close-icon

چوونەژوورەوە

نەرگس دات

2030 جار بینراوە

نەرگس دات ناوی لەدایکبوونی فاتیمە ڕەشید کە لەفیلمەکان بە نەرگس ناسرا. (ماوەی ژیان: ١ی حوزەیرانی ١٩٢٩ تاوەکوو ٣ی ئایاری ١٩٨١). نەرگس خانمەئەکتەرێکی ناسراوی سینەمای بۆلیوود بوو و زۆرجار ناوی لەباشترینەکانی مێژووی بۆلیوودیش دەهێنرێت. لەساڵی ١٩٣٥ بۆیەکەمینجار لەفیلمی (Talash-E-Haq) دەرکەوت کە ئەمەش لەتەمەنێکی بچووکیدابوو دواتر لەساڵی لەساڵی ١٩٤٢ لەفیلمی تەمەنا (Tamanna) دەردەکەوێتەوە. لەماوەی ساڵانی ١٩٤٠ بۆ ١٩٦٠ نەرگس بەشداری لەچەندین فیلمی سەرکەوتوو لەڕووی داهات (بازرگانی) و ڕەخنەگرانە دەکات کە بەشی زۆری لەگەڵ ئەکتەری دیاری بۆلیوود ڕاج کاپوور بووە.

باشترین کاری نەگس لەفیلمی دایکی ھیند بوو لەساڵی ١٩٥٧ کە یەکەم فیلمی هیندستانبوو بۆ خەڵاتی ئۆسکاری بنێرن بۆ وەرگرتنی باشترین فیلمی بیانی وە لەنێو ڕیزی پاڵێوراوانی کۆتایش خۆی بینییەوە لەدوای دایکی هیند تەنیا دوو فیلمی دیکە لە هیند گەیشتنە ئەم پلەیە، هەر لەهەمان فیلم نەرگس خەڵاتی باشترین کچەئەکتەری بردەوە لە خەڵاتەکانی فیلم فەیر. لەساڵی ١٩٥٨ لەگەڵ ئەکتەری بۆلیوود سونێل دات هاوسەرگیرییان کرد کەبەیەکەوەش ڕۆڵی سەرەکییان بینیبوو لەفیلمی دایکی هیند.

لەساڵی ١٩٦٧ لەفیلمی شەو و ڕۆژ (Raat Aur Din) بەشداریکرد و خەڵاتی نیشتمانی بۆ باشترین کچەئەکتەری پێدرا. نەرگس لەساڵی ١٩٨١ بەهۆی شێرپەنجەی پەنکریاس کۆچی دواییکرد، کەچەند ڕۆژێک لەپێش مردنی کوڕەکەی سانجای دات یەکەم کاری نواندنی دەستپێکرد لەبۆلیوود کەئەویش لەئێستادا یەکێکە لە ئەکتەرە دیارەکانی بۆلیوود.