close-icon

چوونەژوورەوە

ئەمشەو ئۆسكارە: پێشبینی خۆمان بۆ براوەكان و كێ شایستەی بردنەوەیە بەڕوونكردنەوەوە

2792 جار بینراوە

ئاهەنگی خەڵاتەكانی ئۆسكار هەمیشە شەوێكی هەژێنەر و چێژبەخشە، لەكاتێكا فیلمێكی وەكو La La Land دڵخۆشكەر و ئومێد بەخشن، فیلمی وەكو Manchester By The Sea دڵتەزێن و جەرگبڕن. كەواتە كێ دەزانێت كێ دەبێتە براوەی خەڵاتەكانی ئەمساڵ؟ ئەمە پێشبینییەكانی ئێمەن

باشترین فیلمی ساڵ
Arrival
Fences
Hacksaw Ridge
Hell or High Water
Hidden Figures
La La Land
Lion
Manchester by the Sea
Moonlight

براوەی پێشبینیكراو: La La Land
كامیان شایستەن: La La Land

بە بەدەستهێنانی 14 پاڵاوتن، وا پێدەچێت ئەمشەو شەوی شكاندنی ڕیكۆردەكان بێت بۆ La La Land، هەروەكو چۆن فیلمەكە لە سەرەتای فیستیڤاڵە سینەماییەكانی 2016ـەوە بەردەوام بووە لەبەدەستهێنانی خەڵاتەكان و تاكو ئێستا بۆتە براوەی 172 خەڵاتی جیاواز! چیرۆكە هەلقوڵاوەكەی La La Land و ئەو نامەی خۆشەویستییەی كە فیلمەكە بۆ هۆڵیوودی دەنێرێت دەبێتە جێگەی ڕەزامەندی دەنگدەرانی ئەكادیمی، لەڕاستیدا هیچ ڕكابەرییەك نییە لێرەدا، La La Land بەدڵنیاییەوە خەڵاتەكە بەدەست دەهێنێت. و ئەگەر هەر كام لە فیلمەكانی تر بتوانن گەورەترین خەڵاتی شەوەكە لە La La Land بدزن، ئەوا بێگومان شتێكی سەرسوڕهێنەر دەبێت

باشترین ئاكتەر لە ڕۆڵی سەرەكی
Casey Affleck بۆ فیلمی Manchester by the Sea
Andrew Garfield بۆ فیلمی Hacksaw Ridge
Ryan Gosling بۆ فیلمی La La Land
Viggo Mortensen بۆ فیلمی Captain Fantastic
Denzel Washington بۆ فیلمی Fences 

براوەی پێشبینیكراو: Denzel Washington
كامیان شایستەن: Casey Affleck

پێویستە بزانرێت كە ئەمە نزیكترین ڕكابەری ئەمساڵە و كەس ناتوانێت بەدڵنیاییەوە بڵێت خەڵاتەكە بۆ كامیان دەبێت، بۆیە ئەگەر هەر كامێك لەم دوو ئاكتەرە خەڵاتەكەیان بەدەستهێنا ئەوا بێگومان شایستەیە و نابێتە جێگەی سەرسووڕمان.

هەر لە سەرەتای وەرزی دابەشكردنی خەڵاتەكانەوە، (كەیسی ئافڵێك) پێشڕەوی كردووە لە بەدەستهێنانی زۆربەی ئەو خەڵاتانەی كە بۆی پاڵێوراوە كە چەندین خەڵاتی گەورەی وەكو گۆڵدن گڵۆب و بافتای لەخۆگرتووە، بۆ ڕۆڵە دڵتەزێنەكەی لە فیلمی Manchester By The Sea. بەڵام لە ماوەی دواتردا ئاكتەری گەورە (دێنزێڵ واشنتن) توانی چەند خەڵاتێكی گەورە بەدەست بهێنێت بۆ ڕۆلەكەی لە فیلمی Fences، و یەكێك لەوانەش بەدڵنییایەوە گرنگترینیشیان بریتی بوو لە خەڵاتی SAG، و گرنگی ئەم خەڵاتە لەوەدایە كە خەڵاتەكانی ئۆسكار و خەڵاتەكانی SAG زۆرترین دەنگدەری هاوبەشییان تێدایە، و لە 10 ساڵی ڕابردوودا هەر ئاكتەرێك SAGـی بەدەستهێنابێت، دواتر ئۆسكارەكەشی بەدەستهێناوە، و ئەمەش وای لێكرد لە ئێستادا بە ڕكابەری یەكەم دابنرێت بۆ بردنەوەی خەڵاتەكە و پێشبینی دەكرێت ببێتە چوارەم ئاكتەر لە مێژوودا كە سێ خەڵاتی ئۆسكاری بەدەست هێنابێت!

