close-icon

چوونەژوورەوە

ڕوونکردنەوە و هەڵسانگاندن لەسەر فیلمی (ڵا ڵا ڵاند) و بۆچی شایستەی خەڵاتی باشترین فیلمی ساڵە

3789 جار بینراوە

فیلمی میوزیكاڵ وامان لێ دەكەن ڕۆمانسی بین. فێرمان دەكەن كە هەندێ هەست هەن هێندە بەهێزن، ناتوانین بەتەنها وشەی ئاسایی دەریان ببڕین- بەڵكو دەبێت بە گۆرانی بوترێنەوە. هەندێ خۆشەویستی هێندە بەتوانان، بەڕادەیەك خۆت پێ ناگیرێت و دەبێ سەمای بۆ بكەیت. كەسایەتییەكانی ناو فیلمە میوزیكاڵەكان، نەك تەنها تێگەیشتنێكی جیاوازییان هەیە بۆ خۆشەویستی بەبەراورد بە فیلمی ئاسایی، بەڵكو ئەو تێگەیشتنە دەگۆڕن بۆ هونەرێك لە سەما و گۆرانی، و وا لە دایالۆگی ئاسایی مەبەستی ئاسایی خۆی تێپەڕ بكات، و ببێتە شتێكی مەزنتر، شتێكی ڕوونتر، شتێكی نزیكتر لە ڕۆمانسییەتی حەقیقی



فیلمی La La Land، لە دەرهێنانی (دەیمیەن شەزێڵ)، تەنانەت پێش نمایشكردنیشی هەوادارێكی باشی بۆ خۆی پەیدا كردبوو، و خەڵكی بەپەرۆشەوە تامەزرۆی بڵاوبوونەوەی بوون، چونكە دەرهێنەر/نووسەری فیلمەكە (شەزێڵ)، ناوبانگێكی باشی بۆ خۆی پەیداكردبوو بەهۆی فیلمی Whiplashـی ساڵی 2014 كە توانی 3 خەڵاتی ئۆسكار بەدەست بهێنێت، و هەروەها كاستی ئەم فیلمەش بە سەركردایەتی دوو لە گەورەترین بەهرەكانی هۆڵیوود لە ئێستادا، (ڕاین گۆزڵینگ) و (ئێما ستۆون)، كاریگەرییەكی باشییان هەبوو لەسەر ئەوە



لەگەڵ بڵاوبوونەوەیدا، La La Land زۆر بەباشی پێشوازی لێكرا لەلایەن ڕەخنەگران و هەوادارانەوە، كە ناوییان برد بە یەكێك لە باشترین فیلمەكانی 2016. ڕەخنەگران ستایشی دەرهێنان و سیناریۆكەی (شەزێڵ)، و نواندنەكەی (گۆزڵینگ) و (ستۆون)، و مۆسیقای فیلمەكە لە دانانی (جەیسن هۆروێتز)، و گۆرانییەكان بەدرێژایی فیلمەكەیان كرد. فیلمەكە توانی ڕیكۆردی هەریەك لە فیلمەكانی Titanic و All About Eve یەكسان بكاتەوە، كاتێ توانی بۆ 14 خەڵاتی ئۆسكار بپاڵێورێت، لەوانەش خەڵاتەكانی باشترین فیلم، باشترین دەرهێنەر، باشترین ئاكتەر، باشترین خانمە ئاكتەر، و باشترین سیناریۆ. هەروەها فیلمەكە ڕیكۆردێكی نوێی بۆ خەڵاتەكانی گۆڵدن گڵۆبز دانا، و هەموو ئەو خەڵاتانەی بەدەست هێنا كە بۆی پاڵێوراو بوو، و بووە یەكەم فیلم لەمێژوودا كە حەوت خەڵاتی گۆڵدن گڵۆبز بەدەست بهێنێت!



فیلمەكە باسی (میا)، كە ئاكتەرێكی تازە پێگەیشتووە و هەوڵدەدات لەو بوارەدا سەركەوتوو بێت، و (سباستیان "ناسراو بە سێب") دەكات، كە پیانۆژەنێكی مۆسیقای "جاز"ـە، و هەوڵدەدات یانەیەكی تایبەت بە خۆی دابنێت ئەوەش بەمەبەستی ڕزگاركردنی هونەری "جاز" لەتیاچوون.

