close-icon

چوونەژوورەوە

بۆلیوود، مێژوو و درێژەباسێک لەسەری

5279 جار بینراوە

بۆلیوود ناوێکی نافەرمییە لەلایەن مێدیاکانەوە بەکاردێت بۆ کارخانەی یان پیشەسازی فیلمە هیندییەکان کە دەکەوێتەی ناوچەی مەننەت لە مۆمبای لە ھیندستان. زۆر جار بۆلیوود بە سینەمای ھیندستان دادەنرێت. بەڵام لە ڕاستیدا ئەو ناوە تەنیا بۆ ئەو فیلمانەیە کە بە زمانی ھیندیین  وە زۆرجار زمانی ئوردوویش بەکاردێت. وشەی بۆلیوود لەئەنجامی لێکدانی وشەی بۆمبای (ئەو ناوە بۆ شاری مۆمبای بەکاردەھات تاکوو ساڵی ١٩٩٦) و ھۆلیوود ھاتووە. زۆرینەی فیلمەکانی بۆلیوود یاخوود ھەمووی گۆرانیسەمای تێدای کە بەیەکەوەش تۆماردەکرێن و زۆرینەی گۆرانییەکانی بەشێوەی پلەی باک واتە لەلایەن گۆرانیبێژانی دی دەوترێت. وە ماوەی فیلمەکانی بۆلیوود زۆر درێژترن لە چاو فیلمەکانی ھۆلیوود بەجۆرێ ماوەی فیلمەکان درێژترن لە دوو کاتژمێر.
بۆلیوود پڕقازانجترین سینەمای وڵاتی هیندستانە کە ٤٣٪ لەقازانجی سینەمای وڵاتەکە لەبۆلیوودەوە لەوکاتەی ٣٦٪ بۆ سینەمای تێلوگو و تامیلییە وە سینەماکانی دیکەی هیندستانیش ٢١٪ ڕێژەکەیان بەردەکەوێت. بۆلیوود یەکێکیشە لە گەورەترین سینەماکانی جیهان بۆ بەرهەمهێنانی فیلم وە یەکێکیەشە لەو سینەمایانەی جیهان کەساڵانە زۆرترین فیلم بەرهەمدەهێنن. لەساڵی ٢٠١١ ٣.٥ ملیار لە بلیتەکانی بۆلیوود فرۆشراون لەتەواوی جیهان کە بەراود بە هۆلیوود ٩٠٠٠ هەزار بلیتی زیاترە. لەساڵی ٢٠١٤ بۆلیوود ٢٥٢ فیلمی بەهەمهێنا ئەوەش لەکۆی ١٩٦٩ فیلم بووە لە تەواوی هیندستان.

 

وشەزانی 
وشەی بۆلیوود کەناوێکی فەرمی نییە بەڵام بنچینەکەی لەئەنجامی لێکدانی وشەی بۆمبای (ئەو ناوە بۆ شاری مۆمبای بەکاردەھات تاکوو ساڵی ١٩٩٦) و ھۆلیوود واتە سینەمای ئەمریکی ھاتووە. بەڵام هاوشێوەی هۆلیوود، بۆلیوود ناوچەیەکی دیاریکراوی فیزیکی نییە بۆیە زۆرجار بە ئامۆزا هەژارەکەی هۆلیوود دەناسرێت .
لەهیندستان یەکەمجار سینەمای تامیلی بوو کە پاشگری 'وود'ی وەرگرت کە ئەو کارخانە سینەماییە دەکەوێتە بەنگالی ڕۆژاوا لەهیندستان ئەمەش لەساڵی ١٩٣٢ بوو لەدوای ئەودا بۆلیوود پاشگری 'وود'ی وەرگرت.

