close-icon

چوونەژوورەوە

باوکی ڕۆحی

3870 جار بینراوە

کورتەیەک لە مەبەستە شاراوەکانی فیلمی ( باوکی ڕۆحی )
بەشی یەکەم ..
(( ڤیتۆ )) چیە ؟

زۆرن ئەوانەی باس لە خاڵی وەرچەرخان ئەکەن لە مێژووی سینەما ، وە زۆریشن ئەو خاڵە وەرچەرخانانەی کە دنیای سینەمایان بۆ هەمیشە گۆڕی بەڵام هیچیان وەک بەرهەمهێنانی فیلمی ( باوکی ڕۆحی ) نین کە گەورەترین گۆڕانکاری لە بوارە جیاجاکانی هونەری سینەمادا کرد بۆیە ئێمەش هەوڵدەدەین لە زنجیرە بابەتێکدا گرینگی و بەشێکی زۆر بچووک لە مەزنی ئەو فیلمە بخەینە ڕوو ، یەکەم بابەتیش قسەکردن ئەبێت لەسەر ناو یاخود دەستەواژەی ( ڤیتۆ ) ..

وەک ئاشکرایە ( ڤیتۆ ئەندۆلینی ) ناوی یەکێک لە کارەکتەرە سەرەکیەکانی فیلمەکەیە و ئەکتەر ( مارلۆن براندۆ ) ڕۆڵی دەگێڕێت ، ئەم کارەکتەرە لەدایک بووی گوندی ( کۆرۆلیۆنی )ـیە لە هەرێمی ( سقڵیە )ـی وڵاتی ئیتاڵیا و لە تەمەنێکی منداڵیەوە وەک پەنابەر ڕوودەکاتە ئەمریکا و دوای چەند ساڵێک دەست بەسەر بەشێکی گەورەی ئابووری شاری نیویۆرک ئەگرێت و ئەبێت بە باوکی ڕۆحی خێزانی ( کۆرۆلیۆنەکان ) لە نیویۆرک ، بەڵام بۆچی نووسەری چیرۆکەکە ( ماریۆ پوزۆ ) ناوێکی سەیر و نامۆی وەک ( ڤیتۆ )ـی بۆ ئەم کارەکتەرە هەڵبژاردووە ؟
چونکە ( ڤیتۆ ) لە ڕاستیدا ناوێک نیە بۆ ناونانی مرۆڤ بەکار بهێنرێت ... بەڵکو دەستەواژەیەکی سیاسیە !!

ئەم دەستەواژەیە لە سیاسەتدا بە مانای ( مافی ڕەتکردنەوە ) دێت و سەرەتاکەی ئەگەڕێتەوە بۆ ئیمپڕاتۆریەتی ڕۆمانی کە لە ئەنجوومەنەکانیان بەکاریان هێناوە ، ( ڤیتۆ ) لە سیاسەتدا جۆری زۆرە بۆ نموونە لە زۆربەی دەستووری وڵاتەکاندا چەندین ( ڤیتۆ ) ئەدرێت بە سەرۆکی وڵات کە بتوانێت داواکاری و یاسا ڕەتبکاتەوە هەر بۆ نموونە لە دەستووری هیندستاندا هاتووە کە ئەگەر پەڕڵەمان بودجەی پەسەند کرد سەرۆک ئەتوانێت ئەو بڕیاری پەسەند کردنە ( ڤیتۆ ) بکات و نەهێڵێت جێبەجێ بکرێت ، گەورەترین ( ڤیتۆ )ـش بریتیە لە ( ڤیتۆ )ـی پێنج وڵاتەکە ( ئەمریکا ، بەڕیتانیا ، ڕووسیا ، فەڕەنسا ، چین ) کە ئەتوانن ىڕیارەکانی ئەنجوومەنی باڵای نەتەوە یەکگرتووەکان ( ڤیتۆ ) بکەن ..
لەوانەیە ئەو کەسانەشی کە شارەزای سیاسەتن لە کاتی سەیرکردنی ئەم فیلمەدا نەتوانن مەبەستە شاراوەکانی پشت ئەو ناوە ببینن بەڵام ئەو مانایەی ئەم ناوە هەڵیدەگرێت ئەتوانین بڵێین هەموو چیرۆکەکەی لەسەر بنیاتنراوە ، ئەگەر بچینە ناو چیرۆکەکە ئەوا ئاشکرایە کە لە بەشی یەکەمدا پێنج خێزانی ئیتاڵی دەستیان گرتووە بەسەر شاری نیویۆرکدا و بەشی زۆری مامەڵەی سیاسی و بازرگانی لەژێر دەستیاندایە هەروەک چۆن لە دنیای ئێمەدا پێنج وڵاتە زلهێز و خاوەن ڤیتۆکە کاریگەریان هەیە لەسەر هەموو جموجۆڵێکی سیاسی و بازرگانی لە سەرانسەری جیهاندا ، بێ لەمانەش لە یەکێک لە دیمەنەکاندا زۆر بە ڕوونی دیارە کە ( باوکی ڕۆحی ) ڤیتۆ جێبەجێ دەکات بەسەر خێزانەکانی تردا و ڕەتی دەکاتەوە کە خۆی تێوەبگلێنێت لە بازرگانی ماددەی هۆشبەر لە شارەکەدا ، هەر ئەمەش دەبێتە هۆی ئەوەی ناکۆکی بکەوێتە نێوان پێنج خێزانەکەوە و لە کۆتاییدا هەموویان لەناو بچن بە دەستی یەکێکیان ، لەوانەیە نووسەر لێرەدا مەبەستی دەرخستنی مەترسیەکی زۆر گەورە بێت کە لە پێشمانە و ساتە وەختی ڕوودانی جەنگێکی جیهانی تر بۆ ئەوە بگەڕێنێتەوە کە یەكێک لەو پێنج وڵاتە زلهێزە ( ڤیتۆ ) بەرامبەر ئەوانی تر بەکار بهێنێت هەروەک چۆن لە فیلمەکەدا ( ڤیتۆ کۆرۆلیۆنی ) ڤیتۆی لە بەرامبەر چوار خێزانەکەی تر جێبەجێکرد .

بەشی دووەم .. ( باوکی ڕۆحی چیە ؟ )
چاوەڕوان بن

نوسین و ئاماده‌كردنی : ژیر دانا