لەیەكەم دیدارییاندا، هەردوو كەسایەتییە سەرەكییەكە بەشێكن لە قەرەباڵغییەكی ئۆتۆمبێل لە شاری "لۆس ئانجڵس" كە تیایدا (میا) خەریكی خوێندنەوەی سیناریۆكەیەتی و ئاگای لە ترافیكەكە نییە بۆیە (سێب) بەتووڕەییەوە بەتەنیشتیدا تێدەپەڕێت و هۆرنی بۆ لێ دەدات



دووەم دیداریان، لە شەوێك لە شەوان كە تیایدا (سێب) لە ڕێستورانتێكدا پیانۆ دەژەنێت، هەستێكی لەناكاو لە ناخیدا دەتەقێتەوە، و بەپێچەوانەی ڕێنمایی بەڕێوبەرەكەی، عەزفێكی سەربەخۆ دەكات كە لە نێو ئەو لیستەدا نییە بەڕێوبەرەكەی بۆی نووسیوە. (میا) ئەمە دەبینێت و زۆر سەرنجی ڕادەكێشێت، بەڵام (سێب) لەسەر كارەكەی لادەبرێت بەهۆی دەرچوونی لە رێنماییەكەیانی بەڕێوبەرەكەیەوە. و كاتێك (سێب) ڕێستورانتەكە جێ دەهێڵێت (میا) دەیەوێت ستایشی كارەكەی بكات، بەڵام (سێب) بەشێوەیەكی زۆر ناشرین پشتگوێی دەخات



سێیەم دیدارییان، لە ئاهەنگێكدا دەبێت كە تیایدا (سێب) لەگەڵ باندێكدا گۆرانی پۆپی ساڵانی هەشتاكان عەزف دەكەن، و (میا) لەوێ دەبێت و داوای گۆرانییەك دەكات تەنها بۆ بیزاركردنی (سێب). لەدوای ئاهەنگەكە هەردووكیان پێكەوە دەچن بۆ لای ئۆتۆمبێلەكانیان و لەوێدا دوو پاڵەوانەكە پێكەوە قسە دەكەن و گۆرانییەك دەڵێن بۆ دەرخستنی ئەو ڕاستییەی كە ئەوان بۆ یەكتر ناگونجێن ("چ شەوێكی جوانە")



دوای چەند ڕۆژێك، (سێب) دەچێت بۆ شوێنی كاركردنەكەی (میا) و (میا) (سێب) دەبات بۆ پیاسەیەك بەناو ستۆدیۆكانی "وارنەر برۆس" و هۆكاری ئەشقی خۆی بۆ سینەما دەخاتە ڕوو. دوای ئەوە (سێب) (میا) دەبات بۆ یانەیەكی "جاز"، و هۆكاری ئەشقی خۆی بۆ ئەو هونەرە و هۆكاری ویستی بۆ كردنەوەی یانەیەكی تایبەت بەخۆی ڕووندەكاتەوە. (سێب) (میا) بانگهێشت دەكات بۆ سینەما بۆ تەماشاكردنی فیلمی Rebel Without a Cause، و (میا) ڕازی دەبێت، بەڵام لەبیری كردووە كە لەهەمان شەودا ژوانێكی هەیە لەگەڵ خۆشەویستەكەی ئەوكاتەی. (میا) بڕیار دەدات ژوانەكە جێ بهێڵێت و بەخێرایی دەڕوات بۆ سینەماكە بۆ بینینی (سێب). دوو پاڵەوانەكە شەوەكە كۆتایی پێ دێنن بە سەمایەكی ڕۆمانسی لە "ڕوانگەی گریفیث"ـدا، و ئەو دیمەنە بەیەكێك لە جوانترین دیمەنەكانی سینەما لەساڵی 2016 دادەنرێت