 

مێژووی بۆلیوود

دەستپێکی مێژوو:

فیلمی راجا ھاریشاندرا (Raja Harishchandra) بە یەکەمین فیلمی مێژووی بۆلیوود دادەنرێت کە لە ٣ی ئایاری ١٩١٣ نمایشکراوە کە فیلمێکی بێدەنگ بوو وە ماوەکەی تەنیا ٤٠ خوولەک بووە کەلەلایەن دادا ساھیب فالکیی کاری دەرھێنانی بۆ کرابوو. وەیەکەم فیلمیش بە بەدەنگ کە بەزمانی ئوردوو بەرھەمھات لەڕۆژی ١٤ی ئازاری ١٩٣١ نمایشکرا لەلایەن دەرھێنەر ئەردشێر ئێرانی بوو بەناوی (Alam Ara) کە لە ١٢٤ خولەک پێکھاتبوو، لەلایەن ھەمان دەرھێنەر واتە ئەدشێر ئێرانی لەساڵی ١٩٣٧ فیلمی کیسان کانیا (Kisan Kanya) دەرھات کە بەیەکەم فیلمی ڕەنگاوڕەنگی ھیندی دادەنرێت کە لە ١٣٧ خولەک پێکھاتبوو.
لەساڵانی ١٩٣٠ بۆلیوود ساڵانە ٢٠٠ فیلمی بەرهەمدەهێنا. 


ساڵانی سییەکان و چلەکانی سەدەی بیستەھەم بە سەردەممێکی کاریگەر لە سینەمای ھیندی دادەنرێت، چونکە رووداوی شەڕی جیھانیی دووەم کاریگەری راستەوخۆی کردە سەر سینەما و بزووتنەوەی رزگاریخوازیی ھیندی دەستیپێکرد هەروەها جیابوونەوە گەورەکەی هیند و پاکستان لە ئابی ١٩٤٧٧.
تاوەکوو ساڵانی ١٩٥٠ بۆلیوود ناوبانگی باشی پەیدانەکرد لەئاستی جیهانیدا. لەوکاتەوە فیلمی میلۆدراما و ڕۆمانسی و میوزیکی دەستی بەسەر بۆلیوودا گرتبوو. سەرکەوتووترین ئەکتەری ئەو سەردەمیش لە پیاوان (دیف ئەناند و دیلیپ کۆمار و راج کاپوور) بوون و لە لە ژنانیش (نێرگس و مینا کۆماری و نۆتان و مادھوبالا).

 

سەردەمی زێڕین:

لەپاڵ سەربەخۆبوونی هیندستان، لەماوەی ١٩٤٠ تاکوو ١٩٦٠ بە وەچەرخانێکی مێژوویی دادەنرێت بۆ سینەمای هیندی. لەم ماوەیە چەندین فیلمی باش و لەئاستی ڕەخنەگرانە بەرهەمهاتن کە لەسەرووی هەموویانەوە لەساڵی ١٩٥٧ فیلمی پیاسا (Pyaasa) واتە تێنووی گورو دەت وە فیلمی پەڕە گوڵینەکان ((Kaagaz Ke Phool) لەساڵی ١٩٥٩ وە دواتر دەرکەوتنی ئەکتەری بۆلیوود ڕاج کاپوور کەچەندین فیلمی گەورەی بەرهەمهێنا لەوانە ئاوارە (Awaara) لەساڵی ١٩٥١١، وە فیلمی بەڕێز ٤٢٠ (Shree 420) لەساڵی ١٩٥٥. هەروەها فیلمی شانازی (Aan)ی دیلیپ کومار لەساڵی ١٩٥٢٢. ئەو فیلمانە کاریگەری زۆری هەبوو لەسەر گوند و شارۆچکەکانی هیند، بەوەی فیلمی ئاوارە وێنای شاری بە دڕندەیی و کابووس نیشانداوە وە فیلمی پیاساش وێنای نادادپەروەری و ناواقیعی لەشارەکان پیشانداوە. جگە لەو فیلمانە چەندین فیلمی دیرۆکی بۆ مێژووی سینەمای هیندستان نمایشکران لەوانەی فیلمی دایکی ھیند کەلەلایەن ستۆدیۆی مەحبووب بەرهەمهێنرابوو لەساڵی ١٩٥٧٧ ئەو فیلمە بووە یەکەم فیلمی هیندستان کە پاڵێوراوبێت بۆ وەرگرتنی خەڵاتی ئۆسکار بۆ باشترین فیلمی بیانی وە فیلمەکە تا قۆناغی کۆتاییەکانی پێشبڕکێی ئۆسکار مایەوە. وە فیلمی ئیمپراتۆری مەغۆل (Mughal-e-Azam) لەساڵی ١٩٦٠ دەرچوو کە تاوەکوو ئێستاش بەیەکێ لەفیلمە هەرەگەورەکانی مێژووی سینەمای بۆلیوود دادەنرێت. لەو سەردەمەدا کەمال ئەمۆری و ڤیجای بهات لەباشترین فیلمسازەکان بوون وە هەریەکە لە دیلیپ کومار، ڕاج کاپوور، دیڤ ئەناند وە گورو دەت باشترین ئەکتەرەکانی ئەو سەردەمەبوون لەبەرامبەردا لەئاستی خانمەئەکتەرەکانیش نەرگز، ڤیجایانتیمالا، مینا کوماری، نیتان، مادوبالا لەباشترینەکان بوون.
بەشی زۆری لەفیلمەکانی ١٩٥٠ بۆ ١٩٦٠ لەناو باشترین فیلمەکانی مێژووی بۆلیوود لەقەڵەم دەدرێن. فیلمی پیاسای ١٩٥٧ لەلایەن گۆڤاری تایمەوە بەیەکێ لەباشترین ١٠٠ فیلمەکانی مێژووی سینەمایی جیهان دیاریکراوە.

