close-icon

چوونەژوورەوە

شەن و کەوێک سەبارەت بە فیلمی Us

2160 جار بینراوە

...سەرنج ڕاکێشی ئەم فیلمە لەوەدایە یەک بابەت یان یەک پرسیاری جەوھەری باس دەکات، بەڵام بۆ تێگەیشتن لەو بابەتە ناچار دەبی بە چەند ڕێگایەک وەڵامی ئەو پرسیارە بدەیتەوە کە فیلمەکە ئاماژەی پێداوە، لە کاتێکدا ھەر وەڵامێک ھەڵدەبژێری زۆر جیاوازە لەو وەڵامەی لە ڕێیەکی ترەوە وەڵامی پرسیاری سەرەکی فیلمەکە دەدەیتەوە، بە مانایەکی تر ئەم فیلمە پێک دێت لە یەک پرسیار بەڵام چەند وەڵامێکی جیاواز لەخۆ دەگرێ، کە ھیچ وەڵامێک لە وەڵامێکی تر ناچێت، لە ھەمووشی سەیرتر ھیچ یەک لەو وەڵامانە لە خودی فیلمەکە دا نیە، با ئەمە بەنموونەیەک ڕوون بکەمەوە کە چۆنە،
فیلمی (Inception) لە کۆتایدا وەڵامی ئەوەی (لیۆناردۆ دیکاپیریۆ) کە ڕۆڵی کارەکتەر (کۆب) دەبینێ لە فیلمەکەدا بۆ بینەر جێ دەھێڵدرێت ئایا (لیۆناردۆ) لە نێو خەونەکان بەجێ ماوە یاخود نا؟! بەڵام ئەم فیلمە دێت لە ئەنجامی گێڕانەوەی کۆی گشتی چیرۆکی فیلمەکە پرسیارێک ئاماژە پێدەکات کە وەڵامی پرسیارەکە بۆ بینەر جێدەھێڵێ، وە ھاوکات پرسیارەکە چەند وەڵامێک لە خۆ دەگرێت، من لێرەدا یەک وەڵامی ئەو پرسیارە دەخەمە ڕوو، دواتر سەرە داوی وەڵامێکی تر باس دەکەم کەچۆن پرسیاری سەرەکی ئەم فیلمە چەند وەڵامێک لە خۆ دەگرێ...؟

بەگەڕانەوە بۆ تێگەیشتن لەم فیلمە پێویستە بڵێم؛
 بەکورتی ئەم فیلمە باس لە خێزانێک دەکات بۆ بەسەربردنی کاتێکی خۆش گەشتێکی ھاوینە بۆ خانوویەکیان دەکەن لە ناوچەیەکی گەشتوگوزاریدا، لە کاتێکدا بەر لەساڵانێکی زۆر لە لایەن دەوڵەتەوە کۆمەڵێک مرۆڤی لەبەرگیراو دروست کراون، بەڵام بەھۆی شکستی ئەو پڕۆژەیەوە ئیتر بەھەر ھۆکارێک بێت لەتونێلەکانی ژێر زەویدا جێھێڵدراون...

کاتێک دێینە سەر باسی تێگەیشتن لەم فیلمە، ئەگەر سەرنج بدەین کەسە لەبەرگیراوەکان یەک جۆر جل و بەرگیان لەبەردایە، وە ڕەنگی جل و بەرگەکەیان لە کەسانی بەندکراو دەچێت. بەمەش دەکرێ بڵێین ئەمانە مەبەست لێیان کەسانی بەندکراون، بەڵام بەندکراوی دەرونی مرۆڤ، چونکە لە نێوەندی فیلمەکەدا کاتێک ئەم بونەوەرانە بەدەردەکەون و خانەوادە ھاوشێوەکەی خۆیان بەدیل لە قوژبنێکی ماڵەکەدا دادەنیشێنن، لەو ساتەدا باوکی خێزانە ڕاستەقینەکە پرسیارێکی سادە ئاراستەی ئەو خێزانە لەبەرگیراوە دەکات و دەپرسێ؛ (چیتان دەوێت؟)

