بیلال زەنگەنە

ژیاننامە

     بیلال زەنگەنە لە ساڵی ١٩٩٦ لە شاری کەلار لە دایک بووە، دەستپێکی کارکردنی لە سینەما ئەگەڕێتەوە بۆ دوای تەواوکردنی خوێندنی ئامادەیی و سەرەتای بوون بە خوێندکار لە کۆلێژی هونەر لە زانکۆی صلاح الدین، بەڵام چەند ساڵ لەوەو پێش خولیایەکی زۆری هەبووە بۆ سینەما و سەیری زۆرێک لە فیلم و سینەمای وڵاتان و نەتەوە جیا جیاکانی کردووە و شارەزای سینەما و مێژووی سینەمای زۆرێک لە وڵاتان بووە، دواتر تیۆری سینەمای خوێندووەتەوەو گەڕاوە بە دوای زانیاری سەبارەت بە بابەتە سینەماییەکان، بە ڕۆشتنی بۆ بەشی سینەما و خوێندنی ئەکادیمی لەو بوارە، توانیویەتی تیۆری و پراکتیکی کار لە کۆمەڵێک کورتە فیلم بکات، چونکە لە شاری کەلار دەرفەتی بۆ نەدەڕەخسا کار بکات بەڵام لە هەولێر لەگەڵ خوێندنی ئەکادیمی هەلی بۆ ڕەخساوەو توانیویەتی کۆمەڵێک کاری هونەری بکات و بەرهەمەکانی وەکو دەستپێک و ئەزموونێکی سەرەتایی سەیر کردووە نەک وەک کارێکی پرۆفیشناڵ.

     وەکو ئەکتەر بەشدار بووە لەم کورتە فیلمانە (مراز - قەڵەم - (2-1=0)، گرێ - کاتژمێر 5 ی ئێوارە - پێچەوانە - بەفری گەرم - لێواری مەرگ)، وە کاری نووسین و دەرهێنانی کردووە بۆ کورتە فیلمی (لێواری مەرگ) و یاریدەدەری دەرهێنەر بووە لەم کورتە فیلمانە (ئەو دیو سنوور - فلاش باک - لۆنا، یاسەمین - گەڕانەوە بۆ سرووشت - فیلمی دیکۆمێنتەری پەیکەرتاشی).

     دەنگ هەڵگر بووە لە هەردوو کورتە فیلمی (دارکونکەرە) و (ئایا هەم)، کلاکێت و ڕاکوار لە هەردوو کورتە فیلمی (ئایا دەزانیت) و (دوایین ژەنین)، پرۆداکشن لە کورتە فیلمە (حەز).

    خاوەنی بڕوانامەی خولێکی سینەماییە لەلایەن سەندیکای هونەرمەندانی میسر و وە کارکردنی لە کۆمەڵێک کار و چالاکی هونەری دیکەدا و ئێستاش بەردەوامە لێیان، وە دوایین کاری زنجیرەیەکی تەلەڤیزیۆنییە کە لە هەولێر وێنە دەگیرێت و وەک یاریدەدەری دووەمی دەرهێنەر کار ئەکات.