close-icon

چوونەژوورەوە

ڕوونکردنەوەو شیکردنەوە(the big short)فیلمی

1930 جار بینراوە

 فليمی ( کورت هێنانی گەورە ) یەکێکە لەو فلیمانەی تێگەیشتن لێی کەمێک زەحمەتە ئەگەر تۆ هیچ زانیاریەکت نەبێت لەسەر ئابوری و زاراوە ئابوریەکان
پێش ئەوەی باسی فلیمەکە بکەم دەبێت باسی ( CDO ) بکەم 
چونکە ئەگەر نەزانیت ( CDO ) چیە ئەوە دڵنیابە لەو فلیمە تێناگەیت 
 لە ئەمەریکا جۆرە سیستەمێک هەیە بۆ ئەو خێزانانەی خانویان نیە و داهاتی مانگانەیان جێگرە دەتوانن ببن بە خاوەنی خانو لە ڕێی وەرگرتنی ( ڕەهنی عەقار - بارمەتی خانو ) 
بە قستی مانگانە ،
بابزانین ئەو سیستەمە چۆن کاردەکات
 سەرەتا ( بانقی یەدەگی فیدڕاڵی ئەمەریکی ) کە سەرۆکەکەی ( ئالان گرین ) بوو هەڵسا بە پێش نیار کردنی ( سەنەد - قەواڵە ) بۆ وەبەرهێنەرەکان بە ( فائدە - سو ) ی ( 1 % ) بەمەبەستی پارێزگاری کردن لە ئابوریەکی بەهێز 
بەڵام وەبەر هێنەرەکان ئامادە نەبوون ئەو سەنەدانە بکڕن بە قانزاج کردنی 
تەنها لە ( 11 % ) لە ئەنجامی ئەو فائیدەیەی کە دێتە سەری ، هەر بۆیە ئەو مامەڵەیەیان ڕەت کردەوە لەگەڵ بانقی فیدڕاڵی .
لە لایەکی ترەوە بانقی ( ووڵ ستریت ) توانی قەرزبکات لە بانقی فیدڕاڵی
بە ( فائیدەی 1% ) چونکە بانقی فیدڕاڵی سودی کەمی دانابوو بە لە ( 11%) بۆ پارێزگاری کردن لە بەهێزی و تۆکمەیی ئابوری وڵاتەکی ، ئەمەش وای کرد ( ووڵ ستریت ) قەرزێکی زۆری دەس کەوێت بە فائیدەیەکی کەم ، 
 ئەمەش ڕێخۆشکەر بوو بۆ ئەوەی ( ووڵ ستریت ) هەڵسێت بە بەستنەوەی وەبەرهێنەرەکان بە خێزانە بێ ماڵەکانەوە لە ڕێی ( ڕەهنی عەقار ) 
 بەمەش ئەو خێزانانەی داهاتی مانگانەیان دیارە دەتوانن خانویان دەس کەوێت لەڕێی ( ڕەهنی عەقار ) بە قستی مانگانە و وەبەرهێنەرەکانیش پارەیان دەخستە ئەو بوارەوە و بە قانزاجی زۆرتر وە خەتەریای کەم لەسەر سامانەکانیان
 ئەم کردارە بەو شێوەیە بەڕێوەدەچوو خێزانێک هەیە خانوی دەوێت ئەو خێزانە هەڵدەسێت پەیوەندی دەکات بە ( سمسار - نێوەندگیر) ێکەوە ئەو نێوەند گیرە هەڵدەسێ ئەو خێزانە دەبەستێتەوە بە ( قەرزدەرێکەوە ) ئەو قەرزدەرە ( ڕەهنێکی عەقار ) دەدات بەو خێزانە بە قستی مانگانە بەڵام بە مەرجێک ئەو خێزانە زەمان بێت واتە بتوانێت بە مسۆگەری قستی مانگانەی بدات لە کاتی خۆیدا ،
بەمەش نێوەندگیرەکە جۆرە ( عمولە)یەکی نوێی دەس دەکەوێت و هەڵدەسێ دەیدات 
بە بانقی ( ووڵ ستریت ) 
و ( ووڵ ستریت ) ئەو ( عمولە ) یە دەکاتە ناو سندوقێک پێی دەڵێن ( CDO ) کە کورتکراوەی 
( COLLATERALIZED - DEBT - OBLIGATIONS )
یانی ( الالتزام بضمان الرهون ) واتا ( پابەند بوون بە مسۆگەری بارمەتە )
سندوقی ( CDO ) دابەش دەبێت بەسەر سێ ( فیئە - گروپ یان سینی) کە بەم شێوەیەن