بێگومان ڕۆڵەكەی (دێنزێڵ) وەكو پیاوێكی زبڵڕێژ و پەیوەندییەكەی لەگەڵ خێزانەكەیدا لە ساڵانی 1950، یەكێكە لە بەهێزترین و باشترین نواندنەكانی ئەو ئاكتەرە بەدرێژایی ژیانی هونەری، و ژمارەی ئەو دایالۆگانەی كە (دێنزێڵ) لە بەشی یەكەمی فیلمەكە هەیەتی لە هەموو دایالۆگی پاڵێوراوەكانی تر بە كۆكراوەیی زیاترە! بەڵام ئەگەر بێینە سەر بەراوردییان، (كەیسی ئافڵێك) یەكێك لە جوانترین و كاریگەرترین نواندنەكانی ئەمساڵ پێشكەش دەكات لە ڕۆڵی پیاوێك و تراژیدیای خێزانەكەی، كە بەڕاستی وات لێدەكات بەزەییت بە كەسایەتییەكەدا بێتەوە. و یەكێكی تر لەو هۆكارانەی كە ئەگەری بردنەوەی (دێنزێڵ) زیاد دەكەن، دووبارە دەركەوتنەوەی ئەو دەنگۆیانەیە كە گوایە (ئافڵێك) دەستدرێژی سێكسی كردۆتە سەر چەند ئافرەتێك لە ساڵی 2007، نازانین كە گوایە ئەو دەنگۆیانە ڕاستن یان نا، بەڵام ئەكادیمی بەزۆری حەز ناكات ئەو خەڵاتە بداتە كەسانێك كە بابەتێكی كۆمەڵایەتییان پێوە بەسترابێت

باشترین خانمە ئاكتەر لە ڕۆڵی سەرەكی

Isabelle Huppert بۆ فیلمی Elle
Ruth Negga بۆ فیلمی Loving
Natalie Portman بۆ فیلمی Jackie
Emma Stone بۆ فیلمی La La Land
Meryl Streep بۆ فیلمی Florence Foster Jenkins

براوەی پێشبینیكراو: Emma Stone
كامیان شایستەن: Natalie Portman

بەدڵنیاییەوە (ئێما ستۆون) جەرگ و دڵی La La Landـە، و ڕۆڵەكەی وەكو خانمە ئاكتەرێكی تازە پێگەیشتوو یەكێكە لە گەورەترین ئەو هۆكارانەی كەوا لە فیلمەكە دەكەن سەرنجڕاكێش بێت، و لەو دیمەنەی كە تیایدا گۆرانی "ئەو گەمژانەی كە خەون دەبینن"، لەگەڵ هەموو ئەوانە دەدوێت كە بەدوای خەونەكانییان كەوتوون و هەوڵدەدەن بیانهێننە دی، و لەوانەیە ئاگادار كردنەوەیەك بووبێت بۆ پێشكەشكاری خەڵاتەكە تاكو ڕاهێنان بكات لەسەر خوێندنەوەی ناوی كاتێك خەڵاتەكە بەدەست دەهێنێت. لەلایەكی ترەوە نواندنەكەی (ناتاڵی پۆرتمن) لە فیلمی Jackie، كە دەتوانین بڵێین خۆی تاكە كارەكتەری فیلمەكەیە، یەكێكە لە سەرنجڕاكێشترین نواندنەكانی ساڵ، و ئەو هەست و دەربڕینانەی كە (پۆرتمن) لە ڕۆڵی خانمی یەكەمی پێشووی ئەمریكای (جاكی كێنەدی) دوای كوژرانی مێردەكەی، دەریان دەبڕێت، بەدڵنیاییەوە توانای نواندنی (پۆرتمن) زۆر زیاتر دەردەخەن بەبەراورد لە ڕۆڵەكەی (ستۆون). لەگەڵ ئەوەشدا ئەگەر (پۆرتمن) 6 ساڵ لەمەوبەر خەڵاتەكەی بەدەست نەهێنابا بۆ ڕۆڵەكەی لە فیلمی Black Swan، ئەوا بەدڵنیاییەوە لەوانەیە ئەو لە پێشتر بووایە بۆ بەدەستهێنانی خەڵاتەكەی ئەمساڵ

