close-icon

چوونەژوورەوە

شەن و کەوێک بۆ فیلمی Alien: Covenant

1268 جار بینراوە

...کوردسینەما - لە فیلمە ئۆریجناڵەکەی "ئاڵیەن"دا، کارەکتەرێک هەبوو بەناوی "ئاش" کەوا ئەوەندە سەرسام بوو بە "بوونەوەرە نامۆکان" هەڵسا بە ڕێگەپێدانیان بۆ ناو کەشتیە ئاسمانیەکەی خۆیان. لە "ئاڵیەن :کۆڤێنەنت"دا هەمان حاڵەتمان هەیە، بەڵام ئەمجارە ئاکتەر" مایکڵ فاسبێندەر" ئەم کارەکتەرە بەرجەستە دەکات و هەمان سیفەتەکانی "ئاش" ی هەیە ...

لە "کۆڤێنەنت"دا ئەوەم بۆ دەردەکەوێت کەوا "دەیڤد" (ئەو کارەکتەرەی فاسبێندەر بەرجەستەی دەکات) بۆ ماوەی ١٠ ساڵ لەسەر هەسارەکەدا ماوەتەوە دوای ئەوەی لە کۆتایی فیلمی "پڕۆمیثیەث"دا، کەشتیە ئاسمانیەکان تەقیەوە. لە سەرەتای زنجیرە فیلمەکانی ئاڵیەنسدا کە لە ساڵانی حەفتاکان و هەشتاکانی سەدەی ڕابردوودا کەوتنە سینەماوە،  شێوازێکی فیلمی ترسناک بەدی دەکرا، بەڵام لە فیلمەکانی ئەم دواییە ڕێچکەیەکی ژانرەی زانستی خەیاڵیان گیراوەتە بەر کە وەک وەشانێکی فیلمەکانی "فڕانکشتاین" وایە. بەڵام ئامان سەد ئامان کەوا "دەیڤد" هاوشێوەی درووستکەری فڕانکنشتاین، دڕندەیەکی خۆی درووستدەکات. لەم بەشەدا، کۆمەڵە ئاکتەرێکی تەواو نوێ بەدی دەکرێن کەوا بەهۆی پێدانی هیچ زانیاریەک لەسەر ئەو کارەکتەرانە و پەلەکردنی فیلمەکە لە بەردەوامبوونیدا، بینەران فیلمی یەکەم کە "پڕۆمیثیەث" ی پڕ هەڵەیە،  وەک شاکارە ئەسڵەکەی جەیمس کامیڕۆن دێتە بەرچاو کە لە ساڵی ١٩٧٩ دەریکردبوو.
دیارترین ئاکتەری نوێ لە فیلمەکەدا ، "کاذرین واتەرسن"ە لە ڕۆڵی "دانیێڵس" کەوا ڕۆڵێکی هاوشێوەی "سیگڕنی ویڤەر – ڕیپڵی"ی فیلمە ئەسڵەکان بەرجەستە دەکات، بەڵام لێرەدا کارەکتەرەکە کراوەتە کەسێکی گرینۆک کەوا زیاتر لە ڤێڕۆنیکا کاڕترایت دەچێ کە لە فیلمە ئەسڵەکاندا کارەکتەری " لامبێرت"ی بەرجەستە کردبوو، لەوەی کەوا بە "ریپڵی"ەکەی "ویڤەر" بچێت. کێشەکەدا لێرەدا ئەوەیە دەرهێنەر "ڕیدلی سکۆت" خانمە ئاکتەر "کاذرین واترسن"ی قەشەنگی کردۆتە کەسێکی ترسنۆک و گرینۆک، ئەمەش یەکێکە لە کێشە هەرە گەورەکانی فیلمەکە...
جگە لە کەسایەتیە لەخۆبایی و قسە زلەکەی ئاکتەر "دانی مکبڕاید" بەناوی "تێنیسی"، تەواوی ئەندامانی کەشتیە ئاسمانیەکە، کارەکتەری لەیادکراو و بێ کەڵکن، و لە دیمە ئاکشنیە توندوتیژیەکاندا، هیچ هەستێکت بۆیان نییە! لە فیلمە ئەسڵیەکەی ئاڵیەنسدا، ئاکتەر "تۆم سکێریت" ڕۆڵی کاپتن داڵاسی سەرکردەی کەشتیەکەی دەگێڕا و ڕۆڵێکی گەورەی لە فیلمەکەدا هەبوو. کەچی لەم بەشەدا مردنە زوو و لەناکاوەکەی "بیڵی کڕەدپ"ی کاپتنی کەشتی، تەواوی ئەندامانی کەشتیەکە بێ بەرنامە و نەزان دەکات. هەروەها فیلمەکە لە سەرەتادا کارەکتەرێکی مردوومان پێ نیشاندەدات کە "جەیمس فڕانکۆ" ڕۆڵەکەی بەرجەستە دەکات کە گوایە کاپتنی کەشتیەکە بووە ، کەچی وەک بینەر هەست بە نەقسێک دەکەی کەوا کاپتنی کەشتیەکە پێشوەختە شتێکی بەسەرهاتووە و تۆ نەتبینیوە.
هاوشێوەی فیلمی "پڕۆمیثیەث"ی پێش خۆی، لێرەدا زۆر شت دووبارە دەبنەوە. کارەکتەرە دڕندەکانی ئالیەکان، هاوشێوەی فیلمێکی ترسناک نین کەوا هەرکاتێ بینران ، کارەکتەری فیلمەکە دەست بە هاوار و ڕاکردن بکات. لێرەدا سی جی ئای ئەو بوونەوەرانە زۆر لەرزۆکە، بەشێوەیەک کە هیچ چێژێک بە بینەر نابەخشێ و قوربانیەکان وەک گەمژە دەردەخات. تاکە شت کەوا دەرهێنەر سکۆت تەرکیزی لەسەر کردووە، دەرکەوتنی کارەکتەری "دەیڤد" و هاوشێوە ساختەکەیەتی کە دانەیەکیان هی فیلمی "پڕۆمیثیەث" و دانەیەکیشیان لەم بەشەدا ساختە کراوە.
لێرە کەسایەتی دەیڤد شێوازێکی ئاکتەر "پیتەر ئۆ تووڵ"مان بیردێنێتەوە کەوا لە فیلمی "لۆرێنس ئۆف ئەرەیبیە"دا بەکاریهێنابوو، بە گوتنەوەی گۆرانی " مان هو بڕۆل ذە بانک ئەڤ مۆنتی کاڕلۆ" و فێرکردنی هاوشێوەکەی خۆی "واڵتەر" کە چۆن ئامێری جۆراوجۆ درووستبکات. فیلمەکە بەشێوەیەکی دیار پڕ جۆش و خرۆش نییە، تەنها لە دیمەنێکدا نەبێ کە تیایتدا کارەکتەرەکەی خانمە ئاکتەر واتەرسن دەیەوێ هاوشێوەی ڕیپڵی لە فیلمە کۆنەکان هەندێ بوونەوەر بکوژێت. بە گشتی، ئەم فیلمە پڕە لە هەندێک دەرکەوتنی بوونەوەرەکان کە ئەوەندە خێرا دێن و دەڕۆن، بینەر هیچ چێژی لێیان نابینێت لەگەڵ تاقمی کەشتیەکە کەوا لە کاتی سەیرکردنیان هیچ هەست و سۆزێکت بۆیان نابێ، هەربۆیەش ئەم فیلمە بە ئەستەم دەتوانێ جێگای خۆی لە دڵی هەموواندا بکاتەوە.