close-icon

چوونەژوورەوە

دووبارە ناکۆکی نێوان سپیلبێرگ و نێتفلیکس

1363 جار بینراوە

...فیلمی "ڕۆما" خەڵاتی باشترین دەرهێنەری پێشکەش بە (ئەلفۆنسۆ کوارۆن) کرد ، بەڵام (سپیلبێرگ) بەڕاستی نازانێت. ئەو پێی وانییە پێویست بکات کە فیلمەکانی (نێتفلیکس) بپاڵێورێن بۆ خەڵاتەکانی ئۆسکار ، وە دەیەوێ ئەکادیمیا هەموو خزمەتگوزاریە میدیایەکانی فیلمی وەک (نێتفلیکس) لە داهاتوودا ئەو مافەیان لێ بسەنرێتەوە. ئەم لێدوانەش کاردانەوەی لێکەوتەوە لەلایەن چەندین کەسایەتی، لەنێویاندا دەرهێنەر (ئەیڤا دیڤۆرنێی) کە لە ئێستادا خەریکی چەند پڕۆژەیەکە لەگەڵ نێتفلیکس و لە داهاتوودا ڕەنگە مافی پاڵاوتن یاخوود بردنەوەی ئۆسکاری پێبدرێ.

(ئەیڤا) لە تویتەری فەرمی خۆیدا تویتێکی کردووە و نووسیویەتی " ئەکادیمیای ئازیز، ئەمە کۆبوونەوەی فەرماندارانە و ئەندامە ئاساییەکانی لق ناکرێ لەوێ بن. بەڵام هیوادارم گەر ئەمە ڕاست بێت، کە ئێوە بەرهەمهێنەران و دەرهێنەرانی وەکو منتان تێدایە کە جیاواز هەست دەکەن و بیر دەکەنەوە. سوپاس، (ئەیڤا دیڤۆرنێی)."

ئەو لە ئێستادا ١٣ فیلمی لە (نێتفلیکس)ـدا هەیە و فیلمی (When They See Us)ـیشی بەمزووانە بڵاودەبێتەوە. (ئەیڤا) داوای ئەوە دەکات کە ئەو دەرهێنەر و بەرهەمهێنەرانەی دژی بۆچوونەکەی (سپیلبێرگ)ـن قسە بکەن و دەنگیان هەبێت. دیار نییە کە ئایا (ئەلفۆنسۆ کوارۆن) کاردانەوەی دەبێت بۆ ئەو قسانە یاخوود نا، لەکاتێکدا ئەو ئۆسکاری خۆی بردووە. لەوانەیە دووبارە پشتی خزمەتگوزاریە مێدیاییە زەبەلاحەکانی پەخشکردنی فیلم بگرێت. وە فیلمەکەی (مارتن سکۆرسێزی)ـش چەند مانگێکی ماوە بۆ دەرچوونی لە (نێتفلیکس). ئایا غیرەتی ئەوەی هەیە پشتی (سپیلبێرگ) بگرێت و خۆی بێبەش بکات لەو خەڵاتانەی کە لە داهاتوودا دەشێت بەهۆی (زە ئایریشمان)ـەوە چاوەڕێی بکات!

بەدەستهێنانی سێ خەڵاتی ئۆسکار لەلایەن "ڕۆما"ـوە ڕووداوێکی مەزن بوو بۆ (نێتفلیکس) ، کە چەندین ملیۆن دۆلاریان تێدا خەرج کرد. "ڕۆما" هەروەها پاڵێوراوی باشترین فیلم بوو بەڵام بەهۆی فیلمی " پەڕتووکی سەوز"ـەوە لەدەستیدا ، کە ئەمەش لەگەڵ خۆیدا چەندین مشتومڕی لەسەر دەستەی بەڕێوەبەرانی خەڵاتەکە بەجێهێشت.

هاوکات "ڕۆما" یەکەم فیلمی (نێتفلیکس) نییە کە بەمشێوەیە سەرکەوتوو بێت لە خەڵاتەکانی ئۆسکاردا، لە ساڵی ٢٠١٧ـشدا (نێتفلیکس) توانی جێ پەنجەی خۆی بنەخشێنێ بە چەندین فیلمی ناوازە.

(سپیلبێرگ) دەیەوێ هەموو فیلمەکانی (نێتفلیکس) قەدەغە بکرێت لە ئۆسکار و نەکەونە ژێر سەرنجی لێژنەی ئەکادیمیەوە. ئەو لە ڕابردووشدا بەهەمان شێوە ڕەخنەی لەوبارەیەوە گرتووە، کە گوتی ئەو فیلمانە بە دەگمەن لە سینەماکاندا پەخش دەکرێن، وە پەخشەکانیشیان زۆر سنووردارە. (نێتفلیکس) زیان لە شێوازە باوەکەی نمایشکردنی فیلمەکان دەدات، وە ئەمەش زۆربەی هونەرمەندانی هۆڵیوودی تووڕە کردووە. هەرچەندە کۆمەڵێک، وەکو دەرهێنەر (مارتن سکۆرسێزی) کە فیلمە نوێکەی بەناوی "زە ئایریشمان" لە (نێتفلیکس) پەخش دەکرێت لە وەرزی پایزدا، ستایشی ئەو بڕە پارەیە دەکات کە کۆمپانیاکە پێشکەشی دەکات. بۆ نموونە فیلمێکی وەک "ڕۆما" بەمشێوەیە نەدەبوو گەر دەرهێنەرەکەی ئازادی تەواوی نەبوایە و ستۆدیۆیەکی گەورەی بۆ تەرخان نەکرابوایە.

(ستیڤن سپیلبێرگ) بە فیلمەکانی (نێتفلیکس) دەڵێت "فیلمی تەلەفزیۆنی"، وە دەشڵێت کە نەدەبوایە فیلمەکانی وەک "ڕۆما" و "پەخشانە شیعرییەکانی بەستەر سکرەگس" ئەمساڵ بپاڵێورابان. (نێتفلیکس) بۆماوەی سێ هەفتە "ڕۆما"ـی خستە سینەماوە ، بەڵام بیرو بۆچوونی (سپیلبێرگ) هەروەک خۆی مایەوە.

(سپیلبێرگ) چاوەڕێی گۆڕینی یاسای ئەکادیمیا دەکات، بەشێوەیەک کە فیلمی وەک "ڕۆما" لە داهاتوودا لە کێبڕکێکانی ئۆسکار دووربخرێتەوە. ئەو مانگی داهاتوو کەیسەکەی پێشکەش بە لێژنەی کارگێڕی ئەکادیمیا دەکات.

هەندێک لە کۆمپانیاکانی بەرهەمهێنان گلەیی ئەوە لە (نێتفلیکس) دەکەن کە گوایە ئەوان پارەیەکی خەیاڵی لە فیلمەکانیان خەرج دەکەن بۆ کێبڕکێی ئۆسکار، کە هەندێک سەرچاوە بە پەنجا ملیۆن دۆلار یان زیاتری مەزەندە دەکەن. کە ئەوەش دە ئەوەندەی ئەو بڕە پارەیەیە کە کۆمپانیای (یونیڤێرساڵ) خەرجی کرد بۆ بەرهەمهێنانی فیلمی "پەڕتووکی سەوز".