ژنە لەبەرگیراوەکە دێتە وەڵام؛

"ڕۆژێک لە ڕۆژان.. کچێک ھەبوو، وە کچەکە سێبەرێکی ھەبوو، ئەو دووانە بە یەکتریەوە بەسترابونەوە و پەیوەست بوون بە یەکترەوە، کاتێک کچەکە نانی دەخوارد، خواردنە گەرم و بەتامەکە دەدرایە ئەو، بەڵام کاتێک کچە سێبەرەکە برسی دەبوو ئەوا دەبوایە کەروێشک بخوات، ژەمێکی خاو و خوێناوی...

لەسەری ساڵدا...

کچەکە دیاری جوانی پێدەگەیشت، نەرم و ئاسودەبەخش، بەڵام دیاری سێبەرەکە تیژ و سارد، پەنجەکانی دەبڕی کاتێک دەیویست یاری پێبکات...

کچەکە ڕۆژێک شازادەیەکی قۆزی ناسی و عاشقی بوو، بەڵام سێبەرەکە لە ھەمانکاتدا (ئەبرەهام)ـی ناسی، گرنگ نەبوو کە گەر خۆشی بویستایە یان نا، چونکە ھەر پەیوەست بوو بە کچەکەوە.

دواتر کچەکە یەکەمین منداڵی بوو، کچێکی جوان، بەڵام سێبەرەکە دڕندەیەکی بوو بە دەم و چاوێکی پێکەنیناوی بەناوی (ئەمبێری)، دواتر کچەکە منداڵی دووەمی بوو کوڕێک بوو، دەبوایە بە نەشتەرگەری کوڕەکەی لە دایک ببێت، بەڵام سێبەرەکە دەبوایە ھەر ھەمووی خۆی ئەنجامی بدات، ناوی لێنا (پلوتۆ)، لە دایکبونێک بە خۆشەویستی بۆ ئاگر...
بۆیە دەبینی سێبەرەکە ڕقی لە کچەکە دەبۆوە بۆ ماوەیەکی زۆر، تاوەکو سێبەرەکە بۆی دەرکەوت کە ئەو لە لایەن خوداوە تاقی کراوەتەوە."

بۆیە دەکرێ یەکێ لە وەڵامەکان لەسەر بنەمای ئەو دیالۆگە بریتی بێت لەوەی ئەم فیلمە باسی ناخی مرۆڤ دەکات کە پێک دێت لە دوو لایەن (باش و خراپ)، ئەو لەبەرگیراوانە کە جل و بەرگەکەیان لە شێوەی جل و بەرگی بەند کراوەکان دەچێ دەشێ ئاماژە بێت بە لایەنە خراپەکەی ناخی مرۆڤ، کە چۆن بەشێوەیەکی گشتی مرۆڤ لایەنە خراپەکەی ناخی خۆی بەند کردوە و ڕێگە نادات بەدەرکەوێت، وە بەرگری و مانەوەی خێزانی (ویڵسۆن) لەوەی کە خۆیان بەدەستەوە نادەن بە ئاسانی، بەڵام خێزانی (تێکس) کە لەیەکەم دەرکەوتنی لەبەرگیراوەکانیان دەبنە نێچیرێکی ئاسان دەشێ ئاماژە بێت بەوەی کە ھەندێک مرۆڤ ھەیە خاوەن ئیرادەیەکی ھێندە بەھێزە کە تاوەکو دواچرکە بەرگری دەکا، بەڵام ھەندێک کەس ھەن کە ھەر بچووکترین شت ڕویان تێبکات شکستیان پێ دەھێنێت و کەسە خراپەکە زاڵ دەبێ بەسەر دەرونیان و ھەرچی خراپە بە پێوەری گشتی ئەنجامی دەدەن، بەمەش دەتوانین بڵێین مرۆڤەکان لە کۆنتڕۆڵ کردنی ناخیان لە کەسێکەوە بۆ کەسێکی تر دەگۆڕێت...

