close-icon

چوونەژوورەوە

شەن و کەوێک دەربارەی سینەما - بەشی دووەم

1148 جار بینراوە

کوردسینەما- سینەما، هونەری بەرهەمی مۆدێرنەیە، بۆیە ڕاستەوانە کاریگەرییەکانی مۆدێرنەی بەسەرەوە دەبێت. چەمکی چێژیش، چەمکێکی کلاسیکەو گواستراوتەوە بۆ مۆدێرنە و بگرە پۆست-مۆدێرنە. دوورترین سەردەم کە باسی چێژ کرابێت و خوێندبێتمەوە: فەیلەسوفی یۆنانی ئەپیکۆر (٣٠٠ ساڵ پێش زایین) بووە. جا من هەوڵدەدەم بەراوردکارییەک بکەم لە نێوان چەمکە کلاسیکییەکەو چەمکە مۆدێرنیتەکە. 
باشە، با کەمێک باسی چێژ بکەین لای ئەپیکۆر. لای ئەپیکۆر، چێژ شتێکی فیزیکەڵی نییە، واتە نایەتە نێو چوارچێوەی دەرەوە، بەڵکو لە نێو ڕۆحدایە، واتە چێژ لە ماتریاڵدا نییە لای ئەپیکۆر. بەمانایەکی دیکە، چێژ لە دەرەوەدا نایەتە ناوەوە، بەڵکو هەر لە ناوەوەی مرۆڤ درووست دەبێت. واتە ماتریاڵ لای ئەپیکۆر، هۆکارێک نییە بۆ گەیشتن بە چێژ. بۆ وێنە، تۆ لە ژوورەکەی خۆت چێژ لە ڤیدیۆیەکی کۆمیدی دەبینێت، بەڵام لای ئەپیکۆر ئەمە چێژ نییە. واتە لە دەرەوە ڕا، چێژ چێ نابێت، بەڵکو لە ناوەوەدایە. بەختەوەری و گەیشتن پێی، لای ئەپیکۆر چێژە. چۆن بگەینە بەختەوەری؟ ئەپیکۆر وەڵام دەداتەوە: لەڕێی فەلسەفەوە. 
ئارگۆمێنتی ئەپیکۆر، بریتییە لەوەی کە نە لە خوداکان بترسین، نە لە مەرگ (کاتێک مەرگ هەیە من نیم، کاتێک من هەم مەرگ نییە. کەواتە نابێت لە مەرگ بترسین. ئەپیکۆر.) 
ئەوسا دەگەینە بەختەوەری، واتە بیرمان لای مرۆڤبوونمان بێت و بیر لە مرۆڤ بکەینەوە، وە بگەینە زانینێکی ڕۆحی، بەختەوەریمان پێ ببەخشێت و چاکەکار بین ( هیچ مرۆڤێک خراپ نییە، ئیللا مەگەر مرۆڤێکی نەزان بێت. سۆکرات) کەوایە لای ئەپیکۆر، چێژی جەستەیی چێژ نییە، کە دەگوترێت چێژی ئەپیکۆری، چێژی خواردن و سێکس کردن و چێژە غەریزەییەکان ناگرێتەوە. بەڵکو زیاتر دۆخێکی ڕۆحییە. 
زۆرباشە، ئەمە کۆنترین چەمکسازییە کە بە ئێمە گەیشتبێت.

ئێستا با بێینە سەر چەمکی چێژ لای ئێمەی مرۆڤی مۆدێرنە. 
لەڕاستیدا لە نێو مۆدێرنەدا، چەمکی چێژ لەگەڵ بۆچوونە کلاسیکییەکەدا هیچ نایەتەوە یەک. (مرۆڤی مۆدێرنە، ئەو مرۆڤەیە رۆژنامە دەخوێنێتەوە و سێکس ئەکات. ئەلبێر کامۆ، لە ڕۆمانی کەوتندا.) چێژ لای مرۆڤی مۆدێرنە، چێژێکی هەستەکییە کە لەلایەن ناخودئاگا (نەست) ئاراستە ئەکرێت، چێژێک نییە بکەوێتە ئەودیو سنوورەکانی غەریزەو عاتیفەوە. بەڵکو چێژێکە، لە چوارچێوەی سنوورە جەستەییەکاندایە، یاخوود چێژبینینە لە ماتریاڵەکان، بۆ نموونە: پلەیستەیشن، مۆبایل، هاتنە سەر سۆشیاڵ میدیا، سێکسکردن، ڕابواردن و قسەی قۆڕ و خۆش، قسەی بێ ئارگۆمێنت و نالۆژیکی.... هتد. 

