close-icon

چوونەژوورەوە

شەن و کەوێک بۆ فیلمی Interstellar

2314 جار بینراوە

...کوردسینەما- ئەم فیلمە باس کردنە لەو پێشبینیەی ئینیشتاین کە باس لە قوپانی کات و بۆشایی دەکات لە سنوری بلاک ھۆڵەکاندا ، وە بڕینی کاتە لەودیو بلاک ھۆلەکان و لەناو سینگولاریتی دا بەپێی یاسا کوانتەمیەکان، فیلمێکی تا ئەندازەیەکی زۆر چێژ بەخشە بەتایبەت بۆ فیسیستەکان.

ئینشتاین سەدەیە بەر لەئێستە  پێشبینی ئەوە دەکات کە گەر دوو مرۆڤ یەکیان لەسەر زەمین و ئەوی دیان بە کەشتیەکی ئاسمانی بەخێرایی روناکی بەرەو بۆشایی کەون و بۆ گالاکسیەکی تر بروات ، ئەوا کە یەتەوە مرۆڤەکەی سەر زەمین  پیر بوە بەلام لای ئەم ھێشتا چەن رۆژ یا چەن سەعاتێک تێپەر بوە، کەواتە کات رێژەییە و لەشوێنێک بۆ شوێنێکی دی بەپێی ئەندازەی  جیاوای خێرایی لە سنوری خێراییە زۆرەکانی وەک روناکی دا و جیاوازی گرافیتی جیاوازی ھەیە، لەھەنێ شوێنی کەوندا کات ئەوەستێت و تێپەر نابێت لەھەنێ شوێنیشدا زۆر بەخێرایی تێدەپەرێت وە لەوەش سەیرتر لەوانەیە لەھەنێ شوێندا کات بگەرێتەوە بۆ دواوە یانی تۆ بگەرێیتەوە بۆ رابردوو و مناڵی خۆت ببینی!! 

کوپەر کە جوتیارێکە لەیەکێ لەویلایەتەکانی ئەمەریکادا و پێشتر فرۆکەوانی ناسا بوە و سەرو بەندی لەگەل کێشە  کۆسمۆلۆچیەکاندا ھەیە و کچێکی ھەیە مۆرفی کە لەدەوروبەری ھەشت ساڵیدایە و حەزێکی سەیری ھەیە بۆ کتێب خوێندنەوە و لەنێویشیاندا کێشە فیزیکی و کۆسمۆلۆچیەکان ھەر بەم ھۆیەشەوە ھەمیشە وەک ھاوکار و ھاورێیەکی باوکی دەرئەکەوێت، لەو سەردەمەدا زەمین بەرەو پیسبون ئەڕوات، گەردەلولە تۆزاویەکان بەرێژەیەکی نائاسایی ھەڵئەکەن