close-icon

چوونەژوورەوە

I Don't Feel at Home in This World Anymore هەڵسەنگاندنی فیلمی

1729 جار بینراوە

I Don't Feel at Home in This World Anymore - چیتر وا هەست ناكەم ئەم جیهانە خاكی منە
فیلمێكی كۆمیدی ڕەشە و لە بەرهەمهێنانی تۆڕی نێتفڵێكسە و لە دەرهێنانی (مەیكن بڵێر)ـە لە یەكەم كاری دەرهێنانیدا و لە نواندنی هەریەك لە ئاكتەران (مێڵەنی ڵینسكی) و (ئیڵایجا وود)ـە، و باس لە پەرستارێكی تەنها و خەمبار دەكات بەناوی ڕووث (ڵینسكی) كە دوای ئەوەی دزی لە ماڵەكەی دەكرێت، هەستێكی نوێ بۆ ئامانج لای دروست دەبێت ئەویش بە گرتنی ئەو كەسانەی كە دزییەكەیان لێكردووە بە یارمەتی دراوسێ نامۆكەی كە ناوی تۆنی ـە (وود). بەڵام زۆری پێناچێت تاكو بۆیان دەردەكەوێت كە ئەوان لە حاڵەتێكی زۆر مەترسیداردان لە بەرامبەر ژمارەیەك لە تاوانباری بێبەزەیی
لە سەرەتادا پێویستە بڵێم ئەمە بەدڵنیاییەوە یەكێكە لە باشترین فیلمە سەربەخۆكان لە ماوەی ڕابردوودا بینی بێتم، هەروەها توانای نێتفڵێكس ـیش دەخاتە ڕوو لە بەرهەمهێنانی فیلمی نایاب و هەروەها پشتگیری كردنی ئاكتەر و دەرهێنەری بەهردەداری گەنج.
(مەیكن بڵێر) دەری دەخات كە توانای بەرهەمهێنانی سیناریۆیەكی زیرەكانەی هەیە و هەروەها توانای بەكارهێنانی كۆمیدیایەكی تاریك و ڕەش بەشێوازێكی بلیمەتانە لەنێو ئەو سیناریۆیەدا، كە پڕە لە چەندەها بەشی هەست بزوێن و نەپەنی، هەروەها لایەنێكی درامی كە بەدڵنیاییەوە ڕەنگ دانەوەی دەبێت لەو كەسانەی كە ژیانێكی تا ڕادەیەك نزیك لە ژیانی (ڕووث)ـەوە دەژین. و لێرەدا بلیمەتی (بڵێر) دەردەكەوێت، كە دەتوانێت شتێكی بەڕاستی سەرنجڕاكێش لە كەسانێكی ئاسایی دروست بكات و بابەتەكە ئەوەنەی تر چێژبەخش بكات بەدروستكردنی دۆخێكی گونجاو كە وات لێدەكات هەست بكەیت مامەڵە لەگەڵ كەسانێك دەكەیت كە دەیان ناسیت
وێنای ئەوە بكە كە تەماشای فیلمێكی تێكەڵەی هەریەك لە (تارانتینۆ) و برایانی (كۆون) دەكەیت لەگەڵ ئاماژەیەكی سادە بۆ فیلمی ترسناك. ئەم فیلمە بەو ڕادەیە باشە، لەگەڵ جێ پەنجەی تایبەتی (بڵێر)یش بەدڵنیاییەوە
كاستەكە بەتەواوی سەرسوڕهێنەرە، (ڵینسكی) تواناكانی خۆی بەتەواوی دەخاتە ڕوو لە نواندنی كۆمیدیا و درامادا، لە چەندەها دیمەندا خەندەی خستۆتە سەر لێوەكانم و هەروەها و ئەو ڕۆڵەی خۆی بیر هێنامەوە لە زنجیرەی Two and a Half Men كە تیایدا ڕۆڵی (ڕۆز)ـی خۆشەویستە كۆنە شێتەكەی (چاڕڵی) ئەبینی. بەڵام لە هەمان كاتیشدا وای لێكردم هەست بە ئازارە كۆمەڵایەتییەكانی بكەم لەكاتی قسەكانی دەربارەی نادادپەروەری و "هیچ و پووچیی خەڵك". و بەرەوپێشچوونی كارەكتەرەكەی بەدرێژایی فیلمەكە بەڕاستی نایابە (بەڵام من لێرەدا ئەوە ڕوون ناكەمەوە چونكە لەوانەیە ببێتە هۆی سپۆیل كردنی فیلمەكە بۆ هەندێك كەس)
بەلای خۆمەوە ئەمە باشترین نواندنی (ئیڵایجا وود)ـە لە دوای فیلمەكانی Lord of The Ringsـەوە و بەو هیوایەی لە چەند ساڵی داهاتووشدا بەردەوام بێت لە بەرهەمهێنانی ئەم فیلمە سەربەخۆیانەدا چونكە بەڕاستی لەم فیلمەدا گەشایەوە و پێم وایە بڕیارێكی باش دەبێت بۆ بەردەوام بوونی ژیانی هونەری ئاكتەرەكە.
(جەین ڵیڤای) دووبارە خۆی سەپاندەوە وەكو یەكێك لە باشترین خانمە ئاكتەرەكانی ناو فیلمە سەربەخۆكانی ساڵانی ڕابردوو. جوانترین شت دەربارەی (ڵیڤای) ئەوەیە تەنانەت كاتێك ڕۆڵی كەسێكی شەڕانگێزیش دەبینێت هەر ڕۆحسووكە
سینەماتۆگرافییەكە دڵڕفێنە و ساوندتراكەكەش بەڕاستی سەرسامكەرە چونكە دەقاودەق لەگەڵ دۆخی ڕووداوەكاندا دەگونجێت، و پێم وایە فیلممەیكەرە گەنجەكان بەڕاستی پێویستە ئیلهام لەم فیلمە نایابە وەربگرن
بەدڵنیاییەوە ئەم فیلمە پێشنیار دەكەم بۆ هەر كەسێك كە نەیبینێت، پێم وایە ئەم فیلمە یەكێكە لە باشترین فیلمەكانی ئەمساڵ و ئەم قسەیەش دەكەم چونكە بەڕاستی سوپرایزێكی گەورە بوو، چاوەڕێ نەبووم ئەم فیلمەم بەو ڕادەیە بەدڵ بێت
من (چیتر وا هەست ناكەم ئەم جیهانە خاكی منە) هەڵدەسەنگێنم بە
9.1/10
سوپاس بۆ هەر كەسێك كە بابەتەكەی بەتەواوی خوێندۆتەوە، و ئەگەر ئەم جۆرە هەڵسەنگاندنانەت بەدڵ بێت ئەوا خۆشحاڵ دەبم كە بۆ هەر فیلمێكی تر پێم وابێت شایەنی باسكردنە بەهەمان شێوە ئەنجامی بدەم