 

باشترین خانمە ئاكتەر لە ڕۆڵی پاڵپشت
Viola Davis بۆ فیلمی Fences
Naomie Harris بۆ فیلمی Moonlight
Nicole Kidman بۆ فیلمی Lion
Octavia Spencer بۆ فیلمی Hidden Figures
Michelle Williams بۆ فیلمی Manchester by the Sea 

 براوەی پێشبینیكراو: Viola Davis
كامیان شایستەن: Viola Davis

پێشبڕكێی ئەم خەڵاتە هیچ ڕكابەرییەكی تێدا نییە، دوای ژیانێكی هونەری پڕ لە چەندەها كاری جوان، ئێستا كاتی ئەوە هاتووە ئەكادیمی ڕێز لەم خانمە ئاكتەرە مەزنە بگرێت. دەیتوانی یەكەمجار خەڵاتەكە بەدەست بهێنێت بۆ فیلمی Doubt لە ساڵی 2009، دەبوایە و شایستە بوو كە خەڵاتەكە بەدەست بهێنێت بۆ فیلمی The Help لە ساڵی 2012، بەڵام ڕۆڵ و نواندنە بەهێزەكەی (ڤایۆڵا) بەرامبەر (دێنزێڵ واشنتن) لە فیلمی Fences بەدڵنیاییەوە دەیكاتە براوەی خەڵاتی ئۆسكار بۆ یەكەمجار لە ژیانیدا (ئەگەر ئەوە ڕوونەدات، ئەوا گەورەترین شۆكی چەند ساڵی ڕابردوو دەبێت)

باشترین ئاكتەر لە ڕۆڵی پاڵپشت
Mahershala Ali بۆ فیلمی Moonlight
Jeff Bridges بۆ فیلمی Hell or High Water
Lucas Hedges بۆ فیلمی Manchester by the Sea
Dev Patel بۆ فیلمی Lion
Michael Shannon بۆ فیلمی Nocturnal Animals

 براوەی پێشبینیكراو: Mahershala Ali
كامیان شایستەن: Lucas Hedges

بەدرێژایی وەرزی دابەشكردنی خەڵاتەكانی ئەمساڵ هەمووان بۆیان دەركەوت كە تا چ ڕادەیەك (ماهرشەڵا ئاڵی) بەهرەدارە، و بێ هیچ گومانێك شایستەی ئەوەیە كە ڕكابەری یەكەم بێت بۆ بردنەوەی خەڵاتەكە بۆ ڕۆڵەكەی وەكو بازرگانێكی مادەی هۆشبەر خاوەن دڵێكی گەورە لە فیلمی Moonlight. دوای ئەوەی ئەوە وترا، ناكرێت  ئێمە بەژدارییەكانی (ڵوكەس هێجز) لەبیر بكەین، لە ڕۆڵەكەی وەكو هەرزەكارێك كە پێویستە مامەڵە بكات لەگەڵ مردنی باوكیدا لە فیلمی Manchester By The Sea، كە تیایدا (هێجز) بەدرێژایی فیلمەكە نواندنێكی مەزن ئەنجام دەدات و بەڕاستی ڕۆحی كەسایەتییەكەی بەرجەستە دەكات، لەكاتێكدا ئاكتەرەكانی وەكو (ماهرشەڵا) و (دێڤ پەتێڵ) تەنها لە بەشێكی فیلمەكانی خۆیاندا بەژدارن

باشترین دەرهێنەر
Denis Villeneuve بۆ فیلمی Arrival
Mel Gibson بۆ فیلمی Hacksaw Ridge
Damien Chazelle بۆ فیلمی La La Land
Kenneth Lonergan بۆ فیلمی Manchester by the Sea
Barry Jenkins بۆ فیلمی Moonlight

 براوەی پێشبینیكراو: Damien Chazelle
كامیان شایستەن: Damien Chazelle

(دەیمیەن شەزێڵ) بێ هیچ گومانێك شایستەی ڕێزڵێنانە بۆ دەرهێنانی ئەو شاكارە هونەرییەی كە بریتییە لە La La Land، ئەم فیلمە میوزیكاڵەی كە پرۆژەكەی هەڵقوڵاوی شارەزاییەكانی دەرهێنەرەكە خۆیەتی لە شاری ئەستێرەكان و زیاتر لە ماوەی پێنج ساڵ خەریكی بەرهەم هێنانی بووە. و بەو پێیە كە زۆربەی ساڵەكان ئەو دەرهێنەرەی فیلمەكەی خەڵاتی باشترین فیلمی ساڵ وەردەگرێت ئەوا خۆشی خەڵاتی باشترین دەرهێنەری پێ دەبەخشرێت، ئەمە هەواڵێكی دڵخۆشكەرە بۆ (شەزێڵ)