لەو ناوچەیەدا، دەرد و پەتای ڕووەکەکان بڵاو ئەبێتەوە و گیا و سەوزایی بەرەبەرە بەرەو لەناوچون ئەچێت، و ژیانی ئۆرگانی لەزەمیندا لە داھاتویەکی نزیکدا بەرەو لەناوچون ئەچێت و زەمین ئەبێتە ھەسارەیەکی مردوو ناساز بۆژیان ،کوپەر رۆژێ بەڕێکەوت ڕێی ئەکەوێتە ناوچەیەکی نھێنی ناساوە لەو سنورەدا و ئەکەوێتە ناو بۆسەی سکیوریتی ناساوە و ئەیبەنە لای پرۆفیسۆر چۆن براند کە سەرپەرشتیکاری ئەو پرۆژە نھێنیەی ناسایە، لەبەرئەوەی کوپەر پێشتر لەناسا کاری کردووە ھاوڕێیەتی لەگەڵ پرۆفیسۆر ھەیە و پرۆفیسۆر پڕۆژە نھێنیەکەی بۆ ڕوون دەکاتەوە کە پرۆژەی ناردنی میژن یا کەشتیەکن کە بەخێرایی روناکی تێپەرێت بۆ گالاکسیەکی ھاوسێی گالاکسیەکەی خۆمان بۆ کەشفکردنی ١٢ ھەسارە لەنێو ئەو گالاکسیەدا کە ئەگەری ژیانیان تێدایە بۆ ئەوەی داھاتوی مرۆڤایەتی پێ ڕزگارکەن، چون داھاتوی مرۆڤایەتی لە ئایندەیەکی نزیکدا کۆتایی پێدێ لەسەر زەمین، چون زەمین بەھۆی پیسبونی تەکنەلۆژیەوە ژیانی تێدا نامێنێت،بەلام کوپەر ئەپرسێت بۆ بەنھێنی ئەم پرۆژەیە بەرێوە ئەبەن ئەویش لەوەلامدا پێی دەلێت کەبەشێ لەو پیسبون و گەردەلولانەی ئەم ناوچەیە پەیوەندی بەو پرۆژەوە ھەیە و روداوی سروشتی و ئاسایی نین لەبنەڕەت دا بۆیە گەر راگەیاندنەکان بزانن کە بەھۆی ئەم پرۆژەوەیە ئەیکەن بەکێشە و خەلکی لێناگەڕێت پرۆژەکە تەواو بێت، وە پرۆفیسۆر پێشنیار بۆ کوپەر ئەکات کە ژیانی خۆی بەخت بکات لەپێناو مرۆڤایەتی دا و لەگەڵ تیمێکدا بڕۆن بۆ کەشفی ژیان لەگالاکسیەکی نزیک لە گالاکسیەکەی خۆمان، کوپەر پاش پرسیار و گومانگەلێک لەسەر داھاتوی مرۆڤایەتی ڕازی ئەبێت بەوەی ئەمە بکات.