١ - فیئەی یان سینی یەکەم پێی دەڵێن ( AAA ) ئەم فیئە یە زۆر پارێزراوە بە فائیدە یان سوی لە  4 % 
٢- فیئەی دووەم پێی دەڵێن ( BBB ) ئەم فیئەیە پێی دەوترێت ( OKK ) یان باش کە خەتەریات لەسەری مام ناوەندی یە بە فائیدەی لە 7 %
٣- فیئەی سێ یەم پێی دەڵێن ( CCCC ) ئەم فیئەیە خەتریاتی لە دوو فیئەکەی تر زیاتر بەڵام بە فائیدەی لە 10 %
( ووڵ ستریت ) ئەم ( CDO ) دەفرۆشێتەوە بە وەبەرهێنەرەکان 
 و ئەو جۆرە وەبەرهێنەرانە فیئەی یەک دەکڕن خەتەریاتی کەمە بەڵام قانزاجی زۆر نیە لە چاو فیئەکانی تر چونکە ئەگەر هاتوو یەکێک لە خێزانەکان قستی مانگانەی نەدا ئەوا یەکەم جار ئەو وەبەرهێنەرانەی کە فیئەی سێ یەم ( CCC ) یان کڕیوە توشی زەرەر دەبن 
و بەھەمان شێوە فیئەکانی ( BBBB ) دەفرۆشێتەوە بەرھێنەرانی تر و فیئەی سێیەم کە خەتەریاتی لە ھەمویان زیاترە دەفرۆشرێتەوە بە وەبەرھێنەری بچوک تر 
 ئەم کردارە دووبارە دەبێتەوە لە بازنەیەکدا بەشێوەی بەردەوام و خێزانەکانیش ڕازی بوون لەو ڕێگایەوە ببنە خاوەنی خانو لەبەر ئەوەی ھەموو کەسێک قستی مانگانەی دەدا و بەمەش نرخی خانو ھەمیشە لە بەرز بوونەوە بوو واتا کەسێک خانوی بکڕیایە بە قست ئیتر ئەو خانوە نرخەکەی دانابەزی لەبەر ئەوەی لەکاتی دانی خانو بە خێزانەکان بەقستی مانگانە مسۆگەری ئەوە کرابوو کە ئەو خێزانە دەتوانێت قستی مانگانە بدات یان نا
تاکو ئێرە کرداری فرۆشتنی خانوو بە قست بێ کێشە بوو بەڵام کاتێک وەبەرھێنەرەکان داوی CDO ی زیاتریان دەکرد ھەر بۆیە ووڵ ستریت ھەڵسا بە دانی خانوو بە ھەموو جۆرە خێزابێک بێ ئەوەی دڵنیابێت کە ئەو خێزانە دەتوانێت پابەندبێت بە دانی قستی مانگانەی خانوو یاخود نا 
ئەمەش ڕێ خۆشکەر بوو بۆ ئەوەی ھەموو جۆرە کەسێک خانوو بکڕێت تەنانەت بەبێ ئەوەی ھیچ جۆرە زەمانەتێک پێشکەش بکات بۆ ڕاکێشانی خانوو بە قست 
ئەمەش
ئیتر ئەمە بووە ھۆی سەرەتای دروست بونی گەورەترین قەیرانی ئابوری لە جیھاندا
چونکە خێزانەکان دڵنیایی تەئمیناتی تەواویان لێ وەرناگیرا بۆ پابەند بوون بە دانی قستی مانگانەی خانوو 
و کرداری خانوو فرۆشتن بە قست بەردەوام بوو
کاتێک ڕێژەیەکی زۆر لە خێزانەکان پابەند نەبوون بە دانی قست واتا ئیتر قستی مانگانەیان نەدا و لەبەر ئەوەی تەئمیناتیان لێ وەرنەگیرابوو بۆیە نەدەتوانرا لێپێچینەوە بکرێت یان ناچاریان بکەن بە دانی قستەکان 
ئەمەش وایکرد خانوێکی زۆر چۆڵ بێت و زۆرێک لە خانوەکان خسترانە ڕوو بۆ فرۆشتنەوەیان لەبەر نەدانی قستی مانگانەکانیان 
