close-icon

چوونەژوورەوە

تێڕامانی ئەڵقەی هەشتەم /وەرزی شەشەمی زنجیرەی گەیم ئۆف ثرۆنز

1709 جار بینراوە

ڕوونکردنەوە :
گەیم ئۆف ثرۆنس -- وەرزی شەش - ئەڵقەی هەشت
Spoiler Alert 
( پێش خوێندنەوەی ئەم بابەتە سەیری ئەڵقەکە بکە بە ژێرنووسکراوی کوردی لە ڕێگەی ئەم لینکەوە ...... http://kurdcinama.com/drama_details.aspx?type=22 )
بینیمان لەم ئەڵقەیەدا ( زە هاوند ) ئەگەڕا بە دوای ئەو کەسانەی کە لە ئەڵقەی پێشوودا هێرشیان کردبووە سەر شوێنەکە و هەمووانیان کوشتبوو ، هەر لەم کاتانەدا ( زە هاوند ) هەر چوار کەسەکەی دۆزیەوە بەڵام بە ژێردەستەیی چەند دوژمنێکی کۆنی خۆی ، ئەوانیش گروپی ( برایەتی بێ ئاڵا ) بوون ، هیچ کێشەیەک ڕووی نەدا لە نێوان برایەتیەکە و زە هاونددا جگە لەوەی زە هاوند داوای ئەوەی ئەکرد کە زیندانیەکانیان لێ وەربگرێت خۆی بیانکوژێت ، دوای کەمێک گفتوگۆ ڕێک دەکەون بەڵام ئەوەی لێرەدا گرینگە ئەوەیە کە ئایا ئەم گروپی برایەتیە بەرە و کوێ ئەچن وە بۆ ؟!
ڕایەک هەیە ئەڵێت کە بە ڕێگاوەن بۆ باکور ، چونکە وەک لەلامان ئاشکرایە ئەندامێک لەم برایەتیە قەشەی خوای ڕووناکیە و توانای ( ڤیژن )ی هەیە ، وە بەهۆی ڤیژنێکیەوە توانیویەتی واکەرەکان ببینێت و ئیتر بڕیاریان دابێت کە بچن بەرە و باکور
( ڕیڤەر ڕەن )....
بڕیێن گەیشتە ڕیڤەر ڕەن و پێش ئەوەی ڕێگە بدرێت بچێتە ناو قەڵاکە کۆنە هاوڕێی خۆی ( جەیمی لانستەر )ی بینی ، وا دیارە بڕیێن ئێستا جگە لە شەڕکردن توانای بیرکردنەوە و پلان دانانی هەیە چونکە بە شێوەیەک قەناعەتی بە جەیمی کرد کە ڕێگەی بدات بچێتە ناو قەڵاکە و پلانەکەشی ئەوەبوو کە ئەگەر ڕێگە بە سوپاکەی ئێدمۆر تولی بدات بچێت بۆ باکور ئەوا بلاکفیش قەڵاکە ئەدات بە دەستەوە ، بڕیێن سەرکەوتوو بوو لەوەدا بەڵام دواتر نەی توانی بلاکفیش ڕازی بکات .
جەیمی چوو بۆ لای ئێدمۆر و قسەی لەگەڵ کرد لەسەر بە دەستەوەدانی قەڵاکە ، بەڵام ئێدمۆر خۆی نە ئەدا بە دەستەوە هەتا ئەو کاتەی جەیمی باسی منداڵەکەی بۆ کرد ، ( بۆ ئەوانەی کە ئاگادار نین ... ئێدمۆر تولی لە ڕێد وێدینگدا کچێکی واڵدەر فرەی هێنا ، ڕاستە ڕێد وێدینگ هەر لە هەمان ڕۆژدا بوو بە گۆڕستانی ستارکەکان بەڵام پێش ئەوە ئێدمۆر لەگەڵ ژنەکەیدا ڕۆیشتبوون و هەر بۆیەش دوای ماوەیەک ژنەکەی منداڵی بوو بەڵام ئێدمۆر تا ئێستا منداڵەکەی نەبینیووە و ژنەکەشی لەو شەوەوە نەبینیوەتەوە ) ، ئێدمۆر ڕازی بوو قەڵاکەی بدات بە دەستی جەیمی و بە شەرتی پاراستنی تەواوی سەرباز و دانیشتوانەکەی و ڕاکردنی خۆشی ، بۆیە لۆرد ئێدمۆر لەگەڵ سوپاکەیدا ڕیڤەر ڕەنی بەجێ هێشت بەڵام بلاکفیش بەمە ڕازی نەبوو وە کوژرا لەو کاتەی کە خۆی بەتەنها شەڕی ئەکرد دژی سەربازەکانی جەیمی ، ئەمەش شتێکی زۆر ناخۆش بوو چونکە بلاکفیش یەکێک بوو لە سەرکردە بەتوانا و زیرەکەکانی وێسترەس و شایەنی مردنێکی بەم شێوەیە خێرا نەبوو .