کوپەر و تیمەکەی بەرەو بۆشایی ئەفڕن بەخێرایی ڕووناکی و گالاکسی خۆمان بەجێدێڵن، بەچەن کاتژمێرێک ئەچنە نێو گالاکسیەکەی ترەوە کە ئەو چەن کاتژمێرە لە سەر زەوی بەزنیکی 27 ساڵ تێدەپەرێت! کوپەر ھێشتا چەن کاتژمێرێکی تێنەپەراندوە بەلام مۆرفی کچە بچوکە ھەشت ساڵەكەی نامەیەکی بە ڕادیۆ ئەکتیڤیتی دا بۆ دەنێرێ لە وێستگەکەی ناساوە کە تەمەنی نزیکی ٤٠ ساڵ بۆتەوە ! ئەمە ھەم کوپەر سوپرایز ئەکات و ھەم توشی خەمۆکی و قەھرێکی قولی دەکات، ھەرچەن بەپێی زانیاری لەسەر تیۆری ریفۆلیوشن پێشبینیەکی وای کردبو بەلام لەگەل ئەوەشدا ھەست بەجۆرێ لەپەشیمانی دەکات لەگەشتەکەیدا  و پرۆژەکە بەکارێکی ھەڵە دەزانێت بەلام ھێشتا کارەکەشیان تەواو نەکردوە بەڵکو تەنھا چەن کاتژمێرێکە دورکەوتونەتەوە و دەسیان بەبونیادنانی ڕەگەز و گەرای مرۆڤایەتی نەکردوە لەنێو ھەسارەکەدا کە وا بڕیارە ئەوان چەن ساڵێک لەوێ بمێننەوە بۆ ئەوەی نەوەی مرۆڤایەتی لەوێ بچێنن، بەلام ئەو چەن ساڵەی لای ئەمان بە سەدەھا ساڵ تێدەپەرێ لەزەمین دا بۆیە کوپەر ترسی لەوە ھەیە ئیدی کچەکەی نەبینێتەوە و کە دەگەرێتەوە بۆ سەر زەمین بەسەر نەوەی نەوەی کچەکەیدا بگەرێتەوە و کات درەنگ بوبێت ،لەکاتێکدا لەنێو تیمەکەیدا دکتۆر مان و کچەکەی پرۆفیسۆر جۆن براند کە ئێمیلا براندن دەیانەوێ پرۆژەکە بە ئەنجام بگات ھەر وەک حەزو خولیایەکی ھەموو زانایەک بۆ پرۆژەکەی و کارەکەی و خەونەکەی، بۆیە کێشە ئەکەوێتە نێوانیانەوە، بۆیە کوپەر دوای مشتومرێک و کێشەی زۆر دکتۆرە ئیمیلا قایل دەکات کە ھەدەفی گەشتەکە بگۆڕن بەوەی کە بەھۆی پەیوەندی کوانتۆمی و گراڤیتیەوە لەنێو سینگولارێتی دا، لەنێو بلاک ھۆلێکی ناو ئەو گالاکسیەوە بگەرێنەوە بۆ رابرد و کات ببرن و لەوێوە دەسکاری کۆدە کوانتۆمیەکانی گراڤیتی و زەمین بکەن تا بەجۆرێک لە جۆرەکان ڕێگە لەکارەساتی کۆتایی ژیان بگرن لەزەمین بۆیە کوپەر بڕیار دەدات خۆی بچێتە ناو بلاک ھۆڵەکەوە، کە لەوێدا چرکەیەکی ناو بلاک ھۆل ٧٢ کاتژمێری سەر زەمینە و تێدەپەرێت و دەگەرێتەوە بۆ جیھانی ئەودیو بلاک ھۆل  کە سیگۆلاریتیە و جیھانی رابردوە و کات تێیدا رابردوە و ئەگەرێتەوە بۆ کاتی بەر لەگەشتەکەو لەرێگەی کۆدە کوانتۆمیەکانەوە کە دیسانەوە ئەمەش پشت ئەستورە بەتیۆریای ماتماتیکیەتی گەردون و ڕابردوو داھاتوی زەمین دەگۆڕێت و ئیدی گەشتەکەی کۆتایی پێ دێنێت و دەگەڕێتەوە زەمین، بەلام ئەو گەڕانەوەی کە لای ئەو بە چەن کاتژمێرێک تێپەریوە لەسەر زەمین بە ١٢٥ ساڵ تێپەریوە و کە چاو دەکاتەوە لەسەر زەمینە، ئیدی ھەموو شتێک گۆڕاوە و کچەکەی پیرەژنێکە و نەوە و نەوەزاکانی بەدەوریدان و لە سەرە مەرگدایە لەکاتێکدا کوپەر ھێشتا گەنجە!

