close-icon

چوونەژوورەوە

ئایا La La Land شایستەی ئەو هەموو خەڵاتەیە كە بەدەستی دێنێت؟

5357 جار بینراوە

ئایا La La Land شایستەی ئەو هەموو خەڵاتەیە كە بەدەستی دێنێت؟

لەچەند ڕۆژی ڕابردوودا، فیلمی La La Land هەموو جیهانی هەژاندووە، ئەویش دوای ئەوەی كە توانی ببێتە یەكەم فیلمی مێژوو كە حەوت خەڵاتی گۆڵدن گڵۆبز بەدەست بهێنێت، لەكاتێكدا فیلمەكە خۆشی لەبنەڕەتدا هەر بۆ حەوت خەڵات پاڵێوراو بوو!

هەروەها توانیشی 11 پاڵاوتن بەدەست بهێنێت بۆ خەڵاتەكانی Bafta (كە هێشتا دابەش نەكراون)، و چاوەڕووانیش دەكرێت ڕكابەرێكی بەهێزی خەڵاتەكانی ئۆسكار بێت! دوای ئەم هەموو دەستكەوتە لەوانەیە هەنێك كەس بپرسن، ئایا La La Land بەو ڕادەیە بەهێزە، كە ئەو هەموو خەڵاتە بەدەست بهێنێت؟ با لێرەدا هۆكاری بەدەستهێنانی ئەو خەڵاتانە ڕوون بكەینەوە

شتێك هەیە لە هۆڵیوود دا كە بەئاشكرا دركی پێكراوە، ئەویش ئەوەیە هۆڵیوود ئاشقی ئەو فیلمانەیە كە دەربارەی هۆڵیوودن، و هەرگیز ئەو جۆرە فیلمانە لە پاڵاوتن و بردنەوەی خەڵاتەكان بێبەش ناكرێن (بێگومان ئەگەر چیرۆكێكی ڕێكوپێكیشیان هەبێت)، با بە نموونە ئەوە بسەلمێنین:

 

فیلمی Hugokurdcinama

ئەم فیلمە دەربارەی كوڕێكی فەڕەنسییە، كە بەداهێنانەكانی ئەفسانەی سینەمای بێدەنگ (جۆرجز مێڵێز) سەرسامە، بەواتایەكی تر فیلمەكە دەربارەی هۆڵیوودە

ئەم فیلمە لەساڵی 2012، توانی 5 خەڵاتی ئۆسكار بەدەست بهێنێت (هەروەها پاڵاوتنێكیش بۆ باشترین فیلمی ساڵ)!

فیلمی The Artistkurdcinama

ئەم فیلمە دەربارەی ئاكتەرێكی فیلمە بێدەنگەكانە كە ئاشقی كچە سەماكەرێك دەبێت، بەڵام دوای دەركەوتنی فیلمی دەنگ، ژیانی هەردووكیان دوو ئاڕاستەی پێچەوانە دەگرێتە بەر، بەواتایەكی تر فیلمەكە دەربارەی هۆڵیوودە

ئەم فیلمە لەساڵی 2012، توانی 5 خەڵاتی ئۆسكار بەدەست بهێنێت كە یەكێك لەوانەش خەڵاتی باشترین فیلمی ساڵ بوو!

فیلمی Argokurdcinama

ئەم فیلمە دەربارەی بەرهەمهێنەرێكی هۆڵیوودە كە وا خۆی دەردەخات بەدوای شوێنێكدا دەگەڕێت بۆ وێنەگرتنی فیلمەكەی، بەڵام لەڕاستیدا بەشاراوەیی لەگەڵ دەزگای هەواڵگری ئەمریكیدا كار دەكات، بەمەبەستی ڕزگاركردنی شەش دیلی ئەمریكی لە ئێران لە ساڵی 1980، بەواتایەكی تر فیلمەكە دەربارەی هۆڵیوودە، هەرچەنێكە لە چیرۆكێكی ڕاستیشەوە وەرگیراوە

ئەم فیلمە لەساڵی 2013، توانی 3 خەڵاتی ئۆسكار بەدەست بهێنێت كە یەكێك لەوانەش خەڵاتی باشترین فیلمی ساڵ بوو!


فیلمی Birdman
kurdcinama

ئەم فیلمە دەربارەی ئاكتەرێكە كە ڕۆژێك لە ڕۆژان یەكێك بووە لە گەورەترین ئەستێرەكانی نواندن، بەڵام لەئێستادا ناوبانگەكەی جارانی نەماوە، بۆیە هەوڵدات لەڕێگەی شانۆگەرییەكەوە كە لە نووسین و دەرهێنان و نواندنی خۆیەتی، بگەڕێتەوە بۆ گەورەییەكەی جارانی، بەواتایەكی تری فیلمەكە دەربارەی هۆڵیوودە

ئەم فیلمە لەساڵی 2015، توانی 4 خەڵاتی ئۆسكار بەدەست بهێنێت كە یەكێك لەوانەش خەڵاتی باشترین فیلمی ساڵ بوو!

ئێستاش با بێینە سەر باسەكەی خۆمان، كە ئەویش فیلمە دیارەكەی ئەمساڵە فیلمی La La Land

kurdcinama

چیرۆكی كچە ئاكتەرێكی لۆس ئانجلۆسە، كە هێشتا لەسەرەتای ژیانی هونەرییەتی و هێشتا هیچ كارێكی نواندنی نەكردووە بەڵكو بەردەوامە لە هەوڵدان و گەڕان بەدوای هەر كارێكدا كە دەستی بكەوێت، و لەم كاتەدا كچەكە كوڕێكی پیانۆژەن دەبینێت كە ئاواتی ئەوەیە یانەیەكی خۆی هەبێت تایبەت بە مۆسیقای جاز بۆ ئەوەی ئەو هونەرە كلتورییە لە لەناوچوون بپارێزێت، كەواتە بەواتایەكی تر وەكو هەر چوار فیلمەكەی پێشووتر ئەم فیلمەش هەر دەربارەی هۆڵیوودە

ئەم فیلمەش بێگومان تاكو ئێستا دەیان خەڵاتی گەورەی بەدەستهێناوە، و بەڕای زۆرینەی ڕەخنەگران خەڵاتی ئۆسكار بۆ باشترین فیلمی ئەمساڵ بەدەست دەهێنێت!

 

بەدڵنیاییەوە من لێرەدا هیچ مەبەستێكم نییە لەكەمكردنەوەی بەهای ئەم فیلمانە، بەڵكو تەنها وەكو نموونەیەك بەكارم هێناون، بۆ دیارخستنی ڕاستی ئەو خۆشەویستییەی هۆڵیوود بۆ خۆی كە هەرگیز كۆتایی پێ نایات. بۆیە بەهیچ شێوەیەك سەرسووڕماو مەبە ئەگەر La La Land پشكی شێری بەركەوت لە ئاهەنگی خەڵاتەكانی ئۆسكاری ئەمساڵ

نووسینی: چێنەر چالاك