دوای چەندین تاقیكردنەوەی نواندنی شكست خواردوو، لەسەر پێشنیاری (سێب)، (میا) شانۆگەرییەك دەنووسێت. (سێب) بەردەوام دەبێت لە ژەنینی پیانۆ لە یانەیەكی "جاز"ـدا. هاوڕێیەكی تەمەنی مناڵی (سێب) بەناوی (كیث)، داوا لە (سێب) دەكات كە ببێت بە كیبۆردژەنی باندەكەیان، و (سێب) لە سەرەتادا داواكە ڕەت دەكاتەوە. بەڵام دوای ئەوەی گوێ بیستی (میا) دەبێت هەوڵ دەدات باوەڕ بەدایكی بهێنێت كە (سێب) كار لەسەر یانەكەی دەكات، (سێب) بڕیار دەدات كارەكە قبوڵ بكات. (میا) دەچێت بۆ یەكێك لە كۆنسێرتەكانی باندەكە، بەڵام سەرلێشێواو و دڵتەنگ دەبێت، چونكە دەزانێت (سێب) حەز لەو مۆسیقایە ناكات كە دەیژەنێت



لەمیانەی یەكەم گەشتی باندەكەدا، (میا) و (سێب) تووشی دەمەقاڵێیەك دەبن، كە تیایدا (میا) (سێب) تاوانبار دەكات بەوەی خەونەكەی جێهێشتووە و (سێب)ـیش بە (میا) دەڵێت كە گوایە (میا) لەسەرەتادا تەنها لەبەر ئەوە خۆشی ویستووە چونكە كەسێكی سەركەوتوو نەبووە، هەروەكو خۆی، ئەمەش هەستی (میا) بریندار دەكات و شوێنەكە جێ دەهێڵێت. لە شەوی نمایشی شانۆكەی (میا)ـدا، (سێب) ناتوانێت ئامادەبێت بەهۆی فۆتۆشووتێكی باندەكەوە كە لەبیری كردبوو، و شانۆكە شكستێكی گەورە دێنێت و ژمارەیەكی زۆر كەمی خەڵك ئامادە دەبن و (میا) گوێ بیستی هەندێ توانج دەبێت كە ڕەخنە لە شانۆگەرییەكە و نواندنەكەی (میا) دەگرن. بەدڵێكی شكاوەوە، (میا) بڕیار دەدات بگەڕێتەوە بۆ شارەكەی خۆی و واز لە كاری نواندن بهێنێت.



دوای ماوەیەك، (سێب) پەیوەندییەكی بۆ دێت لەلایەن دەرهێنەرێكی هەڵبژاردنی ئاكتەرانەوە كە شانۆگەرییەكەی (میا)ـی بینیوە و بانگهێشتی (میا) دەكات بۆ تاقیكردنەوەیەكی نواندن بۆ ڕۆژی دواتر. (سێب) بەخێرایی دەچێت بۆ ئەو شارەی (میا)ـی تێدا دەژیت و هەواڵەكەی پێ ڕادەگەیەنێت. لە تاقیكردنەوەكە، (میا) تەنها داوای ئەوەی لێ دەكرێت كە چیرۆكێك بڵێت، ئەویش چیرۆكێك دەربارەی پووری دەڵێت كە ئاكتەر بووە و هانی (میا)ـی داوە كە هاوشێوەی ئەو بكات، و چیرۆكەكە بەگۆرانییەكی كاریگەر دەردەبڕێت ("ئەو گەمژانەی كە خەون دەبینن"). (سێب) بە (میا) دەڵێت كە پێویستە بەتەواوی خۆی بۆ ئەم دەرفەتە تەرخان بكات، و هەردووكیان خۆشەویستی خۆیان بۆ یەكتر دەردەبڕن بەڵام دڵنیا نین دەربارەی داهاتوویان



لەدوای پێنج ساڵ، (میا) ئێستا بۆتە ئاكتەرێكی ناودار، و هاوسەرگیری كردووە لەگەڵ پیاوێكی تردا، و مناڵێكیان پێكەوە هەیە. لە شەوێك لە شەواندا، دوانەكە یانەیەكی "جاز" دەدۆزنەوە، و بەبینینی لۆگۆی "یانەی سێب" كە (میا) كاتی خۆی دیزاینی كرد، (میا) بۆی دەردەكەوێت كە (سێب) یانەكەی كردۆتەوە. (سێب) (میا) دەبینێت لەنێو جەماوەرەكەدا و دەست دەكات بەژەنینی مۆسیقای خۆشەویستیەكەیان ("ذە ئێپەڵۆگ")، و دەبێتە هۆی دروستكردنی دیمەنێكی خەیاڵی و كاریگەر، كە تیایدا هەردوو پاڵەوانەكە وێنای ئەوە دەكەن كە چی ڕوویدەدا ئەگەر پەیوەندییەكەیان بەتەواوی سەری بگرتایە. (میا) لەگەڵ هاوسەرەكەیدا یانەكە جێ دەهێڵن و پێش ئەوە بچێتە دەرەوە، (میا) و (سێب) بۆ دوایین جار تەماشای یەكتر دەكەن، و بزەیەك بۆ یەكتر دەكەن