( کینگس لاندینگ )..... 
ڕووداوەکانی پایتەخت کاتێک دەستیان پێکرد کە گەورەی سپارۆکان فەرمانی دابوو بە پیاوەکانی کە سێرسی بهێنن بۆ لای ، ئەمەش بە سەرپەرشتی ( لانسێڵ لانستەر )ی ئامۆزای سێرسی خۆی ، بێگومان شاژن ئەمەی ڕەتکردەوە و فەرمانی بە ( زە ماونتن )دا کە بیپارێزێت ، ئەمەش زۆری نەخایەند و سپارۆکان کشانەوە کاتێک زە ماونتن دانەیەکیانی گرت و زۆر بە دڕندانەیی کوشتی و ملی لێکردەوە ، ئەمەش هەستێکی دڵنیایی دا بە سێرسی بەڵام ئەمیش زۆری نەخایاند و کە چووە بەردەم پاشا گوێی لە بڕیارێک بوو کە خۆی زەرەرمەندی سەرەکی ئەبێت لێی ، ئەویش ئەوە بوو کە نابێت چیتر دادگایی بە شەڕ بکرێت ، ئاشکراش کرا کە بە نزیکترین کات گەورەی سپارۆکان خۆی دادگایی ( لۆراس تایڕێڵ ) و ( سێرسی لانستەر ) ئەکات و بە هیچ شێوەیەکیش نابێت بڕیاری دادگاییەکە بکەوێتەوە سەر ئەنجامی شەڕکردنێک ، سێرسی کە ئەمانەی بیست تێک شکا و گفتوگۆیەکی لەگەڵ کیبۆرن`دا کرد ، ئەو گفتوگۆ زۆر کورتە ئەگەری هەیە تیۆری ( وایڵد فایەر ) پشتڕاست بکاتەوە .
(( ئەگەر داواکاری زۆر لەسەر بوو بابەتێکی جیا لەسەر تیۆری وایڵد فایەر ئەنووسم چونکە قسەی زۆر لەسەرە و ناکرێت ئەم بابەتەی ئێستاش بەو شێوەیە درێژ بکەینەوە ))
( بڕاڤۆس ).......
لە ئەڵقەی پێشوودا بینیمان کە ئاریا چەقۆی لێدرا بەڵام نەمرد و ڕایکرد ، تاکە کەسیش کە بچێت بۆ لای و خۆی ڕزگار بکات تەنها ( لەیدی کرەین )ی ئەکتەری شانۆکە بوو ، لەیدی کرەین برینەکانی ئاریای تیمار کرد بەڵام زۆری نەخایاند خزمەتکارەکەی جاکن هەیگار هات و لەیدی کرەینی کوشت ، بەڵام ئاریا دووبارە ڕایکرد و ویستی خۆی ڕزگار بکات بەڵام کچەکە هەر زوو پێی گەیشتەوە و ئاریاش ناچار بوو شەڕی لەگەڵ بکات ، بەڵام پێش ئەوەی هیچ شتێک بکات تاکە سەرچاوەی ڕووناکی شوێنەکە کە مۆمێک بوو کوژانیەوە ، دواتر دیمەنەکە چووە سەر جاکن و دەم و چاوی کچەکەی پیشان دا کە ئەمەش وا دەری دەخات کە ئاریا توانیویەتی کچەکە ببەزێنێت ، ئەمەش بە چەند ڕیگایەک...... ڕێگای یەکەم ئەوەیە کە ئاریا بە توانای خۆی بەزاندوویەتی ، بەڵگەش لەسەر ئەوە کوژاندنەوەی مۆمەکەیە چونکە ئاریا بۆ ماوەیەکی درێژ کوێر بووە و زۆر بە باشی ئەتوانێت خۆی بپارێزێت لە تاریکیدا . 
ڕێگەی دووەم ئەوەیە کە کەسێک یارمەتی ئاریای داوە و تاکە گومان لێکراویش ( سێریۆ فۆرێڵ )ی کۆنە مامۆستای ئاریایە کە ئەویش بە هەمان شێوەی جاکن خەڵکی بڕاڤۆس بوو بەڵام هەر لە وەرزی یەکەم وا دەرکەوت کە بە دەستی ( سێر مێرین تڕەنت ) کوژرا بێت ، بەڵام بەهۆی دیمەنێکەوە ئەوە لە مێشکی خەڵک دروست بووە کە سێریۆ گەڕاوەتەوە .