 

سینەمای نوێ:

لەکۆتاییەکانی ١٩٦٠ و سەرەتای ١٩٧٠ فیلمی ڕۆمانسی و ئەکشن لەسینەمای بۆلیوود پێشکەوتنی زۆر بەخۆیدا دەبینێت بەتایبەتی بە دەرکەوتنی ئەکتەری نوێ لەوانە ڕاجیش خانا، دارمەندرا، سانجیڤ کومار، شاشی کاپوور وە کچە ئەکتەرەکانییش وەکو شارمیلا تاگۆری، مومتاز و ئاشا پاریک. لەناوەڕاستی حەفتاکان فیلمە ڕۆمانسییەکان تێکەڵی کاری چەتیی و مافیایکران بەتایبەت بەناسراوبوون ئەمیتاب باچان کە بەپیاوە تووڕەکە دەناسرایەوە، هەروەها لەوکاتەدا چەندین ئەکتەری دیکە دەرکەوتن لەوێنەی میتون چاکربۆرتی، ئەنیل کاپوور وە سەنی دیۆل وە تاکوو کۆتاییەکانی ١٩٩٠ ئەمانە بەهاوبەشی لەگەڵ خانمەئەکتەرەکانی وەکو هیما مالینی و جایا باچان و ڕاخا ناسراوبوون. 
فیلمی شۆلەی یان شوعلە (Sholay) لەساڵی ١٩٧٥ دەرچوو بەیەکێ لە باشترین فیلمەکانی ئەو سەردەمە دادەنرێت کە لەنواندنی ئەمیتاب باچان و دارمەندرا بوو و دیالۆگەکانی ئەو فیلمە ئێستاش لەبیری زۆرێک لەخەڵکان ماوە، هەروەها فیلمەکەکانی ئەو سەردەمە دەستکەوتی داراییان بەرزبوونەوەی زۆری لەچاوی قۆناغەکانی پێشووتر بەخۆوە بینیبوو. هەرلەساڵی ١٩٧٥ فیلمی (Deewar) لەلایەن یاش چۆپراوە دەرهێنانی بۆکرا و ئەویش یەکێکە لە فیلمە بەهێز و پڕداهاتەکانی سەردەکەمە. لەساڵی ١٩٨٨ فیلمی سەلام مومبای (Salaam Bombay!) دەنگدانەوەیەکی نێودەوڵەتی بەخۆیەوە بینی وە بووە یەکێک لەو پێنج پاڵێوراوەی بۆ وەرگرتنی باشترین خەڵاتی بیانی ئۆسکار بپاڵێورێت.
لەماوەی ١٩٨٠یەکان بۆ ١٩٩٠ەکان فیلمەکانی بۆلیوود زیاتر لەبابەتی ڕۆمانسی و خێزانی وە میوزیکی بوون. لەنموونەی فیلمەکانی لەدۆزەخەوە بۆ دۆزەخ (Qayamat Se Qayamat Tak) لە١٩٨٨ وە خۆشەویستم هەیە (Maine Pyar Kiya) لە ١٩٨٩ وە فیلمی دیلوالێ دولھانیا لێ جایانگێ لەساڵی ١٩٩٥ وە فیلمی هەندێکجار ڕوودەدات (Kuch Kuch Hota Hai) لەساڵی ١٩٩٨٨ لەو سەردەمە