چی وا لە La La Land دەكات لە فیلمەكانی تری ڕكابەری پێشەنگتر بێت بۆ بردنەوەی خەڵاتی باشترین فیلم؟
چەندین خاڵ هەن كە ئەم فیلمەیان مەزن كردووە، ئێمەش لێرەدا هەوڵ دەدەین بیان خەینە ڕوو، تەنانەت ئەگەر نەشتوانین مافی تەواوی خۆی پێ بدەین

1- (دەیمیەن شەزێڵ)، دوای ئەو شاكارەی كە لەساڵی 2014 پێشكەشی كردین بەفیلمی Whiplash، و ئەمساڵیش بەهەمان شێوە شاكارێكی تری پێشكەش كردین لە شێوەی فیلمێكی میوزیكاڵی ئۆریجیناڵ لەكاتێكدا ماوەیەكی گەلێك زۆرە سینەما میوزیكاڵێكی ئۆریجیناڵی بەخۆوە نەبینیوە، كە ئەویش بریتییە لە La La Land، و لەتەمەنی تەنها 32 ساڵیدا، ناوی خۆی بەزێڕ لە مێژووی سینەمادا نووسیەوە و پایەیەكی بەرزی بۆ خۆی پەیداكرد لە جیهانی هۆڵیوود دا.

2- و ئەو نواندنە نایابەی هەریەك لە (ئێما ستۆون) و (ڕاین گۆزڵینگ) كە بووە هۆی ئەوەی هەردووكیان بۆ خەڵاتی ئۆسكار پاڵیوراو بكرێن و هەروەها هەردووكیشیانی كردە براوەی خەڵاتی گۆڵدن گڵۆب. بێگومان ئەو پەیوەندییە بەهێزەی كە لەنێوان دوو ئاكتەرەكەدا هەیە ڕۆڵێكی گەورەی هەبوو لەمەدا، بەوپێیەی پێشتریش لە دوو فیلمی تردا پێكەوە كارییان كردووە كە ئەوانیش Gangster Squad و Crazy, Stupid, Love ـن، بەڵام دوو ئاكتەرەكە لێرەدا تەنها نواندن ناكەن، بەڵكو گۆرانی دەڵێن و سەما دەكەن و پیانۆ دەژەنن، كە ئەمانەش هەمووی فیلمەكەیان جوانتر و جوانتر كردووە

3- دەرهێنەری سینەماتۆگرافی ئەم فیلمە كە (ڵاینس ساندگێرن)ـە، دەرهێنەری ناودار (وودی ئاڵن)ـی وەكو پێشەوای خۆی لەم فیلمەدا تەماشا كردووە، بەوپێیەی كە لێكچوونێكی زۆر هەیە نێوان سینەماتۆگرافی ئەم فیلمە و فیلمی Manhattan ـی دەرهێنەر (وودی ئاڵن). و ئەمەش كارێكە جێگەی دەستخۆشییە، چونكە (ساندگێرن) بەم چاولێكەرییەی چەندین دیمەنی جوانمان پێشكەش دەكات، كە هەندێكیان یەكێكن لە باشترین دیمەنەكانی سینەما كە بەدرێژایی ساڵی 2016 بینی بێتمان

4- فیلمەكە لە چەندین دیمەندا ئاماژە بۆ فیلمە كۆنەكانی هۆڵیوود دەكات، و هەستی گەڕانەوە بۆ سەردەمی جارانی هۆڵیوود بەبینەر دەبەخشێت. و لەو فیلمانەی كە لەم فیلمەدا ئاماژەیان بۆ دەكرێت فیلمەكانی Rebel Without a Cause، Casablanca، Bringing Up Baby و چەندین فیلمی تر، و بەتایبەتی فیلمە میوزیكاڵە كۆنەكان، كە بەناو ناو نابرێن بەڵام ڕەنگدانەوەیان لەسەر فیلمەكە بەئاشكرایی دیارە وەكو فیلمی Singin' in the Rain