ئەوەش ڕوونە کاتێک لە بازاڕ ھەرشتێک زۆر بێت نرخەکەشی ھەرزان دەبێت و ئەم بابەتە قولتر بۆوە بەوەی ئەو خێزانانەی کە ئامادە بوون قستەکان لەکاتی خۆیا بدەن پەشیمان ببنەوە چونکە نرخی خانو بە ھۆی نەدانی قست لە لایەن خێزانەکانی تر نرخی خانوی داگرت بەمەش ئەو خانوانە ئەگەر پێشتر بۆ نموونە بە سی ھەزار دۆلار بوو بێت ئێستا بە پانزە ھەزار دۆلارە بۆیە کەس ئامادە نەبوو ئیتر بەردەوام بێت لە دانی قستێک بۆ خانوێک پێشتر بە سی ھەزار بوو ئێستا بە پانزە یان دە ھەزار دۆلارە
چونکە ئەو خێزانە لە بری ئەوەی بەردەوام بێت لە دانی ئەو قستانە بە نیو ھێندەی ئەو قستە دەتوانێت
ببێت بە خاوەنی خانوێک ، ئەو دابەزینە زۆرە لەنرخی خانو لە بازاڕ و ئەو سەرمایە زۆرەی خەرج کرابوو لە کڕینی( CDO )
ھەموو لایەنەکانی توشی زەرەر و زیانێکی گەورە کرد ، بەھۆی دابەزینی نرخی خانو لە بازاڕدا وەک ئاماژەم پێیدا ھۆکارەکەش پابەند نەبوونی خێزانەکان بوون بە دانی قستی مانگانە و لەبەر ئەوەی دڵنیایان لێ وەرنەگیرابوو نەتوانرا ناچاربکرێن بە دانی قستەکان .
ئەمەش بووە ھۆی دروست بوونی گەورەترین قەیرانی دارایی لە ئەمەریکا و بووە ھۆی مایە پوچ بوونی چەندان شەریکەی مەزن ئەم ڕووداوەش ناو نرا
بیگ شۆرت کورت ھێنانی گەورە
-----
با بێینەوە سەر فلیمەکە 
سەرەتا هۆکاری سەرەکی بینەر تامەزرۆی ئەو فلیمە بوو چونکە هەریەک لە ئەکتەران 
Christian Bale
Steve Carell
Ryan Gosling
Brad Pitt
پێکەوە لەیەک کاردا کۆبو بوونەوە ، بەڵام بێگومان ئەو فلیمە خودی خۆی فلیمێکی کاریگەرە بەدەر لەوەی چەندین ئەکتەری بەناوبانگی تیایە ، ئەم فلیمە باسی گەورەترین کارەساتی ئابوری دەکات لە سەدەی بیست و یەکدا بەشێوازێکی زۆر جوان و وردو چێژ بەخش، بینەر لەڕێی ئەم فلیمەوە دەتوانێت ئەو داڕوخانە ئابوریە گەورەیەی ئەمەریکا ببینێت بەشێوازێک کە پێشتر نەیبینیوە 
بەکورتی ئەم فلیمە باسی چەند کەسێک دەکات کاردەکەن لە ( ووڵ ستریت ) کەشفی خەلەلێک دەکەن لە ناو سیستەمی ئابوری ئەمەریکا ، و بەدواداچونەکانیان ئەوە دەسەلمێنێت
کەچۆن ئەم خەلەلە دەبێتە هۆی داڕوخانی ئابوری ولایەتەکانی ئەمەریکا ، چیرۆکی ئەم فلیمە دابەش دەبێت بەسەر سێ خەتی جیا بەڵام پەیوەستن بەیەکەوە لەسەر یەک بابەتی هاوبەش ، کۆی گشتی چیرۆکەکە باسی ئەو کەسانە دەکات کە چۆن بە ڕێگای تایبەتی خۆیان ئەو خەلەلە کەشف دەکەن ئیتر زۆر باسی ڕوداوەکانی ناو فلیمەکە ناکەم بۆ ئەوەی خۆتان سەیری بکەن چونکە باسکردنی تەواوی فلیمەکە دەبێتە هۆی ئەوەی فلیم چێژی خۆی لەدەس بدات .
ئەم بابەتەم کەمێک درێژە بەڵام ئەگەر لەوە کورت ترم بکردایەتەوە نەم دەتوانی بە جوانی ئەو لایەنە ئابوریە ڕون بکەمەوە ، و دڵنیام بینەر لە دوای خوێندنەوەی ئەم بابەتە بە ئاسانی دەتوانێت لەو فلیمە تێبگات ..........
چاوەڕوان بن بەمنزیکانە لە کوردسینەما بەژێرنووسی کوردی

نوسینی : محمد حاجی