close-icon

چوونەژوورەوە

سێیەمین فێستیڤاڵی فیلمی نێودەوڵەتیی سلێمانی دەستپێدەکات

3947 جار بینراوە

سبەی سێیەمین فێستیڤاڵی فیلمی نێودەوڵەتی سلێمانی بە سپۆنسەری میدیایی تۆڕی میدیایی رووداو دەست بە کارەکانی دەکات و ئامادەکارییەکان بۆ بەڕێوەچوونی فێستیڤاڵەکە کۆتاییهاتووە و ژمارەیەک لە میوانەکانیش کە بۆ فێستیڤاڵەکە بانگهێشتکراون، گەیشتوونەتە شاری سلێمانی.

ئەرکان عەلی، پەیامنێری رووداو لە سلێمانی رایگەیاند، هەموو ئامادەکارییەکان بۆ بەڕێوەچوونی سێیەمین فێستیڤاڵی فیلمی نێودەوڵەتی سلێمانی کۆتاییهاتووە، کە سبەی چوارشەممە (10-10-2018) لە تەلاری هونەر لە شاری سلێمانی دەستپێدەکات و بۆ ماوەی 7 رۆژ بەردەوام دەبێت.

ژمارەیەک لەو میوانانەی بانگهێشتی فێستیڤاڵەکە کراون، گەیشتوونەتە شاری سلێمانی، لە ماوەی هەفتەیەکی بەڕێوەچوونی فێستیڤاڵەکە 122 فیلم لە 52 وڵاتەوە بەشداری پێکراوە، فیلمەکان لە 3 هۆڵی جیاواز لە سلێمانی نمایشدەکرێن.

لەسەر ئاماده‌كارییه‌كان بۆ فێستیڤاڵەکە و ئه‌و كه‌سانه‌ی تاوەکو ئێستا گه‌یشتوونه‌ته‌ سلێمانی‌ بۆ به‌شداریكردن لە فێستیڤاڵەکە، مەنسوور جیهانی، بەڕێوەبەری راگەیاندنی سێیەمین فێستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی سلێمانی لە لێدوانێکدا بە رووداوی راگەیاند: "کۆمەڵێک میوان لە وڵاتانی جۆراوجۆر سەردانی شاری سلێمانی دەکەن، دوێنێ جۆرج قەرداحی، رۆژنامەڤانی بەناوبانگی لوبنانی گەیشتە شاری سلێمانی، هاوکات سینەماکاری ناوداری ئێرانی مەجید مەجیدی، محەممەد ئەسڵانی، رەوان بەخش سادقی و ژمارەیەک لە میوان لە وڵاتە جۆاروجۆرەکانەوە لەو فێستیڤاڵە بەشداریدەکەن".

مەنسوور جیهانی، دەڵێت: "لە فێستیڤاڵەکەدا 16 فیلمی بڵندی سینەمایی، کە لە زۆربەی فێستیڤاڵە گرنگەکانی دونیا فیلەکان نمایشکراون، لەو فێستیڤاڵەشدا نمایشدەکرێن".

بەڕێوەبەری راگەیاندنی سێیەمین فێستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی سلێمانی، دەشڵێت، بە خۆشحاڵییەوە ئەمساڵ بەڕێز کاک نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکوەزیرانی حکومەتی هەرێمی کوردستان، 70%ـی میزانییەی فێستیڤاڵەکەی دابینکردووە، جێگەی دەستخۆشییە کە بەردەوام ئاگای لە چالاکییە هونەری و سینەماییەکان بووە.

شایەنی باسە کە لە لایەن کوردسینەما کاری وەرگێڕان و ژێرنوسی کوردی بۆ فیلمەکانی فێستیڤاڵ ئەکرێت.