چەندەین ئەکتەری نوێ دەرکەوتن لەوانە عامر خان، سەلمان خان، شاروخ خان وە کچەئەکتەریش لەوانە مادھوری دیکشیت، سریدڤی و جوهی چاولا. لەو سەردەمەدا لەڕووی بازرگانییەوە فیلمە ڕۆمانسی و کۆمێدییەکان سەرکەوتوو دەبوون بەتایبەت فیلمەکانی ئەکتەری کۆمێدیا گۆڤیندا وە لەخانمانیش کاریشما کاپوور وە ڕاڤینا تاندۆن لەچەندین فیلمی کۆمێدی دەرکەوتن. هەر لەو سەردەمە ئاکشای کومار دەرکەوت کە زیاتر فیلمەکانی ئەوکاتەی ئەکشن و هەستبزوێن بوون بەتایبەتی لە زنجیرە فیلمی خیلادی. هەر لەو سەردەمە چەند ئەکتەر و خانمەئەکتەر دیکەی دەرکەوتن و سەرکەوتووبوون وەکو نانا پاتیکار، مانیشا کۆیرالا، تابو وە مەنۆج باجپال.
لەسەرەتای ٢٠٠٠ەوە بۆلیوود لەئاستی جیهانیدا زیاتر ناوبانگی پەیداکرد هەروەها ئاست و جۆری فیلمەکانی بەرزتربۆوە لەڕووی چیڕۆک و تەکنیک و نواندن و ئەنیمەیشن  و چەندین کۆمپانیای بەرهەمهێنانی نوێ دامەزران وە وە بەشێکیشییان چەندین فیلمی مۆدێرنییان سازکرد لەوانە یاش ڕاج فیلمز وە دارما پرۆدەکشن وەک فیلمەکانی کەل هۆن هۆ لە ٢٠٠٣ وە ڤیر زارا لە ٢٠٠٤ وە کۆل میل گایا لە ٢٠٠٣، کڕیش لە ٢٠٠٦٦، جەب وی میت لە ٢٠٠٧. ئەو ئەکتەرانە لە ٢٠٠٠ تاوەکوو ٢٠١٠ دەرکەوتن ئەوانەبوون کارینا کاپوور ، شاھید کاپوور ، سەیف عەلی خان، ڕانی موکەرجی، هریتیک رۆشان، ئایشواریا رای باچان وە پریتی زینتا.
لەدوای ٢٠١٠ەوە سەلمان خان و ئاکشای کومار زۆرترین فیلمی ڕۆمانسی و ئەکشنییان دەکرد کە بینەرێکی زیاترییان لەخۆ کۆکردەوە وێڕای ئەوەی هەردووکییان لەساڵانی ١٩٩٠ دەرکەوتن. وە لەدوای ٢٠١٠ چەند ئەکتەرێکی دیکەش دەرکەوتن لەوانە دیپیکا پادوکۆن ، ڕانبیر کاپوورو ئانوشکا شارما و کاترینا کایف هەروەها لەو سەردەمە فیلمەکان زیاتر بەجیهان وەک فیلمی پیکەی و باجرەنگی بایجان کە لە ٢٠١٤ و  ٢٠١٥  نمایشکران و بوونە پڕداهاتترین فیلمی مێژووی بۆلیوود.