باشترین سیناریۆی بنەڕەتی
Hell or High Water
La La Land
The Lobster
Manchester by the Sea
20th Century Women

 

 براوەی پێشبینیكراو: Manchester by the Sea
كامیان شایستەن: Manchester by the Sea

بەدڵنیاییەوە ئەكادیمی دەیەوێت بە جۆرێك لە جۆرەكان ڕێزلێنانی خۆی بۆ ئەم فیلمە مەزنە دەر ببڕێت، و هەرچەنێكە لە ئێستادا (كێنث ڵۆنەرگەن) و سیناریۆكەی بۆ Manchester بەڕكابەری یەكەم دادەنرێن بۆ ئەم خەڵاتە، بەڵام تاكە هۆكار كە ئەم خەڵاتە بەدەست نەهێنێت بریتییە لە دۆڕانی (شەزێڵ) لە خەڵاتی باشترین دەرهێنەر بۆ فیلمی La La Land، لەگەڵ ئەوەی ئەوەش ئەگەرێكی دوورە، بەڵام لەوانەشە ئەكادیمی هەر دوو خەڵاتەكە بە (شەزێڵ) ببەخشێت بۆیە ناتوانین دڵنیا بین

ئەمەش پێشبینی خەڵاتەكانی تر

باشترین سیناریۆی وەرگیراو
براوەی پێشبینیكراو: Moonlight
كامیان شایستەن: Arrival

باشترین سینەماتۆگرافی
براوەی پێشبینیكراو: La La Land
كامیان شایستەن: Moonlight

باشترین فیلمی ئانیمەیشن
براوەی پێشبینیكراو: Zootopia
كامیان شایستەن: Zootopia

باشترین گۆرانی
براوەی پێشبینیكراو: City of Stars بۆ فیلمی La La Land
كامیان شایستەن: City of Stars بۆ فیلمی La La Land

باشترین مۆسیقا

براوەی پێشبینیكراو: La La Land
كامیان شایستەن: La La Land

باشترین تێكەڵكردنی دەنگ
براوەی پێشبینیكراو: La La Land
كامیان شایستەن: La La Land

باشترین مۆنتاژی دەنگ
براوەی پێشبینیكراو: Hacksaw Ridge
كامیان شایستەن: Hacksaw Ridge

باشترین مۆنتاژ
براوەی پێشبینیكراو: La La Land
كامیان شایستەن: Arrival

باشترین ڤیژواڵ ئیفێكتس
براوەی پێشبینیكراو: The Jungle Book
كامیان شایستەن: The Jungle Book


باشترین مەكیاژ و شێوازی قژ
براوەی پێشبینیكراو: Star Trek Beyond
كامیان شایستەن: Suicide Squad


باشترین دیزاینی پۆشاك
براوەی پێشبینیكراو: La La Land 
كامیان شایستەن: Jackie


باشترین دیزاینی بەرهەمهێنان
براوەی پێشبینیكراو: Arrival 
كامیان شایستەن: !Hail, Caesar

باشترین فیلمی بیانی
براوەی پێشبینیكراو: فروشندە (ئێران)
كامیان شایستەن: A Man Called Ove (سوید)

باشترین فیلمی دۆكیۆمێنتاری
براوەی پێشبینیكراو: O.J.: Made in America
كامیان شایستەن: I am Not Your Negro

باشترین كورتە دۆكیۆمێنتاری
براوەی پێشبینیكراو: Watani: My Homeland
كامیان شایستەن: Extremis

باشترین كورتە فیلم
براوەی پێشبینیكراو: Sing
كامیان شایستەن: Ennemis Intérieurs

باشترین كورتە ئانیمەیشن
براوەی پێشبینیكراو: Pear Cider and Cigarettes
كامیان شایستەن: Piper

وا بڕیارە ئاهەنگی خەڵاتەكانی ئۆسكار بەرەبەیانی سبەینێ ڕۆژی دووشەم ئەنجام بدرێت، لە كاتژمێر 4:30، ئایا چاوەڕووانی ئاهەنگی گەورەترین خەڵاتی سینەمایت؟