close-icon

چوونەژوورەوە

فیلمێک تێڕوانینێک، لە زانکۆی سلێمانی دەستیپێکرد

1819 جار بینراوە

کۆلێژی هونەر لە زانکۆی سلێمانی بە هاوبەشی لەگەڵ کوردسینەما دەستیان کرد بە نمایشکردنی فیلم لە ناو زانکۆی سلێمانی.
فیلمێک تێڕوانینێک پرۆژەیەکی بەشی فیلمسازی زانکۆی سلێمانیە کە وەک سەرپەرشتیارانی پرۆژەکە ڕایانگەیاند ئامانجی ئەم پرۆژەیە ئەوەیە کە فیلمە ناوازەکانی جیهان نمایش بکرێت و دواتر گفتوگۆی لەسەر بکرێت، ناوی پرۆژەکەش (فیلمێک تێڕوانینێک) بە مانای ئەوەیە کە هەر کەسێک کە تەماشای فیلمێک دەکات تێڕوانینێکی بۆ فیلمەکە لا دروست دەبێت کە زۆر جیاوازە لە تێڕوانینی کەسێکی تر، بۆیە ئەم پرۆژەیەش دەیەوێ ئەم گفتوگۆیە دروست بکات و تێڕوانینی هەمووان بزانێ لەسەر فیلمەکان لە کاتی گفتوگۆدا، کە هەر فیلمەو لە لایەن سینەماکارێک یاخود مامۆستایەکی بەشی سینەما گفتوگۆی لەسەر ئەکرێت.
وە هەروەک ئاماژەیان پێداوە بەدەمەوە هاتنی ئەم پرۆژەیە جێگای خۆشحاڵیە و دەوڵەمەند کردنی ئاستی زانیارییە لەسەر دنیای سینەما 
لە کۆتایدا سوپاسی کوردسینەما دەکەن و دەڵێن، "بێگومان هیچ کارێک نە بەبێ هاوکاری دروست دەبێت و نە بەردەوامیش دەبێت، سروشتی مرۆڤ وایە کە ناتوانێ بەتەنها خۆی هەموو کارێک بکات، بۆیە بەردەوام پێویستی بە هاوکاری ئەوانی ترە، بۆیە زۆر سوپاسی ئەو هەڵوێستە جوانەی کوردسینەما دەکەین کە ئامادەیی خۆی بۆ ئەم پرۆژەیە دەربڕی" 
جێی ئاماژەپێدانە کە ئەم پرۆژەیە هەموو ڕۆژانێکی سێشەممە کاتژمێر یەکی پاش نیوەڕۆ لە هۆڵی (عەلی جۆڵا) لەناو کۆلێجی هونەرەجوانەکان لە زانکۆی سلێمانی بێ بەرامبەر فیلمێک نمایش دەکات
شایەنی باسکردنە کە هەمیشە کوردسینەما ئامادەیی خۆی دەربڕیوە بۆ هەر ناوەندێک کە بتوانێت بێبەرامبەر خزمەت بە فیلم و سینەما بکات.