 

هەڵبژاردنی ئەکتەر 
زۆرینەی خەڵکی هیندستان خەونی ئەوەیان هەیە ببنە ئەکتەری بۆلیوود، بەتایبەتی ئەوانەی لە مومباین بەڵام ژمارەیەکی کەم لەوکەسانە سەرکەوتوو دەبن[٢٠]. لە بۆلیوود بەدەگمەن ئەکتەری بیانی (نا هیندی) دەردەکەون بەڵام نموونەی ئەلێس پاتین لەفیلمی (Rang De Basanti) لەساڵی ٢٠٠٧ دەرکەوت، لەگەڵ ئەوەش بۆلیوود لەوڵاتە دراوسێکان بەتایبەت پاکستان و سریلانکا بەشداربووی هەیە لەوانە فواد خان و جاکلین فێرناندێزدەقی پەڕە

 

سەما و گۆرانی :

زۆرینەی فیلمەکانی بۆلیوود لەجۆری میوزیکاڵیدان ئەوەش بەبوونی چەند گۆرانییەک لەفیلمەکە. زۆرجار فیلمەکانی بۆلیوود سەرکەوتوودەبن لەڕووی بازرگانییەوە بەهۆی بوونی گۆرانی و میوزیکی باش کە سەرنجی بینەرانی بەخۆیدا ڕابکێشێت.[٢٣] وە زۆربەی گۆرانییەکانی بۆلیوود پێش دەرچوونی فیلمەکە لەبازاڕ دەردەچن ئەمەش بۆ سەرنجڕاکێشانی خەڵکە، لەم دواییەش گۆرانییەکان لەماڵپەڕە ڤیدۆییەکان وەکو یووتیووببڵاودەکرێتەوە. [٢٤] . گۆرانییەکانی بۆلیوود لەلایەن گۆرانیبێژی پلەی باکەوە دەگووترێتەوە.
سەماکردنیش یەکێکە لە خاڵە هەرە دیارەکانی ناو فیلمەکانی بۆلیوود. بەشێکی زۆری گۆرانییەکانی بۆلیوود سەمایان لەگەڵە.

 

خەڵاتەکان

بۆلیوود زۆر بەکەمی پێشبڕکێ و ئارەزووی بەشداریکردن لە ئۆسکار و خەڵاتە جیهانییەکان دەکەن لەبڕی ئەوە چەندین خەڵاتی ناوخۆییان ڕێکخستووە لەنموونەی فیلم فەیر کە لەوەتەی ١٩٥٤ بەڕێوەدەچێت و گرنگییەکی زۆری هەیە لەلای ئەکتەر و کەسایەتییەکانی ناو بۆلیوود و بەگرنگترین خەڵاتی دادەنێن. لە ئاستی ئۆسکاریش سێ فیلم گەیشتوونەتە قۆناغی کۆتایی واتە پێنج فیلمە کۆتاییەکەی باشترین فیلمی بیانی ئۆسکار ئەوانیش فیلمەکانی دایکی ھیند لە ١٩٥٧ وە سەلام مومبای لە ١٩٨٨٨ وەلاگان لە ٢٠٠١١.
لە زۆربەی خەڵاتەکاندا ئەکتەرەکان نمایشی سەما و جووڵەی ئەکشن دەکەن و سەرنجی ئامادەبووان و بینەران ڕادەکێشن.

 

بۆلیوودە لەدەرەوە:

 

ئاسیا:

فیلمەکانی بۆلیوود بینەرێکی باشییان هەیە لە ئەفغانستان، بەنگلادێش، نیپال، پاکستان وە سریلانکا. بەشێکی زۆر لەپاکستانییەکان بینەری بۆلیوودن بەوەی زمانی سەرەکی وڵاتەکەیان ئوردووە و نزیکە لەهیندییەوە. وڵاتی پاکستان بەهۆی کێشەی سیاسییەوە لەگەڵ هیند هێنانی فیلمەکانی بۆلیوودی لەساڵی ١٩٦٥٥ ڕاگرت بەڵام فرۆشتنی دی ڤی دی نایاسایی وە پەخشی تەلەفزیۆنی بەشێوەی یاسایی وایکردووە هێشتا بینەری بۆلیوود بەردەوامبێت لەپاکستان وە لەم دواییانەش لەدوای ٢٠٠٦٦ەوە بەتایبەت پاکستان جارێکی دیکە ڕێگای بە نمایشکردنی بۆلیوود دایەوە لەوڵاتەکەی [٢٧] بەڵام بەشێک لەفیلمەکانی بۆلیوود ڕادەگیرێن ئەگەر لەگەڵ بۆچوونی سیاسەتی پاکستان یەکنەگرێتەوە. فیلمی فانتۆم ڕاگیرا لەپاکستان.[٢٨], دوای ساڵانی ٢٠٠٦ و ٢٠٠٨ فیلمەکانی بۆلیوود لەپاکستان داهاتییان باشبوو بۆیە ساڵانە ژمارەی نمایشکردنی فیلمەکان لەو وڵاتە بەرزتردەبوونەوە. فیلمەکانی بۆلیوود لە نیپاڵ بینەرێکی زۆری هەیە تەنانەت لەفیلمە نیپاڵییەکانیش داهاتییان بەرزترە هەریەکە لەشاروخ خان و سەلمان خان و ئاکشای کومار زۆر ناسراون لە نیپاڵ، هەروەها لە ئەفغاسنستانیش بەهەمان شێوە بۆلیوو بینەری باشی هەیە.  بەپێچەوانەی پاکستان بەشێک لەوفیلمانەی کە باسی تیرۆریزم دەکەن لە ئەفغانستان لەو وڵاتە ڕانەگیراون لەنموونەی دارمەتما (Dharmatma) و کابول ئێکسپرێس (Kabul Express)، خودا شایەتە (Khuda Gawah) وە ڕزگاربوون لە تاڵیبان (Escape from Taliban).
فیلمەکانی بۆلیوود لە ڕۆژهەڵاتی ئاسیاش بینەری زۆرییان هەبووە بەتایبەت لە چین، ژاپۆن وە کۆریای باکوور ئەمەش مێژووییەکی درێژی هەیە هەر لە ١٩٤٠ و ١٩٥٠ەکان هەندێک فیلمی هیندی لەوکاتەدا لە چین و ژاپۆن بینەری زۆرییان هەبوو و تاکوو ئێستاش لەو وڵاتە ناوییان ماوە، وەک فیلمی (Dr. Kotnis Ki Amar Kahani) لەساڵی ١٩٤٦ وە ئاوارە (Awaara) لە ١٩٥١ وە (Do Bigha Zamin) لە ١٩٥٣٣ وە ئەکتەری ناسراوی ئەوکاتە ڕاج کاپوور لەو وڵاتە خەڵاتی تایبەتی وەک ئەستیرەی فیلمەکانی پێدراوە و گۆرانی من ئاوارەم "Awara Hoonn" لەوڵاتەکە ناوبانگێکی زۆر نایەوە. دوای ئەو ساڵانە فیلمە هیندییەکان لە چین ناوبانگییان نەما تاکوو ٢٠٠١ فیلمی لاگان نمایشکرا[٣٢] و یەکێکبوو لە پاڵێوراوانی باشترین فیلمی بیانی ئۆسکار وە فیلمسازی چینی هی پینگ پەسەندی میوزیکی فیلمەکەی کرد بەتایبەت ئاوازدانەرەکەی ئەی ئار ڕەحمان وە لەساڵی ٢٠٠٣ هەمان فیلمساز لەفیلمەکەی ( Warriors of Heaven and Earthh ) کاری داڕشتنی میوزیکەکەی بە ئەی ئار رەحمان سپارد.

 

ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و باکووری ئەفریقا :
لەلایەکی دیکەشەوە فیلمەکانی بۆلیوود لەوڵاتە عەرەبییەکانیش باوە بەتایبەت لە ئیمارات، میسر، ئەردەن وە زۆربەی فیلمەکانی بۆلیوود لەلایەن کۆمپانیا بەرهەمهێنەرەکانەوە ژێرنووسی عەرەبی دەکرێن بۆ ئەو وڵاتانە ئەمەش بۆ کۆکردنەوەی بینەری زیاترە لەسینەما. هەروەها لەلایەکی دیکەشەوە کەناڵی عەرەبی تایبەت هەیە بە بۆلیوود لەوانە ئێم بی سی بۆلیوود وە زی ئەفلام کە فیلمی بۆلیوود نمایشدەکەن. لە میسر فیلمەکانی بۆلیوود هەر لە حەفتا و هەشتاکانەوە باو بووە. لە تورکیاش ساڵی ٢٠١١ بۆیەکەمجار فیلمی بەرفی (Barfi) گەیشتە سینەماکان وەک یەکەم فیلمی بۆلیوود لەو وڵاتە . لە ئیسرائیلیش سەرەتاکان بینەری باشی هەبوو لەسینەما بەڵام دواتر وردە وردە کەمتربوویەوە بەڵام لەئێستاشدا کەناڵی تەلەفزیۆنی تایەبتی هەیە بەفیلمەکانی بۆلیوود.

 

ئەوڕووپا :
ە ئاستی ئەورووپادا بۆلیوود لە بەریتانیا بینەری زۆرترینە لەچاو وڵاتەکانی دیکە[٣٧]. زۆرجاریش دەگاتە باشترین ١٠ فیلمی حەفتە لەبۆکس ئۆفیس وڵاتەکە. لەساڵی ٢٠٠١ فیلمی هەندێکجار خۆشی هەندێکجار ناخۆشی (Kabhi Khushi Kabhie Gham) یەکەمین فیلم بوو بگاتە سینەماکانی بەریتانیا وە دواتر لە هۆلەندا و ئەڵمانیا، وە سکاندیناڤیایش.

