close-icon

چوونەژوورەوە

هەڵسانگدنێکی گشتی بۆ فیلمی سویساید سکواد

4296 جار بینراوە

گومان لەوەدانەبوو فیلمی سویساید سکواد یەکێک بوو لە چاوەڕوانکراوترین فیلمەکانی ساڵ و دوای چاوەڕوانیەکی زۆری هەوادارانی کۆمیک و سوپەرهیرۆکان ، فیلمەکە چەند ڕۆژێک لەمەوبەر لە سینەماکان پەخشکرا.
ئەوەی چاوەڕوان نەکراوبوو کاردانەوەی توندی ڕەخنەگران بوو بەگشتی و وێبسایتی ڕۆتن تۆمەیتۆس بەتایبەتی ، کەوا بۆ دووەمجار (دوای فیلمی باتمان دژی سوپەرمان) نمرەیەکی کەمیان بە فیلمێکی دیکەی دی سی دا ، کە ئەویش ڕێژەی ٪٢٦ بوو ، بەڵام وەڵامی کاستی فیلمەکە  سادە بوو بۆ ڕەخنەگران ئەویش بریتی بوو لە "فیلمەکەمان بۆ هەوادارانە نەک بۆ ئێوە" و نووسەری زنجیرە کۆمیکی سویساید سکوادیش گوتی "ڕەخنەگران خۆیان ئامادەکردبوو بۆ وەستانەوە دژی فیلمەکە". ئێمەش لێرەدا هەڵسانگدنێکمان بۆ فیلمەکە ئامادەکردووە لەڕووی هەموو ڕوێکی فیلمەکەوە ، بۆیە تکایە گەر فیلمەکەت نەدیوە ئەم بەشەی خوارەوەی مەخوێنەوە چونکە دەچینە نێو ناوەڕۆکی چیڕۆکی فیلمەکە.  (سپۆیلەر ئەلێرت)

١.چیڕۆکی فیلمەکە :

فیلمەکە لەڕووی سیناریۆوە دەتوانێت بینەر بەخێرایی بە کارەکتەرەکان ئاشنا بکات کەوا ئەمەش خاڵێکی گرینگی سیناریۆکەیە ، و لەسەرەتای فیلمەکەدا بینیمان کەوا ئەماندا واڵەر پرۆفایلی گشت کارەکتەرەکانی نێو فیلمەکە باس دەکات و بەگشتی زۆر بەڕوونی شیان دەکاتەوە.لەدوای مردنی سوپەڕمان لە فیلمی (باتمان دژی باتمان)دا ، جیهان پێویستی بە کۆمەڵێک کەسانی دیکە دەبێت بۆ پارێزگاریکردن لە جیهان ، ئەمەش وا لە ئەماندا واڵەر دەکات کە هەڵسێ بە پێکهێنانی دەستەیەک لە هەندێ کەسانی خراپی بە ئەزموون لە تاواندا  کە ئەوانیش (دێدشۆت ، هارلی کوین،ئێل دیابلۆ ، کیڵەر کڕۆک ، کاپتن بومێرانگ،سلیپنۆت)ن و ئەفسەر ڕیک فلاگ ڕادەسپێرێ بۆ سەرکردایەتی کردنیان ، جگە لەمەش ئەماندا دڵی (ئنچانترێس - جادووگەرەکەی) لایە کەوا لەنێو لەشی دکتۆر جون مونە کە دەکاتە خۆشەویستەکەی ئەفسەر ڕیک فلاگ ، و وا لە فلاگ دەکات کە سەرکردایەتی تیمەکەی بکات بە هەڕەشەکردن لە کوشتنی جادووگەرەکە کە کۆتایی بە دکتۆر مون جونیش دەهێنێت ، بەڵام ڕۆحی جادووگەرەکە دەگات بەلەشی هاوڵاتیەک و ڕۆحی براکەی خۆی دەخاتە ناوئ و دواتر هەر بەهۆی رۆحی براکەیەوە خۆی لەژێر کۆنتڕۆڵی ئەماندا والەر ڕزگاردەکات و بریاردەدات جیهان لەناوبەرێ ، بەمشێوەیە دەستەی خۆکوژی بەڕێدەکەون بەرەو ڕزگارکردنی جیهان.لەنێوەندی ئەم ئەرکەدا هەندێ دیمەنی زۆر جوانی ئەکشنی دەبینینن و پتەوبوونی پەیوەندی نێوان ئەندامانی تیمەکە و ڕۆحیەتی یارمەتیدانی یەکتریش دەبینین کەوا چێژێکی زۆر بەبینەر دەبەخشی و هەبوونی دیمەنی پێکەنیناویش نابێت لەیادبکەین کەوا خاڵێکی وەچەرخانی فیلمەکە بوو و فیلمەکە وەک باتمان دژی سوپەرمان تاریک (دارک) نەبوو ، بۆیە بەگشتی چیڕۆکێکی پوخت و سەرکەوتووی هەبوو هاوشێوەی فیلمی "پارێزەرانی گەردوون – گاردیانس ئۆف زە گالاکسی" ، بۆیە دەبێت بڵێین ڕەخنەگران زوڵمێکی گەورەیان لەم فیلمە کردووە بەپێدانی ئەم نمرەیە.

