان ئەو کارە سینەماییانە بێت کە لە نیوەی دووەمی سەدەی ڕابردووەوە بەرھەم دەھێنرێن. بەڵکو ماناکانی کاری سینەمایی دەگۆڕێت و شێوازە جیاوازەکانی کاری سینەماییش ھاوشان بە چالاکییە ژیاری و فیکری و کۆمەڵایەتی و سیاسییە جیاوازەکانی ئینسان دەگۆڕێن و گەشەیانکردووە. بەم پێیە کاری سینەمایی لە ئێستادا ھێندەی سەرقاڵی بە کێشەکردنەوەی پرسیارە ئەبەدییەکانی ئینسانە و بوونیادنانی دونیای نوێیە، ھێندە کار لەسەر وێنەگرتنێکی موجەڕەدی واقع ناکات. ھێندەی دەرگیری کێشە قوڵ و ستاتیکی و فەلسەفی و کۆمەڵایەتی و ھەتا زانستییەکانی فیکری بەشەرەییە، ھێندە خۆی سەقاڵناکات بە دووبارە گواستنەوەی واقعی بینراوی ژیانی ڕۆژانە. ھێندەی دەستکاری دیوە نەبینراو و پەنھانەکانی وجود بەگشتی و مرۆڤ وەک ھەبوویەک دەکات، ھێندە خۆی خەریک ناکات بە گواستنەوەی ڕووی سەتحی و ڕووکەشی دونیای بینراو. کاری سینەمایی تا ئاستێک قوڵبووەتەوە کە دەتوانین بڵێین: ئەوە سینەما نییە لاسایی ژیان دەکاتەوە، بەڵکو ئەوە ژیانە لاسایی سینەما دەکاتەوە!