 

یەکێتیی سۆڤییەت :
فیلمەکانی بۆلیوود ناوبانگییەکی ئێکجار باشییان هەبوو لە یەکێتیی سۆڤیەت.فیلمەکانی بۆلیوود دۆبلاژی (بەدەنگی) ڕووسی بڵاودەکرانەوە. هۆکاری ناوبانگی بۆلیوود لە یەکێتیی سۆڤییەت ئەوەبوو ڕووسیا لە دوای شەڕی جیهانی دووەم جێگرەوەیەکی دەویست بۆ هۆلیوود واتە سینەمای ئەمریکی بەمەش بۆلیوود باشترین جێگرەوە بوو بۆئەو وە هیندییەکانیش سوودی باشییان لە ڕووسیا وەرگرت و دۆستایەتییەکی قووڵ درووستبوو. Bollywood Russia.
ڕاج کاپووری ئەکتەر دڵخوازی ڕووسییەکان بوو. لەساڵی ١٩٧٠ ڕاج فیلمێکی بەرهەمهێنا لەژێرناوی 'ناوم جۆکەرە' (Mera Naam Joker) کە لەئەم فیلمەدا خانمەئەکتەری ڕووسی (Kseniya Ryabinkina) بەشداربوو وەک ڕۆڵی سەرەکی لەفیلمەکە. پێش ئەو فیلمەش لەساڵی ١٩٥٧ فیلمی گەشتێک بەنێو سێ دەریا (Journey Beyond Three Seas) کە پڕۆژە فیلمێکی سۆڤیەتی و هیندی بوو بەرهەمهێنرابوو کە خانمەئەکتەری بۆلیوود نەرگز ڕۆڵی سەرەکی گێڕابوو کەیەکێکبوو لەباشترین خانمەئەکتەرەکانی ئەو کاتە.
لەدوای هەڵوەشانەوەی یەکێتیی سۆڤییەتیش ئەوا هۆلیوود جێگای بۆلیوودی گرتەوە لە ڕووسیا لەگەڵ ئەوەش سینەمای ناوخۆیی ڕووسیاش پێشکەوتنی باشتری بەخۆوە بینی جگە لەوەش هێشتا بۆلیوود لای بەشێک لەڕووسییەکان وەک یادگاری و بینەر ماوە وە لەساڵی ٢٠٠٥ فیلمی بۆلیوود (Lucky: No Time for Lovee) زۆرینەی دیمەنەکانی لە ڕووسیا وێنەیان گیرابوو. سەرەڕای زاڵبوونی هۆلیوود بەڵام ڕۆژنامە ڕووسییەکان ئاماژە بەوەش دەکەن کە بینەری بۆلیوود زیادی کردووە لەناو ڕووسە لاوەکان.

 

باکووری ئەمریکا:
بۆلیوود لە ئەمریکا و کەنەدا بینەری باشی هەیە بەتایبەت لەشارە گەورەکانی وەکو تۆرینتۆ، شیکاگۆ و نیۆیۆرک. کۆمپانیای یاش ڕاج فیلمز کەیەکێکە لە گەورەترین کۆمپانیا بەرهەمهێنەرەکانی فیلمی بۆلیوود وبڵاوکردنەوەی فیلمی بۆلیوود لە ئەیلوولی ٢٠٠٥ ڕایگەیاند کەلەو ساڵەدا ١٠٠٠ ملیۆن دۆلار قازانجی بووە لەفرۆشی بلیتی سینەما و گۆرانییەکان.

 

باشووری ئەمریکا:
بۆلیوود لە باشووری ئەمریکا زۆر ناوبانگی نییە بەڵام هەندێک لەفیلمەکانییان نمایشدەکرێت و سەمای هیندی لای کۆمەڵگاکانی ئەو وڵاتانە ناسراوە. وە کەناڵی تەلەفزیۆنی تایبەت لەو کیشوەرە هەیە. لەساڵی ٢٠٠٦ فیلمی دووم ٢ لە ڕیۆ دی جانیرۆ لە بەڕازیل نمایشکرا.  وە لەساڵی ٢٠١٢ەش فیلمی گوزاریش لە پیڕۆ. 

 ______________________________________________________________________________________________________________________

ئامادەکردنی محەممەد سەردار