close-icon

چوونەژوورەوە

شەن و کەوێک بۆ کورتە فیلمی دواهەمین وێنە

858 جار بینراوە

...کوردسینەما- کورتە فیلمی (دواهەمین وێنە)کە نزیکەی حەوت خولەکە و لە دەرهێنانی (خەسرەو حەمە کەریم) و بیرۆکەی (بەختیار عەلی)ـیە،
یەکێکە لە جوانترین و باشترین ئەو کورتە فیلمانەی 
کە من بینیوومە..

هەر چەندە تەواوی فیلمەکە هیچ گفتوگۆیەکی تێدا نیە،بەڵام دەرهێنەر زۆر زیرەکانە لە رێگەی زمانی جەستە و ئاماژەکانەوە هەموو مەبەستەکانی خۆی دەگەینێ و کۆدەکان بۆ بینەر شیدەکاتەوە. 
بیرۆکە و پەیامی فیلمەکە کار لەسەر دان بەخۆداگرتن و هیوا و ژیانەوە دەکات،پێمان دەڵێت:هیواتان هەبێ و چاوەروان بن،کات هەموو کێشەکان چارەسەر دەکات،گەر دەرگایەکیش بەرەو ڕووتان داخرا هیواتان هەبێ لە کۆتاییدا دەرگایەکی تر دەتانگەیەنێت بە بەختەوەری.
تەواوی فیلمەکە بەسەر پێنج دیمەندا دابەش بووە.

دیمەنی یەکەم
ماڵێکی خامۆش و بێ رەنگ،مێزێک،پەردەیەک و وێنەی کوڕو کچێکی لە چوارچێوە گیراو،خەتێکی رەش لە سوچێکی وێنەکە دراوە،هەمان کچی ناو وێنەکە دەرگا دەکاتەوەو دێتە ژوورەوە،بێ هێز دیارە،لەو مرۆڤانە دەچێ کە بابەتێک هەموو بیرکردنەوەو خەیاڵیانی داگیرکردبێ،سەرەتا شێوەیەکی خەیاڵی کوڕەکەی ناو وێنەکە وەکو تارماییەک دەبینێ و زەردەخەنەیەکی زیندووی بۆ دەکات،سەیرێکی وێنەی سەر مێزەکە دەکات،بە سۆزو خۆشەویستیەوە دەست بەرووخساری کوڕەکەدا دێنێ.

دیمەنی دووەم
چرکە ژمێری کاتژمێرەکە پێشان دەدات و چرکەکان دەژمێرێ، ئاماژەیە بۆ رۆژێکی ترو کاتێکی تر،دووبارە کچەکە دێتەوە بۆ ماڵەکەی،دووبارە شێوەی خەیاڵی کوڕەکە دەبینێتەوە بەڵام بێ ئەوەی هیچ زەردەخەنەیەک بکات،سەیرێکی وێنەکەی خۆی و کوڕەکە دەکات و دەبینێ تۆزی لێنیشتووە،بە قۆڵی بلوزەکەی وێنەکە خاوێن دەکاتەوە،کە ئەمەش ئاماژەیە بۆ خۆشەویستی،وا دەردەکەوێ هێشتا ئەو خەیاڵە مێشکی داگیرکردووە.

دیمەنی سێیەم
دەنگی شوڕەو هاژەی ئاو دێ و کچەکە بە روبێکەوە کە تازە لە گەرماوەوە دەرچووبێ دەردەکەوێ،کە ئەمەش ئاماژەیە بۆ سەرقاڵ بوون بەژیانەوە،دیسان شێوەیەکی خەیاڵی کوڕەکە دێتە پێش چاوی و بێ ئەوەی هیچ کاریگەری هەبێ،زوو چاوی بە وێنەکەی هەردووکیان دەکەوێ و دەبینێ تەواو پیس بووە،هەوڵ دەدات خاوێنی بکاتەوە،لێرەدا کچەکە وا دەردەکەوێ کە هەست بەگوناح بکات،ئەمەش ئاماژەیە بۆ ئەوەی کە کچەکە هیوایی ژیانێکی نوێ دەخوازێ و دەیەوێت رابردوو فەرامۆش بکات.

دیمەنی چوارەم
چرکە ژمێرەکە دەروا،دواتر سێبەری چرکە ژمێرەکە پێچەوانە دەبێتەوە،ئەمەش ئاماژەیەکی زۆر ناوازەی دەرهێنەرە و پێمان دەڵێت:ئێمە هەرچەندە بمانەوێ یادگارییەکانی رابردوو لەبیربکەین،بەڵام یادگارییەکان هەر لەگەڵمان دەمێننەوەو ناتوانین بەتەواوی خۆمانی لێ دەرباز بکەین و مرۆڤ هەمیشە پێیەکی لە رابردووی خۆیدایە.

دیمەنی پێنجەم
چەند رەنگێک،میوزیک.
کچەکە دەردەکەوێ و میکیاژ دەکات،نامەیەکی لە مۆبایلەکەوە بۆ دێ، زەردەخەنەیەک دەکات،دەرگا دەکاتەوەو دەچێتەوە دەرەوە.وێنە لە چوارچێوە گیراوەکەی خۆی کوڕەکەش سپی بۆتەوەو بە ئاستەم دەزانرێ کە وێنەیە،ئەمەش ئاماژەیە بۆ دووبارە دروستکردنی ژیانێکی نوێ و رابردوویەکی جوان و خاوێن