ئەمە یەکێکە لە وەڵامەکان، بەڵام ئەم پرسیارەی ئەم فیلمە ئاماژەی پێدەدا چەند وەڵامێکی تری ھەیە، وە وەک سەرەتا ئاماژەم پێیدا ھیچ وەڵامێک لە وەڵامێکی تر ناچێ بۆیە دەشێ وەڵامی ئەو پرسیارە لای تۆ شتێکی تر بێت، بۆ نموونە دەشێ ئەم لەبەرگیراوانە ئاماژەیەک بێت بۆ ئایندەی مرۆڤایەتی، بۆ نموونە مرۆڤ ھەمیشە وەک بونەوەرێکی زیرەک لە ھەوڵی ئەوەدایە کە ھیچ کات وەچەی لە نێو نەچێت یاخود بە مانایەکی تر مرۆڤایەتی چۆن دەتوانێ بەرگێکی نەمری بپۆشێت، بێگومان باشترین ڕێگا چارە ئەوەیە لە ڕێی تەکنەلۆژیاوە لەبەرگیراوەیەکی خۆمان دروست بکەین و بۆ ھەمیشە بمێنێتەوە و ببێت بە دەرخەری شوناسی مرۆڤایەتی، بەڵام دروست کردنی کۆپیەک لە مرۆڤ دەشێ ئەو دەرئەنجامەی ھەبێ کە لەم فیلمەدا دەیبینین کە چۆن ئەوەندەی کەسێکی خراپەکار دەردەکەوێت نیو ھێندە ئەو کەسە نابینین کە ئامانجی مرۆڤایەتی بێت تاکو بۆ ھەمیشە بیر و فەلسەفەی مرۆڤایەتی لە نێو نەچێ، دواتریش دژایەتی کردنی ئەم لەبەرگیراوانە بیری چیرۆکی (فڕانکشتاین)ـمان دەخاتەوە، کە چۆن (فڕانکشتاین) کەسێکی لەبەرگیراو دروست دەکات دواتر بەھۆی لە ڕێ لادان لە ئەفکارەکانی (فڕانکشتاین)، ئیتر (فڕانکشتاین) خۆی بڕیار دەدات ئەو بوونەوەرە لە نێو بەرێ چونکە خۆی هۆکاری ئەو دروست بونەیە، بۆیە لە فیلمەکەدا کەسەکان کە ڕوبەڕووی لەبەرگیراوەکان دەبنەوە وەک نیشاندانی ئەو خەتایە وایە کە خۆت دەبێ ئەو شەڕانگێزیە لە ناو بەری کە بەھۆی فکری تۆوە ھاتوەتە بەرھەم، واتا ئەو فکرە گشتیەی کە دەبێتە ھۆکاری لەبەرگرتنەوەی نموونەیەک لە خۆت کاتێک دەرئەنجامەکە بەدڵی تۆ نابێ، ئەوسا دەبێ ھاوشێوەی (فڕانکشتاین) خۆت ھەوڵی لەناوبردنی ئەو لەبەرگیراوە بدەیت چونکە خۆت هۆکاری دروست بوونی بوویت.

بەڕاستی ئەم فیلمە دەکرێ زۆر شتی تری لەسەر بنوسرێت، چونکە من تەنھا وەڵامێک و نیوە وەڵامێکی تری پرسیارە سەرەکیەکەی ئەم فیلمەم دایەوە، بەمانایەکی تر ئەوەندەم نوسی کە بینەر خۆشی بیر لە وەڵامێکی تر بکاتەوە بۆ پرسیارە سەرەکیەکەی ئەم فیلمە، بەڵام بەھەر حاڵ دوو شتی تر پێویستە باسی بکەم ئەکتەر (لوپیتا نیۆنگۆ) ئەگەر ئۆسکاری  باشترین خانمە ئەکتەریش نەبات ئەم ساڵی دێت، ئەوا بێگومانم کە بەھێزترین پاڵێوراو دەبێ، وە ڕاستی جێی باسە بڵێین دەستخۆش بۆ  دەرھێنەر (جۆردان پیڵ) لە پای ئەم فیلمە ناوازەیە.