٢.کارەکتەران و ئەکتەرەکان :

گومان لەوەدانییە کە ئەکتەرانی فیلمەکە گشتیان لێهاتوو بوون و دەکرێ بڵێین گشتیان سەرکەوتوو بوون لەگێڕانی ڕۆڵەکانیان وەک ئەکتەر ماڕگۆت ڕۆبی کەوا نواندنێکی سەرنجڕاکێشی هەبوو لە بەرجەستەکردنی ڕۆڵی هارلی کوین ، هەروەها ویل سمیثیش لەڕۆلی دێدشۆت نواندێکی ئێجگارنایابی هەبوو وەک باوکێک و وەک کەسێکی شەڕانگێز ، جەی کۆرتنی لەڕۆڵی کاپتن بومێرانگ ئەو کەسە بوو کەوا زۆرجار لەنێو فیلمەکەدا بەپێکەنینی دەخستین بەهۆی دەڕبرینە خۆشە ئوسترالیەکانیەوە ئێل دیابلۆش یەکێک بوو لەو کارەکتەرانەی کەوا خۆشەویستیەکی زۆری پەیدا کرد لەلایەن بینەرانەوە،هەرچی کیڵەر کڕۆکیش بوو سەرەڕای کەم قسەکردنی بەڵام بوێرانە یارمەتی تیمەکەی خۆی دەدا ، ماوەتەوە بڵێین ئەکتەر ڤایۆلا دەیڤس لەڕۆلی ئەماندا والەردا زۆر سەرکەوتوو بوو و گومان لەوەدانییە دوایین فیلمی نابێت لە جیهانی سینەمایی دی سی ، هەروەها گشت کاستی فیلمەکەش هەڵبژاردەی زۆرباش بوون ، کە بەهۆی ڕەخنەگرانەوە بەرز نرخاندنی ڕۆڵی ئەکتەرەکان لەیاد کرابوو.

٣. جارید لێتۆ و جۆکەر :

لە ڕاپرسیەکەی وێبسایتی ئای ئێم دی بی کارەکتەری جۆکەر وەک باسکراوترین کارەکتەری ساڵی ٢٠١٦ هەڵبژێردرا ، و بێگومان ئەکتەر جارید لێتۆ لەم ماوە کەمەی دەرکەوت لە فیلمەکە سەرنجێکی زۆری بینەرانی ڕاکێشا بە پێکەنینە سەیرەکەی و خۆشەویستیەکەی بۆ هارلی کوین.ئەوەی کە خودی ئەکتەر جارید لێتۆش لێی ناڕازی بوو دابینکردنی کاتێکی کەم بوو بۆ جۆکەر ، کەوا هەندێ دیمەنی جۆکەر بۆ وەشانە سینەماییەکە بڕدرابوو و دانەنرابوو و دەرکەوتنی جۆکەر تەنها ١٥ خولەکێک دەبوو کە کاتێکی  زۆر کەمە بۆ باسکراوترین کارەکتەری ساڵ ، بەڵام نابێت ئەوەش لەیادبکەین کەوا هێشتا چانسی بینینەوەی جۆکەرمان ماوە لەفیلمەکانی داهاتوو تا ئەوکاتە ناتوانین بڕیارێکی تەواو لەسەر ڕۆڵەکەی ئەکتەر جارید لێتۆ بدەین بەهۆی کەمی دەرکەوتنەکەی.