زۆرباشە، ئێستا سینەما چ پەیوەندی بەم بابەتەوە هەبوو؟ 
لەڕاستیدا کەمێک لەمەوبەر، لە هاوڕێیەکم پرسی پێوەری فیلمی شاکار لای تۆ چییە، وەڵامی دایەوە: چێژ بینینە لێی. 
ئەزانن، من پێم وایە پێویستە هەموو چەمکەکانی ژیانمان دووبارە پێناسە بکەینەوە! خۆشەویستی، سیاسەت، دادپەروەری، چێژ.. هتد. هەموو چەمکەکان، پێویستە دووبارە پێناسەیان بکەینەوە (هەر ئەمەیشە فریای مرۆڤی مۆدێرنە دەکەوێت.) 
بۆچوونێکی باو هەیە لە نێو بینەرانی سینەمادا، ئەمەیە: فیلمی باش، ئەو فیلمەیە چێژی لێ ببینین. 

ئەم بۆچوونە، بۆچوونێکە مۆدێرنیتەی تێپەڕاندووە; پۆست-مۆدێرنەیە. 
من لای خۆمەوە، ئەم بۆچوونەم ناوناوە مەدرەسەی چێژگەرایی سینەما. 
(لەڕاستیدا زانینی ئێمە، تا ئەو شوێنەیە کە چێژ لە چی دەبینین. لە چیرۆکێکی کۆنمدا ئەمەم نووسیبوو.)  
کەوایە، تۆ زانین و مەعریفەت بەوە دیاری دەکرێت، چێژ لە چی دەبینیت. واتە ناکرێت مەعریفەی کەسێک، کە گوێ لە گۆرانییە ئاست نزمە میللیو شەڕە بەند و ئەمانە بگرێت، مەعریفەی یەکسان بێت بە مرۆڤێک، چێژ لە پارچەکانی شۆستاکۆڤیج و باخ دەبینێت! 
ترسناکترین بۆچوونێک لە نێو بینەرانی سینەمادا درووست بووە، ئەوەیە کە چێژگەران، چێژ دەبینین بەپێی ئەو پێناسەیەی خۆیان بۆ چێژ. چێژ دەبینن لەو فیلمانەی، کە ناخودئاگا ئاڕاستەیان دەکات. 
بۆیە لە حاڵەتێکی ترسناکەوە، پەڕیوەتەوە بۆ ئاسایی، خەڵکی زەوی چێژ لە چیرۆکە باوەکان ببینێت لە نێو سینەمادا. (پێکەنینی فەیلەسووف، پێکەنینی خەڵکی باو نییە، ڕەنگە لە پەڕینەوەی بۆ پرسیارەکان، دەستی کردبێت بە پێکەنین. دکتۆر نەوزاد.) 
بۆیە گەر ڕانەوەستین و نەپرسین: چێژ چییە؟! 
ئەوا مەترسی لەسەر بینەربوونێکی تەندرووست و ڕەهەندە سینەماییەکانمان هەیە. چێژێک لە کوێ کە چێژ ببینێت لە وێناکردنەکانی تارکۆڤسکی، چێژێک لەکوێ چێژ ببینێت لە بۆکسێکی بەهێز یاخوود سێکس کردن. 
لای ژیژەک، چەمکێکی سەیر هەیە: چێژی ناچێژ. 
ئەم چێژە، نایەتە نێو ڕیاڵێتییەوە، تۆ سەیری چێژی ئەوی تر دەکەیت، بۆ وێنە لە سینەمادا تۆ چێژ لە چێژی ئەکتەرێکی نێو فیلمەکە دەبینێت، لەڕاستیدا تۆ لە دۆخێکی ئایدیاڵیدایت. ئەزانی، چێژ و بەختەوەری بەمانا مۆدێرنەییەکەی، کارێکی نا ئەخلاقییە لای ژیژەک. 
کەوایە گەر بەپێناسەی چێژگەراکان بێت، سینەما بریتییە لە چێژ، ئەوا لەسەرمانە بوەستین و بپرسین: ئەرێ چێژ چییە؟! 
لای ئەپیکۆر، هاوڕێیەتی گرنگترە لە خۆشەویستی، چونکە
لە هاوڕێیەتیدا، دەگەینە گفتووگۆکردن، بەڵام چێژی خۆشەویستی، چێژێکی جەستەییە. بۆیە گەر ئێوە چێژ بنەمای هەڵسەنگاندنی فیلمەکانتانە، چێژ لای ئێوە چییەو ئارگۆمێنتی ئێوە بۆ چێژ چییە; مرۆڤانی مۆدێرنە. دووبارەی دەکەمەوە، چێژ بینینمان، پەیوەستە بەوەی مەعریفەمان چەندە هەیە. بۆیە چێژ بەمانا مۆدێرنەییەکەی، لەنێو سینەمادا، لەنێو چوارچێوەیەکی ئەخلاقی و مەعریفیدا نییە. ڕێدەگرێت لەوەی کە لە ڕەهەندە فەلسەفی و هونەرییەکانەوە، تێبگەین لە سینەما و لەگەڵیدیا بیربکەینەوە.