5- میوزیكی فیلمەكە بەتەواوی سەرسوڕهێنەرە، هەر ئەمەش بۆتە هۆی ئەوەی فیلمەكە دوو پاڵاوتن لە هەمان خانەدا بەدەست بهێنێت كە ئەویش خانەی باشترین گۆرانییە. هەموو فیلمێكی مەزن دەبێت میوزیكێكی مەزنی هەبێت كە یارمەتیدەری چیرۆكەكە بێت، و بەدڵنیاییەوە La La Land بەسەركردایەتی (جەیسن هۆرۆویتز)  توانی ئەوە ئەنجام بدات بەشێوازێكی زۆر سەركەوتووانە و لەو ڕووەدا پێش فیلمە ڕكابەرەكانی بداتەوە، وەكو Moonlight و Manchester By The Sea

6- فیلمەكە چیرۆكێكی خۆشەویستی زۆر جوان دەخاتە ڕوو، بەڵام كۆتایی ئەم فیلمە شتێكی نوێمان پێشكەش دەكات كە زۆر زەحمەتە لە فیلمێكی تری هاوشێوەیدا بیبینین. كە ئەویش ئەوەیە تیایدا دوو پاڵەوانەكە بڕیار دەدەن كە سەركەوتن و گەیشتن بەخەونەكەنیان هەڵبژێرن نەك خۆشەویستی. ئەمەش وا لە تاك دەكات كە هەست بە واقعیەت بكات، چونكە لە زۆر فیلمی ڕۆمانسی تردا كە تیایدا كۆتاییەكی ئاسوودەی هەیە و هەردووكیان بەیەكەوە دەبن، تا ڕادەیەك دوورە لە واقیعەوە، چونكە ژیان ناكرێت هەمیشە كۆتاییەكی ئاسوودەی هەبێت بەڵام فیلم دەتوانێت، بەڵام La La Land لێرەدا دژایەتی ئەو كڵێشەیە دەكات

7- ئەم فیلمە هیچ مەبەستێكی سیاسیی لەدواوە نییە، ئەمەش وای لێدەكات لە فیلمەكانی تری ڕكابەری پێشەنگ تر بێت بۆ بەدەستهێنانی ئەو خەڵاتە.چونكە بەدرێژایی مێژووش، ئەو فیلمانەی كە گرنگی بەبابەتێكی سیاسیی دەدەن، پشتگوێ دەخرێن لەلایەن ئەكادیمیاوە، وەكو فیلمەكانی “Do the Right Thing” “Brokeback Mountain” “Fruitvale Station” و “Nightcrawler”. و پێویستە ئەوەمان لەبیربێت كە ژمارەیەك لە پاڵێوراوانی باشترین فیلمی ساڵ، هەمان قسەی La La Land ـیان لەسەر ناسەپێت، بەوپێیەی Moonlight ڕووبەڕووی كێشەكانی ئاڵوودەبوون، و ڕەگەزپەرستی، و هاوڕەگەزبازی دەبێتەوە. Hacksaw Ridge لە دەرهێنانی (مێڵ گیبسن) گرنگییەكی زۆر بەلایەنی ئاینی دەدات و هەروەها (گیبسن) خۆشی بەوپێیەی كە چەندین جار توانجی ڕەگەزپەرستانەی داوە، دەبنە هۆی كەمبوونەوەی چانسی بردنەوەی ئەم فیلمە. Manchester By The Sea ـش ڕووبەرووی كێشەكانی خۆكوشتن و غەمباری و هەستكردن بەتەنیایی و چەندانی تر دەبێتەوە. بەدڵنیاییەوە ئێمە مەبەستمان ڕەخنەگرتن نییە لەم فیلمە پاڵێوراوانە، بەڵكو تەنها ڕاستییەكە و خراوەتە ڕوو، كە ئەویش ئەوەیە ئەكادیمیا زیاتر گرنگی بەو فیلمانە دەدات كە بایەخ بەبواری سیاسی نادەن

ئامادەكردنی: چێنەر چالاك