ڕێگەی سێیەم کە من بە مێشکی خۆم دامڕشتووە و بە بڕوای خۆم لە هەموویان ڕاسترە ، ئەویش ئەوەیە جاکن خۆی دەستی هەبێت لە ڕزگار بوونی ئاریا ، ئەمەشم بەبێ بەڵگە دانەناوە و چەندین هۆکار هەیە بۆ ئەوە ، یەکێک لە هۆکارەکان ئەو قسەیەی جاکن خۆیەتی کە لە کۆتاییدا بە ئاریا ئەڵێت ئێستا بەڕاستی تۆ بوویت بە ( هیچ کەس ) ، ئێمە کە گوێمان لەمە بوو ڕاستەوخۆ وا بە مێشکماندا هات کە جاکن لە ژیانی خۆی ئەترسێت و لەبەر ئەوەی ئاریا ئەویش نەکوژێت وای وتووە ، بەڵام بۆچی کەسێکی بەتوانای وەک و جاکن هەیگار کە ئەتوانێت خەڵک بکوژێت تەنها بە گوێ لێ بوونی ناویان لە منداڵێکی وەک ئاریا بترسێت کە کەمێک توانای شمشێر بازی هەیە ؟ بۆیە ئەمە ترس نیە بەڵکو پلانە ، لەوانەیە ئەو ( هیچ کەس )ەی جاکن لە سەرەتاوە باسی ئەکرد هەر بەڕاستی ئەم ئاریایە بێت کە لە بەردەستماندایە ، هۆکارێکی تر ئەوەیە کە ئاریا ڕاستەوخۆ وتی من ئاریا ستارکم نەک (هیچ کەس ) ، لە کاتی ئەم قسەیە جاکن زەردەخەنەیەکی شاراوەی کرد و وا دیار بوو کە پێی خۆش بێت ، لەوانەیە ( هیچ کەس ) مانای دڵنیایی و باوەڕ بەخۆ بوون بێت چونکە لە تەواوی چیرۆکەکەدا ئاریا هیچ کات وەکو ئێستا لە ستارک بوونی خۆی دڵنیا نەبووە و هیچ کات وەک و ئێستا بڕوای بە تواناکانی خۆی نەبووە ، ئەمەش ویستی خوای خاوەن ڕووی زۆرە کە هەموو خزمەتکارەکانی بەم شێوەیە بەتوانا بن لە ڕووی دەروونیەوە .
هۆکارێکی تریش ناونیشانی ئەڵقەکەیە کە بریتیە لە هیچ کەس ( نۆ وەن ) ، وە ئەگەر ( هیچ کەس ) ناونیشان بێت باوەڕ ناکەم ئەمە کۆتایی ئەو بابەتە بێت بەڵکو پێم وایە لەم ئەڵقەیەوە ( نۆ وەن ) لە دایک ئەبێت .
هۆکارێکی تر هەیە ئەویش لە دوای ئەوەوە دروست بوو کە چەند تیۆرستێک ئاماژەیان بەوە دابوو کە ( سێریۆ فۆڕێڵ ) و ( جاکن هەیگار ) یەک کەسن ، بەڵام ئەم تیۆرە لاوازە و من زۆر قسەی لەسەر ناکەم هەتا پشتڕاست نەکرێتەوە
لە کۆتاییشدا ( مێرین ).....
تیریەن لە هەوڵی بەردەوامدایە بۆ ئەوەی خۆی بگونجێنێت لەگەڵ کەسانی نزیک دانی بە تایبەت ( گرەی وۆرم ) و ( میساندا ) کە ئەشتوانین بڵێین سەرکەوتوو بووە لە دوای ئەو دیمەنە سەرنجڕاکێشەی بینیمان کە وای لەو دوو کەسە کرد پێ بکەنن و گاڵتە و نوکتە بۆ یەکتر بکەن ، ( بە ڕاستی ئەو نوکتەیەی میساندا بەقوەت بوو نازانم بۆ تیریەن بە زۆر پێی پێ ئەکەنی و گرەی وۆرم گاڵتەی پێ ئەکرد ! ) -_- ، ڕاستە تیریەن سەرکەوتوو بووە لە خۆ نزیک کردنەوە لەم کەسانە بەڵام شکستێکی گەورەتری تووش بووە ، ئەویش لە دوای ئەوە دێت کە هێرش دەکرێتە سەر ( مێرین ) لەلایەن خانەدان و خاوەن کۆیلەکان کە تیریەن پێشتر ڕێککەوتبوو لەگەڵیاندا ، هێرشەکە ئەوەندە لە ناکاو بوو کە تەنانەت سەربازێکی بەتوانای وەک گرەی وۆرم هیچ ڕێگەیەکی پێ نەبوو بۆ بەرگری و فەرمانی دا کە تەنها هەرەمەکە بپارێزن ، هەر لەو کاتەدا دانی هاتەوە و بە ڕقێکی زۆر گەورەوە سەیری تیریەنی کرد بەبێ ئەوەی هیچ قسەیەک بکات
‫#‏ژیر_دانا‬