 ئەمە چیرۆکی فیلمەکەیە ئەوەی پەیوەندی بەفیزیاوە ھەیە لەگەڵ ھەموو ئەگەرەکانی خاوبونەوەی کات و قوپانی لە سنوری بلاک ھۆلەکاندا لە تیۆریای ڕیلەیتیڤیتیدا، بەڵام ئەوەی زۆر گرنگە ئاماژەی پێبکرێ بەپێی ڕای ستیفن ھاوکینگ لە نوێترین کتێبەکەیدا کە پاش مەرگی خانەوادە و ھاوڕێکانی بڵاویان کردەوە، کە کۆتا ڕاکانی ستیڤن ھاوکینگن، ئەویش ئەوەیە کە مرۆڤ گەر بشگەڕێتەوە بۆ ڕابردوو و کات ببڕێت ئەوا ناتوانێت دەسکاری کۆدە کوانتەمیەکان بکات و ژیان بگۆڕێت.

ئەوەشی پەیوەندی بەمرۆڤایەتیەوە ھەیە ئەوەیە کە ژیان بەردەوام ئەبێت بەلام ئەم ژیانە ژیانێکی تراژیدیە، ئێمە ئەچینە گالاکسی تر ، ژیان دەدۆزینەوە لەنێو ھەسارەکانی تردا، ئەگەڕێین گەڕانێکی قوڵ، پنت بەپنتی گەردون کەشف ئەکەین و داگیری ئەکەین بەڵام ھەموو ئەمانە بە تراژیدیەوە، غەمگینیەک بەرابەر گۆڕینی ھاوکێشەکانی وجود، ئاوەژوو کردنەوەی ئەو ھەموو میمۆریەی مرۆڤایەتی بەدرێژایی مێژوو لەگەڵ خۆیدا ھێناویەتی و بەئەمڕۆ گەشتووە، ئاوەژوو کردنەوەی یاسا نۆرمالەکانی بایەلۆجی و فیزیا و کیمیا و جیۆلۆجی، ئاوەژوو کردنەوەی جیناتی مرۆڤایەتی، مرۆڤ ئەکەوێتە حاڵەتێکی نامۆوە لەگەڵ وجودی خۆیدا، ئەزانی ھیچ شتێکیش ھێندەی ئەوە مرۆڤ غەمگین و قەھربار ناکات کە نامۆبێت بە وجودی خۆی، مرۆڤ ئەکرێ لە ژینگە،لەوانی دی، لە کەون نامۆبێت و ئاسایش وەریگرێت بەلام کاتێک مرۆڤ ئەگاتە ئەو ئستەی کە نامۆیە لەگەڵ وجودی خۆیدا، تێناگا بۆ پیر نابێت و ئەو گۆڕانە بایەلۆجیانەی لەناو جەستەیدا روو ئەدەن و ھیچکام لەمانەش ئیشی خوانین تێناگات چۆن ئیدی لەکەونێکی تر و لەھەسارەیەکی ترەوە دەسپێبکات و ھیچ باگراوەندێکی نیە لەسەر بون و ستراکجەرە نوێکەی خۆی، لێرەدا ئیدی دائەڕمێ، ئیدی غەمگین ئەبێت، ئیدی ئەچێتە دۆخی نھێلیستیەوە، مرۆڤ تا ئەمڕۆکەش  نھێلیستی راستەقینە نەبوە، مرۆڤ تا ئەمڕۆکەش گەرچی زانیاریشی نەبوبێت لەسەر گۆڕانکاریە سروشتییەکان بەڵام مرۆڤێکی باوەڕدار بووە بەخودا و شەیتانەکان، بەڵام مرۆڤی ئەمرۆ ئەم ستایلە نوێیەی مرۆڤ مرۆڤێکی بێ باوەڕە بەمیتافیزیکا و ئەو دیو سروشت، مرۆڤێکە ئیدی نھێنیەکان ناگەڕێنێتەوە بۆخودا، بۆیە مرۆڤ ئیدی لێرەوە بێھیوا ئەبێت، بێھیوایەکی قوڵ قوڵ ڕووی تێدەکات، ئەم داھاتووە تراژیدییەی مرۆڤایەتی ئەمانباتەوە بۆ ئەفسانەی سیزف کە ژیان چۆن بە بێھودە بەردەوام ئەبێت و ئەشبێ و ئەبێ بژین.

فیلمەکە لە جۆری خەیاڵی زانستیە و لە 2014 بەرھەم ھاتووە و  نوسەری فیلمەکە جۆناتان نۆلانە و لەدەرھێنانی کریستۆفەر نۆلانە، ئەکتەرە سەرەکیەکانی ماسیۆ دریڤد مەکاونی کە ڕۆڵی کوپەر دەگێرێت و جێسیکا مێشڵ چێستن کە ڕۆڵی مۆرفی کچی کوپەر دەگێڕێت و  ئان ھەسوی کە ڕۆلی دکتۆرە ئیمێل براند کە کچی دکتۆر جۆن براندە دەگێڕێت. بودجەی فیلمەکە $165 ملیۆن دۆلاری ئەمەریکیە، بڕی پارەی بەرھەم ھاتوی فیلمەکە 677.5$ ملیۆن دۆلاری ئەمەریکیە.
یەکەمین پەخشە سینەماییەکانی فیلمەکە لە چین و ئەمەریکا و بەریتانیا پەخش کراوە.